د. هێمن میرانی: خوێندنیان بە زمانی ئینگلیزیە و ساڵی نوێی خوێندن قوتابی وەردەگرن.
بە فەرمانی زانکۆیی، کە رۆژی ١٢/٢/٢٠١٩ دەرچووە و، فەرمانی وهزاری کە لە رۆژی ٧/٤/٢٠١٩ دهركراوه و واژووی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لهسهره، پەیکەری فاکەڵتیی یاسا و پێیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی سۆران داڕێژراوەتەوە و دوو بەشی نوێ کراونەتەوە.
له وتهیهكدا بۆ راگهیاندنی زانكۆی سۆران، بهڕێز "د. هێمن میرانی" راگری فاكهڵتی یاسا و پێوهندییه نێودهوڵهتییهكان، گوتی: بە گوێرەی هەردوو فەرمان، ناوی فاکەڵتیی ناوبراو دەگۆڕدرێ بۆ فاکەڵتیی یاسا و زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن و، بەسەر دوو سکوڵدا دابەش دەبێ. یەکەم سکوڵی یاسا و زانستە سیاسییەکان، کە لە دوو بەش پێکهاتووە بە ناوەکانی بەشی یاسا، بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. دووەم: سکوڵی بەڕێوەبردن، کە لە دوو بەشی نوێ پێكهاتووه و بریتین له بەشی کارگێڕی کار و بەشی ژمێریاری.
بهڕێز میرانی له درێژهی لێدوانهكهیدا، گوتی: پێشتر بەشی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کە لەمەولا ناوەکەی دەبێتە بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە زمانی ئینگلیزی دەستپێکرابوو و، ئێستا تا قۆناغی چوار قوتابی هەیە. جگە لەوەی ئەم بەشە بەردەوام دەبێ لە سیستمی ئینگلیزی، بەشە نوێیەکانی دیکەش لە سکوڵی بەڕێوەبردن، ههموو بابەتەکانی بە زمانی ئینگلیزی دەخوێندرێن.
دواتر بهڕێزیان گوتی: کۆکردنەوەی ئەو بەشە جۆراوجۆرانە لە چوارچێوەی دوو سکوڵ و لە یەک فاکەڵتییدا، هەوڵێکە بۆ یەکخستنی ئەو بەشانەی لە یەکتر نزیکن، هاوشێوەی زانکۆ دیارەکانی دونیا، بە تایبەت کە لە ساڵی نوێوە زانکۆی سۆران بۆڵۆنیا پرۆسێس جێبەجێ دەکات و پرۆسەی وانەگوتنەوە و بەشداری قوتابی و شێوازەکانی تاقیکردنەوە و نمرە دابەشکردن، هاوشێوەی زانکۆکانی ئەورووپا دەبێت.
لە بارەی بە ئینگلیزی کردنی ئەو بەشانەش، بهڕێز میرانی گوتی: ئاشکرایە کە زمانی ئینگلیزی بۆتە یەکێک لە پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی کارکردن لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بە تایبەت بۆ ئەوانەی لە بوارەکانی سیاسەت و دیبلۆماسی، بەڕێوەبردنی کار و ژمێریاری کاردەکەن. بۆیە ئەو سێ بەشە تەواوی وانەکانیان بە زمانی ئینگلیزی دەبن و پێویست وایە ئەو قوتابییانەی دەیانەوێ لەو بەشانە بخوێنن، ئاستی زمانی ئینگلیزیان گونجاو بێ بۆ ئەوەی لە ناو زانکۆ رووبەرووی کێشەی زمان نەبنەوە.
له كۆتایی لێدوانهكهشیدا، ناوبراو ئاماژهی بهوهكرد، قوتابیان لە ساڵی نوێدا دەتوانن لە رێی وەرگرتنی ناوەندییەوە، داوای هەردوو بەشە نوێیەکەی سکوڵی بەڕێوەبردن بکەن، کە تەواوی وانەکانی بە زمانی ئینگلیزی دەبێ و سیستمی بۆڵۆنیا پرۆسێسیان به تهواوی تێدا جێبهجێ دهكرێ و، هەموو ئامادەکارییەکی پێویست بۆ ئەم مەبەستە کراوە.