چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی كوردستان سه‌ردانی زانكۆی سۆران ده‌كه‌ن

2

 

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٧/٢/٢٠١٦ به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری كردن و پێشكه‌شكردنی سییمینار له‌ زنجیره‌ چالاكییه‌كدا كه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و پرسی رێفراندۆم، له‌ لایه‌ن زانكۆی سۆران و فیدراسیۆنی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران، به‌ڕێوه‌ ده‌چن، به‌ڕێزان "محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود" سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیمۆكراتی كوردستان، "سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، "زیره‌ك كه‌مال" ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی شیوعی كوردستان و "د. عه‌لی ته‌ته‌ر" ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیمۆكراتی كوردستان، سه‌ردانی زانكۆی سۆرانیان كرد و له‌ لایه‌ن شانێدیكَی زانكۆی سۆران كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان "د. روشدی سه‌مه‌د" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری كارگێڕی و دارایی، "د. نه‌هرۆ زاگرۆس" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری زانستی و "د. یادگار ره‌سوڵ" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری قوتابییان، پێشوازیان لێكرا.

له‌م دیداره‌دا میوانان خۆشحاڵی خۆیان بۆ سه‌ردان له‌ زانكۆی سۆران ده‌ربڕی و ده‌ستخۆشیان له‌ زانكۆی سۆران و فیدراسیۆنی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان كرد، بۆ رێكخستنی ئه‌م چالاكییانه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دانیشتنه‌دا ئاماده‌بووان ئاماژه‌یان به‌ پێشكه‌وتنی زانكۆی سۆران و ده‌سكه‌وته‌كانی كرد و خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئاماده‌بوون له‌ زانكۆی سۆران ده‌ربڕی.

شایه‌نی باسه‌ ئه‌م چالاكییانه‌ بۆ ماوه‌ی مانگێك له‌ هه‌رچوار قه‌زاكه‌ی سه‌ر به‌م ده‌چه‌ره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ رێگه‌ی كۆڕ و سیمینار و چالكی جۆراوجۆره‌وه‌، تیشك ده‌خرێته‌ سه‌ر ره‌هه‌نده‌ جۆراوجۆره‌كانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

هه‌ر له‌م چالاكییانه‌دا پسپۆڕانی زانكۆی سۆران، به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی باس و بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان شڕۆڤه‌ ده‌كه‌ن.

وێنه‌: عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د