رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٨/٤/٢٠١٩، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ، چه‌ندین توێژه‌ر له‌ زانكۆی سۆران و ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و قوتابییان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ حكومییه‌كان، به‌شی جوگرافیای فاكه‌ڵتی ئاداب، یه‌كه‌مین كۆنفرانسی خۆی به‌ ناونیشانی (ئاستی گه‌شه‌پیدانی گه‌شتوگوزار له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران)، به‌ڕێوه‌برد.

له‌ سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌دا، دوای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان، به‌رێز سه‌رۆكی زانكۆ وتارێكی پێشكه‌شكرد. له‌ وتاره‌كه‌یاندا، سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنی هه‌موو میوانان و توێژه‌رانی كرد و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی كه‌ زانكۆی سۆران بۆ جارێكی تر توانی ببێته‌ چه‌ترێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك توێژه‌ر، تا به‌ هاوفكری و گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا، بتوانن وه‌ڵام بۆ كێشه‌ و پرسیاره‌كان بدۆزنه‌وه‌.

له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یاندا به‌ڕێزیان گوتی: ئه‌م كۆنفرانسه‌ی ئه‌مڕۆ، كۆنفرانسێكی زۆر گرنگه‌ له‌ روانگه‌ی ئێمه‌وه‌، چونكه‌ مه‌ودا و سنووری باسه‌كه‌ی، یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه‌ی، كه‌ وه‌كو رایه‌ڵێكی به‌هێزی پێوه‌ندییه‌ له‌ پێكبه‌ستنی مه‌ودا جیاوازه‌كانی ژیانی مرۆیی. ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌رچی باس له‌ گه‌شتوگوزار ده‌كه‌ین و هه‌ستده‌كه‌ین بابه‌تێكی تایبه‌ته‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا باس له‌ سرووشت، ئابووری، مێژوو، كولتوور، هونه‌ر، رێڕه‌وی گه‌شه‌ی شارستانییه‌تی مرۆیی و زۆر بابه‌تی دیكه‌ش ده‌كه‌ین. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ وای كردووه‌، گه‌شتوگوزار ببێته‌ یه‌كێك له‌ پیشه‌سازییه‌ پڕجوڵه و زانسته‌ پڕباسه‌كان.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ گرنگی گه‌شتوگوزار له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ گوتی: ئه‌گه‌ر گه‌شتوگوزار بۆ هه‌ر وڵاتێكی پێشكه‌وتوو جارێك گرنگ بێت، ئه‌وا بۆ ئێمه‌‌، دووجار گرنگه‌. له‌ راستیدا، ئه‌گه‌ر بێت و روانینێكی زانستی و به‌رنامه‌یه‌كی ستراتیژیمان هه‌بێ، گه‌شتوگوزار ده‌رفه‌تێكی زێڕینه‌‌ بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان. هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی له‌ حالی گه‌شه‌، زیاد له‌ هه‌ر شتێكی تر پێویستی به‌ سه‌قامگیری هه‌یه‌. گه‌شتوگوزار له‌ زۆر ره‌هه‌ندی وه‌ك گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی، گه‌شه‌ی ئابووری، ره‌خساندنی هه‌لی كار، هێوری ده‌روونی، ئاوێته‌بوونی كولتووری، ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی، كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر ئه‌وانی تر و....هتد، ده‌توانێ پێداویستییه‌كانی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌مان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامه‌كه‌ی شتێك نییه‌ جگه‌ له‌ گه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وام و پایه‌دار.

دواتر وتاری لیژنه‌ی ئاماده‌كار له‌ لایه‌ن به‌ڕێز"پ.ی.د. ئامانج ئه‌حمه‌د" سه‌رۆكی به‌شی جوگرافیا و هه‌روه‌ها سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنفرانس خوێندرایه‌وه‌.

پاش وتاره‌كه‌ی به‌ڕێزیان له‌ دو پانێلی جیاوازدا، چه‌ندین توێژینه‌وه‌ پێشكه‌شكران، كه‌ سه‌رجه‌میان تیشكیان خستبووه‌ سه‌ر تایبه‌تمه‌ندی و توانسته‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران.

ده‌قی وتاری به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ:

ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست

مامۆستایان و توێژه‌رانی ئازیز

سه‌ره‌تا به‌ ناوی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆرانه‌وه‌، زۆر به‌خێرهاتنی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م. خۆشحاڵین كه‌ بۆ جارێكی دیكه‌ش زانكۆكه‌مان به‌ هه‌ڵبژاردنی بابه‌تێكی گرنگی په‌یوه‌ست به‌ ژیانی رۆژانه‌مان و ئه‌نجامدانی كۆنفرانسێكی زانستی، بووه‌ چه‌ترێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ندین ئه‌كادیمی و توێژه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هاوفكری و گۆڕینه‌وه‌ی بیرووڕا، بتوانن وه‌ڵامێكی شیاو بۆ پرسیاره‌كانمان بدۆزنه‌وه‌.

به‌ڕێزان

هه‌روه‌ك هه‌میشه‌ گوتوومانه‌ و باوه‌ڕمان پێ بووه‌ و كارمان له‌سه‌ركردووه‌، به‌شێكی گرنگ له‌ ئه‌ركی هه‌ره‌ له‌ پێشینه‌ی زانكۆ له‌ ناو هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا، پێویسته‌ بریتی بێت له‌ تیشك خستنه‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ژیانی رۆژانه‌ی تاكه‌كان و ره‌وتی به‌ره‌وپێشچوونی ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌م رێڕه‌وه‌دا، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌عریفه‌ له‌ ئاستێكی باوه‌ڕپێكراوی باڵادا به‌رهه‌م دێت، راسته‌وخۆش ده‌خرێته‌ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌. ئه‌م كۆنفرانسه‌ی ئه‌مڕۆش، به‌شێكه‌ له‌ درێژه‌ی ئه‌و ستراتیژه‌. زانكۆی سۆران ئه‌مڕۆ به‌ سه‌رنج خستنه‌سه‌ر بابه‌تێكی هه‌ستیاری وه‌ك گه‌شتوگوزار له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران، به‌ به‌شێكی دیكه‌ له‌و ئه‌ركه‌ ئه‌خلاقی و پیشه‌ییه‌ی خۆی هه‌ڵده‌ستێ و، زانست و ئه‌زموونی توێژه‌ران بۆ شڕۆڤه‌ی بابه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌كاردێنێ.‌

هێژایان

ئه‌م كۆنفرانسه‌ی ئه‌مڕۆ، كۆنفرانسێكی زۆر گرنگه‌ له‌ روانگه‌ی ئێمه‌وه‌، چونكه‌ مه‌ودا و سنووری باسه‌كه‌ی، یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه‌ی، كه‌ وه‌كو رایه‌ڵێكی به‌هێزی پێوه‌ندییه‌ له‌ پێكبه‌ستنی مه‌ودا جیاوازه‌كانی ژیانی مرۆیی. ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌رچی باس له‌ گه‌شتوگوزار ده‌كه‌ین و هه‌ستده‌كه‌ین بابه‌تێكی تایبه‌ته‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا باس له‌ سرووشت، ئابووری، مێژوو، كولتوور، هونه‌ر، رێڕه‌وی گه‌شه‌ی شارستانییه‌تی مرۆیی و زۆر بابه‌تی دیكه‌ش ده‌كه‌ین. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ وای كردووه‌، گه‌شتوگوزار ببێته‌ یه‌كێك له‌ پیشه‌سازییه‌ پڕجوڵه و زانسته‌ پڕباسه‌كان.

گرنگی گه‌شتوگوزار له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا، له‌ ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، وای كردووه‌ كه‌ زۆربه‌ی زۆری وڵاتان، به‌ وه‌پێشگرتنی سیاسه‌تی گونجاو و به‌رنامه‌ڕێژی ستراتیژی، داهاتووی وڵاتی خۆیان به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌رن. چونكه‌ په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزار و ئه‌نجامه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كانی، به‌ سه‌رنجدان له‌ ئه‌زموونی وڵاتانی پێشكه‌وتوو له‌و بواره‌دا، ئه‌وه‌ روونده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ستانداره‌كانی ژیان و به‌دیهێنانی ژیانێكی شایسته‌ و ئاستبه‌رز بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا.

خۆشه‌ویستان

ئه‌گه‌ر گه‌شتوگوزار بۆ هه‌ر وڵاتێكی پێشكه‌وتوو جارێك گرنگ بێت، ئه‌وا بۆ ئێمه‌‌، دووجار گرنگه‌. له‌ راستیدا، ئه‌گه‌ر بێت و روانینێكی زانستی و به‌رنامه‌یه‌كی ستراتیژیمان هه‌بێ، گه‌شتوگوزار ده‌رفه‌تێكی زێڕینه‌‌ بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان. هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی له‌ حالی گه‌شه‌، زیاد له‌ هه‌ر شتێكی تر پێویستی به‌ سه‌قامگیری هه‌یه‌. گه‌شتوگوزار له‌ زۆر ره‌هه‌ندی وه‌ك گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی، گه‌شه‌ی ئابووری، ره‌خساندنی هه‌لی كار، هێوری ده‌روونی، ئاوێته‌بوونی كولتووری، ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی، كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر ئه‌وانی تر و....هتد، ده‌توانێ پێداویستییه‌كانی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌مان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامه‌كه‌ی شتێك نییه‌ جگه‌ له‌ گه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وام و پایه‌دار.

به‌ خۆشییه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رمایه‌یه‌كی مه‌زنی گه‌شتیارییی هه‌یه‌ و توانسته‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌توانن ئاسۆیه‌كی گه‌ش له‌به‌رده‌م ئه‌م پیشه‌سازییه‌، به‌دیبێنن. به‌ڵام ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ زانست و وردبینی زانستی هه‌یه‌. سه‌رنجڕاكێشییه‌ گه‌شتیارییه‌كانی وڵاته‌كه‌مان و به‌ تایبه‌ت ده‌ڤه‌ری سۆران، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن، كه‌ توانسته‌ گه‌شتیارییه‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ر و ڵاته‌‌، چ له‌ روی سروشتییه‌وه‌ و چ له‌ رووی مرۆییه‌وه‌، هیچیان له‌ توانسته‌ گه‌شتییارییه‌كانی وڵاته‌كانی دیكه‌ كه‌متر نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ ئێمه‌ به‌ روانینێكی زانستی و به‌ وه‌پێشگرتنی ستراتیژێكی به‌هێز، سه‌رنجیان بخه‌ینه‌سه‌ر و رێگاكانی گه‌شه‌پێدانی بۆ هه‌موار بكه‌ین. پێویسته‌ هه‌وڵبده‌ین ناسنامه‌ی سه‌رنجڕاكێشییه‌‌ گه‌شتیارییه‌كانی وڵاته‌كه‌مان بپارێزین. ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ هه‌ره‌ به‌هێز و كاریگه‌ره‌كانی گه‌شتوگوزار له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران ژینگه‌كه‌ی بێت، ده‌بێ له‌ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ڕێژی گه‌شتوگوزارماندا، ئاگاداری ژینگه‌ی زیندوو بین و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یگۆڕین بۆ ژینگه‌ی مردوو، چونكه‌‌ سرووشت و فه‌لسه‌فه‌ی گه‌شتوگوزار، هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ چۆن ده‌توانێ كار له‌سه‌ر ژینگه‌ی مردوو بكات و بیكاته‌ سه‌رنجڕاكێشییه‌كی گه‌شتیاری زیندوو. به‌مشێوه‌یه‌ ئێمه‌ هه‌م ده‌توانین ناسنامه‌ی گه‌شتیاری خۆمان هه‌مه‌جۆر بكه‌ین و هه‌م سه‌رنجڕاكێشی گه‌شتیاریشمان فراوانتر.  دواجار، به سه‌رنجدان له‌‌و داینامیكیه‌ت و جوڵانه‌ زۆره‌ی كه‌ له‌ گه‌شتوگوزار و پیشه‌سازییه‌كه‌یدا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ربێت و وردبینییه‌كی زانستی و توانایه‌كی داهێنه‌رانه‌مان هه‌بێ، ده‌توانین بیكه‌ین به‌ یه‌كێك له‌ كایه‌ هه‌ره‌ كاریگه‌ره‌كانی گه‌شه‌ی كولتووری و ئابووری وڵاته‌كه‌مان.

هیوادارین ئه‌م كاره‌ زانستییه‌ی به‌شی جوگرافیای فاكه‌ڵتی ئاداب، هه‌نگاوێكی به‌هێز و كاریگه‌ر بێت، كه‌ بتوانێ به‌ باشی په‌نجه‌ له‌سه‌ر به‌شێكی گرنگ له‌و توانسته‌ گه‌شتیارییانه‌ دابنێ، كه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان هه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ به‌رچاوڕوونیییه‌كی باش بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، تا وه‌ك سه‌رمایه‌یان تێدا بجوڵێنن ودواجار گه‌شه‌یه‌كی كاریگه‌ری پێبده‌ن.

جارێكی دیكه‌ش وێڕای به‌خێرهێنانی میوانان و توێژه‌رانی به‌ڕێز بۆ ئه‌م كۆنفرانسه‌، ده‌ستخۆشی و سوپاسی خۆم ئاڕاسته‌ی راگرایه‌تی فاكه‌ڵتی ئاداب و سه‌رۆكایه‌تی به‌شی جوگرافیا و لیژنه‌ی ئاماده‌كار ده‌كه‌م، كه‌ به‌ هه‌وڵی دڵسۆزانه‌یان ئه‌م كۆنفرانسه‌یان گه‌یانده‌ ئه‌نجام.

زۆر سوپاس بۆ گوێگرتنتان

هه‌ر شاد بن.

 

56317665_2417934704918335_8115726252121260032_n.jpg 56395157_2417933901585082_2543327393280425984_n.jpg 56408586_2417932491585223_1878464338440749056_n.jpg

56443030_2417931124918693_1858664315867889664_n.jpg 56447520_2417935361584936_8876969159062192128_n.jpg 56456124_2417934064918399_6696062530831253504_n.jpg

56461082_2417933824918423_2891962339806937088_n.jpg 56462523_2417935134918292_379717083681783808_n.jpg 56468316_2417932174918588_8270875275605049344_n.jpg

56470339_2417933721585100_3515791629287948288_n.jpg 56481833_2417932088251930_3477333130614931456_n.jpg 56500744_2417934321585040_3330353512885256192_n.jpg

56513031_2417933474918458_8047446004510752768_n.jpg 56541929_2417933984918407_863864978610847744_n.jpg 56553766_2417933378251801_839028552832647168_n.jpg

56587614_2417931368252002_9102893445378211840_n.jpg 56595394_2417934941584978_1905155142118801408_n.jpg 56606379_2417934231585049_445415776774520832_n.jpg

56611689_2417934191585053_6602842275716268032_n.jpg 56635120_2417932374918568_918462710251782144_n.jpg 56640125_2417932734918532_761198277935759360_n.jpg

56644957_2417931404918665_2418712129822523392_n.jpg 56706191_2417934401585032_2838477532976644096_n.jpg 56745566_2417934604918345_3836921338962903040_n.jpg

56759208_2417933671585105_5110320576052854784_n.jpg 56781200_2417933601585112_4801269809062871040_n.jpg 56828103_2417931711585301_4388922956890243072_n.jpg

56842636_2417938388251300_866625809358520320_n.jpg 56919367_2417934808251658_1225249681584422912_n.jpg 56927176_2417935444918261_1473335612600745984_n.jpg

56966786_2417938294917976_503308431231287296_n.jpg 56966819_2417935051584967_1968102333132832768_n.jpg 56973885_2417948228250316_5088199879570751488_n.jpg

56993942_2417931754918630_4667861270081306624_n.jpg 57083524_2417938201584652_1176527091542261760_n.jpg 57154237_2417935248251614_5082472957293363200_n.jpg

sli.jpg