زانكۆی سۆران به‌رده‌وامه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی

Patras University

 

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٤/٨/٢٠١٩، هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و "نیكۆلس كارمانۆس" جێگری سه‌رۆكی زانكۆی پاتره‌س ی یۆنانی، واژۆیان له‌سه‌ر یاداشتێكی لێكگه‌یشتن كرد، بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی ئه‌كادیمی نێوانیان و ئه‌نجامدانی كاری هاوبه‌ش.

له‌ لێدوانێكدا بۆ راگه‌یاندنی زانكۆ، به‌ڕێز "پ.د. كه‌مال كۆلۆ" سه‌رۆكی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی زانكۆی سۆران گوتی، ئه‌و یاداشتی لێكگه‌یشتنه‌ كه‌ تایبه‌تمه‌ندی جێبه‌جێكاری خێرای هه‌یه‌، كاری رێكخستن و ئه‌نجامدانی ئه‌و پڕۆژه‌ زانستییانه‌ ده‌كات، كه‌ پێشتر له‌ نێوان سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی زانكۆی سۆران و به‌شی جیۆلۆجی زانكۆی پاتره‌س دا هه‌بوون.

له‌ درێژه‌دا به‌ڕێزیان گوتی، له‌ یاداشته‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌ چه‌ند لایه‌نێكی كاركردن كراوه‌ كه‌ بریتین له‌ ئه‌نجدامدانی پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش، توێژینه‌وه‌ی زانستی،‌ خوێندنی باڵا، دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كان وهه‌روه‌ها كاركردن له‌ بواره‌كانی په‌تڕۆڵیۆم و بایۆجیۆسایه‌نس.

پێویسته‌ بگوترێ كه‌ پیشتر كاری هاوبه‌ش له‌ نێوان سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌شی جیۆلۆجی زانكۆی پاتره‌س له‌  بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی هاوبه‌ش و خوێندنی باڵا(دكتۆرا) هه‌بووه‌، كه‌ به‌م یاداشتی لێكگه‌یشتنه‌، كاره‌كان ده‌چنه‌ ئاستێكی پێشكه‌وتوو و كاریگه‌رتر.