Deprecated: Methods with the same name as their class will not be constructors in a future version of PHP; ExposeBrowser has a deprecated constructor in /home/soranedu/public_html/libraries/expose/libs/browser.php on line 135
زانکۆی سۆران - دیداری "كوردستانێكی به‌هێزتر له‌ ناوچه‌یه‌كی شڵه‌ژاودا" به‌ڕێوه‌چوو

دیداری "كوردستانێكی به‌هێزتر له‌ ناوچه‌یه‌كی شڵه‌ژاودا" به‌ڕێوه‌چوو

Slii

 

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٩/٦/٢٠١٩، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی و سیاسی، فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌نده‌ییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆی سۆران، دیداریكی له‌ژێر ناونیشانی (كوردستانێكی به‌هێزتر له‌ ناچه‌یه‌كی شڵه‌ژاودا)، به‌ڕێوه‌برد.

له‌ ده‌ستپێكی دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز "د. هێمن میرانی" راگری فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، وتارێكی پێشكه‌شكرد. له‌ وتاره‌كه‌یاندا، وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان، تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگی دیداره‌كه‌ و گونجانی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ئێستای كوردستان و ناوچه‌كه‌. دواتر به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان و سوپاسی رێكخه‌رانی دیداره‌كه‌، گوتی: "ئه‌ركی ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كانه‌، به‌ دیدێكی واقیعبینانه‌، به‌ میتۆدۆلۆجییه‌كی زانستی، به‌ بیرێكی تیژ و به‌ دوور له‌ پۆپۆلیزمی سیاسی، سه‌رنج بخه‌نه‌‌ سه‌ر رووداوه‌كان و شڕۆڤه‌یان بكه‌ن. له‌م رێگه‌یه‌وه،‌ ئێمه‌ هه‌م به‌ ئه‌ركی پیشه‌یی خۆمان هه‌ستاوین، له‌ به‌رهه‌مهێنانی زانست و مه‌عریفه‌‌ و، هه‌م ئه‌ركی ئه‌خلاقیشمان له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا به‌ جێ گه‌یاندووه‌، تا سیاسه‌تمه‌داران و به‌ڕێوه‌به‌رانی وڵات بتوانن له‌ به‌رهه‌می ئه‌و هزر و روانینانه‌ سوودوه‌رگرن و، ئاسانتر بتوانن له‌ گه‌یاندنی میله‌ت به‌ ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كان، سه‌ركه‌وتوو بن. له‌ راستیدا ئێمه‌ پێمان وایه‌، ناوه‌نده‌ زانستییه‌كان به‌ به‌رهه‌م و توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كانیان، ده‌توانن ببنه‌ پردی گه‌یاندنی خولیا و خه‌ونه‌كان به‌ واقیع."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یاندا و له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كانی دیداره‌كه‌، به‌ڕێزیان گوتی: "ئه‌م دیداره‌، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌ چوار ره‌هه‌ندی گرنگه‌وه‌، میكانیزمه‌كانی ئه‌و به‌هێزتر كردنه‌ی كوردستانمان بۆ ده‌خاته‌ پێشچاو، كه‌ ده‌توانین له‌مانه‌دا كورتیان بكه‌ینه‌وه‌: ره‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی، ره‌هه‌ندی گوتاری كورد و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ خودی خۆی و به‌رامبه‌ره‌كانی، یه‌كسانی و ته‌بایی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و، هه‌روه‌ها ره‌هه‌نده‌ یاسایی و ئه‌خلاقییه‌كانی سه‌پاندنی زۆره‌ملێی رۆحی كۆڵۆنیالیزم و چۆنیه‌تی ده‌ربازبوون له‌و زنجیره‌. "

له‌م دیداره‌دا، كه‌ له‌ دوو پانێلی جیاوازدا به‌ڕێوه‌چوو، چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك به‌شداربوون و بابه‌تیان پێشكه‌شكرد، كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بوو:

1ــ مایكڵ برێنجت،  لێكۆڵه‌ر له‌ دامه‌زراوه‌ی هێدسن له‌ واشنتن،(به‌دواگه‌ڕنی سه‌ركردایه‌تی و كاریگه‌ری ئه‌مریكا له‌ عێراق).

2ــ د. عادل باخه‌وان، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری سۆسیۆلۆژیای عێراق/ زانكۆی سۆران، توێژه‌ری هاریكار له‌ په‌یمانگه‌ی فه‌ڕه‌نسی بۆ په‌یوه‌ندییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ پاریس، (رامان له‌ گوتاری كوردستانی به‌هێز له‌ عێراقێكی یه‌كگرتوودا).

3ــ پ.د. كه‌مال یوسف عۆدیشۆ، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی زانكۆی سۆران،(سیاسه‌تی گشتیه‌كی و یه‌كسانخوازیی له‌ پێكهاته‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان، داهاتوویه‌ك له‌ درووستكردندا).

4ــ د. سۆران به‌رزنجی، مامۆستای له‌ فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆی سۆران، (قه‌تیسكردنی زۆره‌ملێیانه‌ی كوردستان له‌ ناوچه‌یه‌كی نائارامدا: ئاسۆكانی ده‌ربازبوون).

پێویسته‌ بگوترێ كه‌ دوای پێشكه‌شكردنی بابه‌ته‌كان و گفتوگۆی گه‌رمی ئاماده‌بووان، به‌رێز راگری فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوه‌ندییه‌كان، وته‌ی كۆتایی پێشكه‌شكرد و كۆتایی به‌ دیداره‌كه‌ هێنا.

پێویسته‌ بگوترێ، ئامادبووانی دیداره‌كه‌، ئه‌م هه‌وڵه‌ی زانكۆی سۆرانیان له‌م كات و ساته‌دا، زۆر به‌ گرنگ وه‌سفكرد و هیوایان خواست كه‌ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان كاری زیاتری له‌مشێوه‌یه‌ ئه‌نجامبده‌ن.

ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی زانكۆ:

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز

خوشك و برایانی خۆشه‌ویست

میوانانی هێژا

سه‌ره‌تا به‌ ناوی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆران، زۆر به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنتان ده‌كه‌ین و، خۆشحاڵین كه‌ توانیمان ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ی ئه‌كادیمی بڕه‌خسێنین و پێكه‌وه‌ كۆبینه‌وه‌ و، سه‌باره‌ت به‌ رۆژه‌ڤه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، گفتوگۆ و راوێژ بكه‌ین. به‌ تایبه‌تی به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی ئه‌و میوانه‌ به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ له‌ رێگای دووره‌وه‌ ته‌شریفیان هێناوه‌ و ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڵمانن.

خۆشه‌ویستان

ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی باوه‌ڕمان به‌وه‌ هه‌بێ، كه‌ هه‌ر بڕگه‌یه‌كی مێژوویی خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی و ده‌توانێ زۆر خاڵی وه‌رچه‌رخان له‌ خۆی بگرێ، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانین بڵیین، ئه‌م بڕگه‌یه‌ی كه‌ ئێستا ئێمه‌ و هه‌رێمه‌كه‌مانی تێدایه‌، یه‌كێك له‌ هه‌ستیارترین قۆناغه‌كانی خۆی تێده‌په‌ڕێنێ. هه‌ستیاری به‌و مانایه‌ی، كه‌ ئێمه‌ی كورد له‌ ناو جه‌رگه‌ی ناوچه‌یه‌كی ئاوس به‌ كۆمه‌ڵێك رووداو و به‌سه‌رهاتی چاوه‌ڕواننه‌كراوین، كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا، ده‌توانن هه‌م مایه‌ی خۆشبه‌ختی بن و هه‌م به‌ پێچه‌وانه‌كه‌شی. بۆیه‌ ئه‌ركی ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كانه‌، به‌ دیدێكی واقیعبینانه‌، به‌ میتۆدۆلۆجییه‌كی زانستی، به‌ بیرێكی تیژ و به‌ دوور له‌ پۆپۆلیزمی سیاسی، سه‌رنج بخه‌نه‌‌ سه‌ر رووداوه‌كان و شڕۆڤه‌یان بكه‌ن. له‌م رێگه‌یه‌وه،‌ ئێمه‌ هه‌م به‌ ئه‌ركی پیشه‌یی خۆمان هه‌ستاوین، له‌ به‌رهه‌مهێنانی زانست و مه‌عریفه‌‌ و، هه‌م ئه‌ركی ئه‌خلاقیشمان له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا به‌ جێ گه‌یاندووه‌، تا سیاسه‌تمه‌داران و به‌ڕێوه‌به‌رانی وڵات بتوانن له‌ به‌رهه‌می ئه‌و هزر و روانینانه‌ سوودوه‌رگرن و، ئاسانتر بتوانن له‌ گه‌یاندنی میله‌ت به‌ ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كان، سه‌ركه‌وتوو بن. له‌ راستیدا ئێمه‌ پێمان وایه‌، ناوه‌نده‌ زانستییه‌كان به‌ به‌رهه‌م و توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كانیان، ده‌توانن ببنه‌ پردی گه‌یاندنی خولیا و خه‌ونه‌كان به‌ واقیع.

هێژایان

ناونیشانی ئه‌م دیداره‌ی زانكۆی سۆران، ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌، كه‌ بنیاتنانی كوردستانێكی به‌هێزتر له‌ هه‌میشه‌، هه‌روا ئامانجی‌ مه‌زنه‌‌. ره‌نگه‌ له‌م بڕگه‌یه‌دا، به‌ سه‌رنجدان له‌و پێشهاته‌ سیاسییانه‌ی، كه‌ له‌م دواییانه‌دا چ له‌ ئاستی ناوخۆیی و چ نێوده‌وڵه‌تیدا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، ئه‌وه‌ جێگه‌ی باس نه‌بێت، كه‌ مه‌به‌ستمان له‌ كوردستانی به‌هێز له‌ چ فۆرم و قه‌واره‌یه‌كه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه‌، تیشكخستنه‌ سه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌یه‌، كه‌ چۆن ده‌توانێ خۆی زیاتر له‌ جاران به‌هێزتر بكات و نیشان بدات. ئه‌م دیداره‌، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌ چوار ره‌هه‌ندی گرنگه‌وه‌، میكانیزمه‌كانی ئه‌و به‌هێزتر كردنه‌ی كوردستانمان بۆ ده‌خاته‌ پێشچاو، كه‌ ده‌توانین له‌مانه‌دا كورتیان بكه‌ینه‌وه‌: ره‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی، ره‌هه‌ندی گوتاری كورد و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ خودی خۆی و به‌رامبه‌ره‌كانی، یه‌كسانی و ته‌بایی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و، هه‌روه‌ها ره‌هه‌نده‌ یاسایی و ئه‌خلاقییه‌كانی سه‌پاندنی زۆره‌ملێی رۆحی كۆڵۆنیالیزم و چۆنیه‌تی ده‌ربازبوون له‌و زنجیره‌.

هیوادارین له‌ میانه‌ی ئه‌م دیداره‌ی زانكۆی سۆران و پێشكه‌شكردنی ئه‌م بابه‌تانه‌ و گفتوگۆی ئێوه‌ خۆشه‌ویستان، هه‌موومان پێكه‌وه‌ بتوانین، رۆڵمان هه‌بێ له‌ دانانی بناغه‌ی كوردستانێكی به‌هێزتر له‌ هه‌میشه‌.

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز:

له‌ كۆتاییدا به‌ پێویستی ده‌زانم سووپاسی توێژه‌رانی به‌ڕێزی به‌شداری ئه‌م دیداره‌ و، هه‌روه‌ها راگرایه‌تی فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌م، كه‌ به ته‌رخانكردنی كات،‌ پشوودرێژی و هه‌وڵی به‌رده‌وام و ماندوونه‌ناسی، توانیان ئه‌م دیداره‌ گرنگه‌، به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن.

زۆر سپاس بۆ گوێگرتنتان.

هه‌ر شاد بن.