زانكۆی سۆران نه‌خشه‌ رێگایه‌كی گرنگی زانستیی له‌ گه‌ڵ یه‌كێك له‌ زانكۆ به‌ناوبانگه‌كانی جیهان واژۆ كرد

1

رۆژی سێ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 28/4/2014 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان"د. یوسف گۆران" وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و نوێنه‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و "د. موسڵح مسته‌فا"سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و"پاول بۆیڵ" سه‌رۆكی زانكۆی لێسته‌ری به‌ریتانی و "فه‌رحان جه‌وهه‌ر" له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و "كرمانج عیزه‌ت" نوێنه‌ری پاڕێزگاری هه‌ولێر و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ به‌رپرسانی حكومی و حزبی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و مامۆستایانی زانكۆی سۆران، له‌ رێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا و له‌ پێناوی گه‌شه‌پێدان به‌ ره‌وتی زانست و خوێندنی باڵا و هه‌رچی زیاتر كردنی په‌یوه‌ندی زانستی نێوان زانكۆی لێسته‌ر و زانكۆی سۆران، واژۆ له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ رێگایه‌كی زانستی له‌ نێوان هه‌ردوو زانكۆدا كرا و به‌م شیوه‌یه‌ ده‌سكه‌وتێكی دیكه‌ی گرنگی زانستی، پێشكه‌ش به‌ ره‌وتی خوێندنی باڵا كرا.

له‌و رێوڕه‌سمه‌دا، هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان"د. یوسف گۆران" و "پاول بۆیڵ" و "فه‌رحان جه‌وهه‌ر" و "كرمانج عیزه‌ت" و "د. موسڵح مسته‌فا" وتاریان پێشكه‌ش كرد.

ئه‌وه‌ی شیاوی ئاماژه‌ پێدانه‌ تێكڕای قسه‌كه‌رانی ئه‌م رێوڕه‌سمه‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یان نرخاند و پێیان وابوو كه‌ رۆڵێكی باشی له‌ گه‌شه‌پێدانی ره‌وتی خوێندنی باڵا ده‌بێت. له‌م پێوه‌ندییه‌دا "د. یوسف گۆران" ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ ئه‌م كاره‌ هاوبه‌شه‌ی هه‌ردوو زانكۆ ده‌توانێ رۆڵێكی گرنگ له‌ گه‌شه‌پێدانی خوێندنی باڵا بگێڕێ و رۆڵیشی هه‌یه‌ له‌ به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ جیهانه‌وه‌ و پشتگیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ راگه‌یاند.

"پاول بۆیڵ"یش به‌ نۆره‌ی خۆی، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی بۆ واژۆ كردنی ئه‌م رێكه‌وتنه‌، هیوای خواست كه‌ به‌ باشی به‌ڕێوه‌ بچێت و چه‌ند بابه‌تێكی گرنگیشی ئاماژه‌ پێدان، كه‌ له‌ داهاتوودا له‌ گه‌ڵ زانكۆی سۆران، سه‌باره‌ت به‌ كۆی هه‌رێمی كوردستان، له‌ بواره‌كانی وه‌ك كشتوكاڵ و شوێنه‌وارناسیدا، ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن. له‌ كۆتایی قسه‌كانیشیدا ناوبراو وتی: با پێكه‌وه‌ بڕۆین به‌ره‌و داهاتوو.

هه‌ریه‌ك له‌ "فه‌رحان جه‌وهه‌ر" و "كرمانج عیزه‌ت" یش وێڕای ده‌ربڕینی پیرۆزبایی خۆیان، ده‌ستخۆشیان له‌ زانكۆی سۆران كرد و به‌ڵینی ئه‌وه‌یان دا كه‌ هاوكاری زانكۆی سۆران بن بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی پڕۆژه‌ زانستییه‌كانی، كه‌ بێگومان هه‌م بۆ ره‌وتی زانستی هه‌رێمی كوردستان و هه‌م بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش گرنگن.

له‌ كۆتاییشدا "د. موسڵح مسته‌فا" وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ هاوكاری و ماندوو بوونی هه‌موو لایه‌ك، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ واژۆكردنی ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ زانكۆیه‌كی گرنگی دنیادا، خه‌ونێك بوو كه‌ له‌ زانكۆی سۆراندا، كرا به‌ راستی. شیاوی ئاماژه‌ پێدانه‌، كه‌ له‌ دوای رێوڕسمه‌كه‌، ئاماده‌بووان سه‌ردانی سه‌نته‌ری "كڵاد"ی زانكۆی سۆرانیان كرد، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ سه‌نته‌ره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی بواری فێركردنی زمان و گه‌شه‌پێدانی ئه‌كادیمی دێته‌ ئه‌ژمار.

ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌ كۆتاییدا بگوترێ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ پێی ئه‌م نه‌خشه‌ رێگایه‌، هه‌ردوو زانكۆ پێوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمییه‌كانییان زیاتر په‌ره‌پێده‌ده‌ن و ئاڵ و گۆڕی مامۆستا و ستافی ئه‌كادیمی ده‌كه‌ن و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكیشدا، بۆ هه‌رچی زیاتر توند وتۆڵ كردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانیان، كه‌مپێكی زانكۆی لێسته‌ر له‌ زانكۆی سۆران ده‌كرێته‌وه‌.

راپۆرت: رۆژهات مه‌هدی

وێنه‌: عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د و گوڵ محه‌ممه‌د