زانكۆی سۆران و زانكۆی كوردستان له‌ سنه‌، یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژۆكرد

51910937 1890681424393891 8165711575433347072 N

 

رۆژی سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٢/٢/٢٠١٩، شاندێكی زانكۆی كوردستان له‌ شاری سنه‌، به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز "د. فەردین ئەخلاقیان" سه‌رۆكی زانكۆی كوردستان، سه‌ردانی زانكۆی سۆرانی كرد و له‌ لایه‌ن شاندێكی زانكۆی سۆرانه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆ، پێشوازی لێكرا.

دواتر له‌ دانیشتنێكی تایبه‌ت و تێروته‌سه‌لدا، هه‌ردوو شاند، له‌ كه‌شێكی زۆر ئه‌رێنیدا، چه‌ندین بابه‌تی جیاوازیان تاوتوێكردن.

سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، خۆشحاڵی بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌ربڕی و هیوای خواست كه‌ دوو زانكۆ بتوانن پێكه‌وه‌ له‌ بواره‌ ئه‌كادیمییه‌ جیاوازه‌كاندا، كاری هاوبه‌شی به‌پێز و ئاستبه‌رز بكه‌ن. هه‌ر له‌ قسه‌كانیدا، به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ، ئاماژه‌ی به‌ شوێن و پێگه‌ی زانستی زانكۆی سۆران له‌ ئاستی زانكۆكانی هه‌رێم و هه‌روه‌ها پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كرد و تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ زانكۆی سۆران به‌ ستانداردێكی زانستی ئاستبه‌رز و به‌ دنیابینییه‌كی كراوه‌وه‌ كارده‌كات و هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای كردووه‌، شوێن و پێگه‌ی خۆی زۆر به‌ باشی جێگیر بكات.

دواتر به‌ڕێزان له‌ زانكۆی سنه‌ وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بۆ سه‌ردانی زانكۆی سۆران، له‌ پرێزنته‌یشنێكدا سه‌باره‌ت به‌ زانكۆكه‌یان دوان و به‌ هه‌مان شێوه‌ هیوایان خواست كه‌ دوو زانكۆ، بتوانن كاری هاوبه‌شی زانستی به‌هێز بكه‌ن.

ئینجا دوای گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌ل و هه‌مه‌لایه‌نه، دوو زانكۆ یاداشتێكی لێكگه‌یشتنیان واژۆكرد و به‌ پێی ئه‌م یاداشته‌، له‌ داهاتوودا له‌ چه‌ندین بواری وه‌ك: ئاڵوگۆڕی قوتابی و ستافی ئه‌كادیمی، سه‌رپه‌رشتیاری زانستی له‌ ئاستی خوێندنی باڵا، كۆنفرانسی زانستی، كاری هاوبه‌ش ده‌كه‌ن.

شایەنی گوتنە کە ئەم هەنگاوە دەتوانێ دەرفەتێکی باش بێ بۆ مامۆستایان و قوتابییانی هەردوو زانکۆ، تا توانستە ئەکادیمییەکانیان پەرەپێبدەن و دەرفەتی نوێتر بخوڵقێنن.