به‌ سپۆنسه‌ری زانكۆی سۆران چه‌ند فۆتۆگرافه‌رێك په‌رله‌مانی عێراق به‌ سرووشتی كوردستان ده‌ڕازێننه‌وه‌

Viber Image

 

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٠/١٢/٢٠١٨، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. محه‌ممه‌د حه‌لبووسی" سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، "حه‌سه‌ن كه‌عبی" و "د. به‌شیر حه‌داد" جێگرانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ په‌رله‌مانتارانی فڕاكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق، به‌ڕێزان "هادی حوسێن" و "محه‌ممه‌د سدیق بارزانی"، كه‌ دوو فۆتۆگرافه‌ری پڕۆفیشناڵی كوردن، پێشانگه‌یه‌كی فۆتۆگرافی تایبه‌ت به‌ سرووشتی كوردستانییان، له‌ په‌رله‌مانی عیراق كرده‌وه‌.

ئه‌م پێشانگه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ پێشوازی گه‌رمی ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان به‌ره‌وڕووبوو، به‌ سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێز"د. محه‌ممه‌د شاكر" ئه‌ندامی په‌ڕله‌مانی عێراق، رێكخرابوو.

له‌ لیدوانێكدا بۆ راگه‌یاندنی زانكۆی سۆران، به‌ڕێز "ده‌رباز ساڵح" ئاماده‌كاری پێشانگاكه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ ئه‌م كاره‌به‌ سپۆنسه‌ری زانكۆی سۆران بووه‌ و بۆ چه‌ند ئامانجێك رێكخراوه‌، له‌وانه‌:

‎١- ئاشناکردنی پەرلەمانتاران بە سرووشتی ئەفسوناوی و ناوازە و بێوێنەی کوردستان.

‎٢- دوای رەوینەوەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت دوای سەردانی سەرۆک بارزانی، سەرەڕای پەیوەندییە سیاسییەکان، دەمانەوێت لە چەند رووێکی دیکەوە، پەیوەندییەکی گونجاو لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت، کە سەرجەمیان جەخت لەسەر پێکەوەژیان دەکەنەوە و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێمان وابوو هه‌ندێ رێگای نه‌رمی به‌مشێوه‌یه‌، تا ڕاده‌یه‌ك ده‌توانن كاریگه‌رییان هه‌بێ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی جۆری تێڕوانینه‌كان به‌رامبه‌ر یه‌كتری.

له‌ درێژه‌دا، ناوبرا گوتی: به‌ ئاماده‌بووانمان ده‌گوت، كه‌ هیوادارین جارێکی دیکە پێویست نەکات ئێمە لە هەولێرەوە بێین و لە بەغدا سروشتی کوردستان نمایش بکەین. ئێمە حەزدەکەین پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ فۆتۆگرافەرانی بەغدا و ناوەڕاست و باشووری عێراق هەبێت، تا بتوانین كاری باش له‌مباره‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌ین. چونكه‌ ئه‌م كارانه‌ ده‌توانن رۆڵیان هه‌بێ له‌ ئاوێته‌كردنی كولتووری، كه‌ دواجار گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسایشی كۆمه‌لایه‌تی و سیاسی، ده‌توانێ به‌ دوای خۆیدا بێنێ.

سه‌باره‌ت به‌ پێشوازی په‌ڕله‌مانتارانیش، به‌ڕیز ده‌رباز ساڵح گوتی، له‌ لایه‌ن سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ پیشوازییه‌كی زۆر گه‌رم له‌ پێشانگاكه‌ كرا و به‌ تایبه‌ت له‌ لایه‌ن په‌ڕله‌مانتارانی كوردستان له‌ سه‌رجه‌م فڕاكسیۆنه‌كانه‌وه‌، ده‌ستخۆشی زۆرمان لێكرا.