به‌رهه‌می قوتابییانی به‌شی كۆمپیوته‌ر له‌ پێشانگایه‌كی زانستیدا

Computer Department Students Fair

رۆژى سێ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 6_5_2014 لەژێر ناونیشانی (بەرەوئایندە)بەشی كۆمپیوتەری فاكەڵتی زانست و ئەندازیاری پێشانگەیەكی زانستی كردەوە.

 ئه‌م پێشانگایه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پڕۆژە و كاره‌كانی قوتابیانی بەشی كۆمپیوتەر، به‌شێك له‌و كار و داهێنانه‌ی قوتابییانی له‌ خۆده‌گرت، كه‌ له‌ ماوه‌ی خوێندنیاندا، به‌رهه‌میان هێنابوون. لە پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئه‌م پێشانگایه‌ به‌ڕێز"م.فاخیر عبدالكریم" سەرۆكی بەشی كۆمپیوته‌ر وتی : ئەم پێشبڕكێیە بەمەبەستی زیاتر هاندانی قوتابییان و دەرخستنی توانا شاراوەكانیان و هاوكات خستنەگەڕی بەهرە و لێهاتووییشیانه‌.

سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارانی ئه‌م پێشانگایه‌ش، "م. فاخیر" گوتی: خۆشبەختانە لەسەرجەم قۆناغەكانی بەشەكەماندا قوتابییان بەشداری كارایان كردووه‌ و به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهَنانی باشترین ئه‌نجام له‌ كێبڕكێیه‌كی زانستیدان. سه‌باره‌ت به‌ چۆنییه‌تی ده‌ست نیشان كردنی سه‌ركه‌وتووانی ئه‌م پێشانگایه‌ش به‌ڕێزیان گوتی: لێژنەی هەلسەنگاندنمان پیكهێناوه‌ و ئه‌وانیش له‌ سه‌ر بنه‌مای تایبه‌تمه‌ندییه‌ زانستییه‌كان و لێهاتوویی و به‌رهه‌مداریی كار و چالاكییه‌كان، سه‌ركه‌وتووه‌كان ده‌ست نیشان ده‌كه‌ن و له‌ كۆتاییدا باشترین به‌رهه‌م ده‌ست نیشان ده‌كرێت و خه‌ڵاتی تایبه‌تی پێ ده‌درێت.

له‌ كۆتاییشدا"م. فاخیر" خۆشحاڵی خۆی بۆ به‌ره‌و پێشچوونی ئاستی زانستی و توانای قوتابییانی به‌شی كۆمپیوته‌ر ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌م پێشانگایه‌و به‌شداری چالاكانه‌ی ئه‌م قوتابییانه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بەشی زانستی كۆمپیوتەر توانیویەتی پەیامی زانستی خۆیی، به‌ باشی بگه‌یه‌نێت.

شایه‌نی باسه‌ كه‌ به‌شداربووان له‌ شێوه‌ی گرووپ و تاكه‌كه‌س به‌شدارییان كردبوو و دواجاریش سه‌ركه‌وتووان خه‌ڵات كران.

راپۆرت: جه‌بار عه‌لی

وێنه‌: رۆژهات مه‌هدی