كۆنفڕانسی لامه‌ركه‌زی كارگێڕی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

Slider

 

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٦/٢/٢٠١٩، له‌ هۆڵی كۆنفرانسی فاكه‌ڵتی زانست،  به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. نه‌هرۆ زاگرۆس" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری زانستی و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ راگر و قوتابی و مامۆستایان و هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌ستانی ئیداری ده‌ڤه‌ره‌كه‌، كۆنفڕانسی لامه‌ركه‌زی كارگێڕی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان یه‌كه‌ی توێژینه‌وه‌ی یاسایی و سیاسی فاكه‌ڵتی یاسا و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یمانگه‌ی كوردی بۆ هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی رێكخرابوو، به‌ڕێوه‌چوو.

له‌سه‌ره‌تای كۆنفڕانسەكه‌دا، به‌ڕێز "د. نه‌هرۆ زاگرۆس" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری زانستی، وتاری به‌خێرهاتنی پێشكه‌شكرد. ناوبراو له‌ دووتوێی وته‌كانیدا وێڕای به‌خێرهێنانی میوانه‌كان، ئاماژه‌ی به‌ گرنگی كۆنفڕانسەكه‌دا كرد، به‌ تایبه‌تی له‌ سۆنگه‌ی گرنگی لامه‌ركه‌زیه‌ت، وه‌ك ده‌ستپێكێ بۆ پڕۆسه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن و ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ندین سمینار و دیداری زانستی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ.

دواتر ئه‌نجامی ڕاپرسییه‌كی په‌یمانگه‌ی كوردی بۆ هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی خرایه‌ڕوو، كه‌ به‌ به‌شداری  ١٥٠٠ كه‌س له‌ پێنج قه‌زای جیاواز، ئه‌نجام درابوو. ده‌رئه‌نجامی ڕاپرسییه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، كه‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ به‌شداربووان پێیان وایه‌، لامه‌ركه‌زی كارگێڕی پێویسته‌ و خزمه‌تی زیاتر به‌ هاوڵاتیان ده‌كات.

دواتر پانێله‌كان ده‌ستیان پێكرد. له‌ پانێڵی یه‌كه‌مدا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان (پ. د. كامه‌ران صاڵحی، م. ئارام جه‌مال، م. ماجیده‌ عه‌لی)، به‌ سێ بابه‌تی جیاواز به‌شداربوون.

له‌ پانێڵی دووه‌میشدا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان (د. محمد شه‌هاب، م. سۆران عه‌لی، م. مه‌هد أمین عه‌بدوڵڵا) به‌شداربوون.

 

راپۆرت: زێبار عه‌زیزخان مهاجیر

وێنه‌: زانا تاهیر، دڵشاد