Deprecated: Methods with the same name as their class will not be constructors in a future version of PHP; ExposeBrowser has a deprecated constructor in /home/soranedu/public_html/libraries/expose/libs/browser.php on line 135
زانکۆی سۆران - وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراق سه‌ردانی زانكۆی سۆرانی كرد

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراق سه‌ردانی زانكۆی سۆرانی كرد

Iraqi MOHE Minister At Soran Uni

 

ئه‌مڕۆ هه‌ینی رێكه‌وتی 4/11/2016 شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز "پڕۆفیسۆر د. عبد الرزاق عبدالجلیل العیسی" وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی عێراق و ئه‌ندامه‌تی "پڕۆفیسۆر د. سه‌لام خۆشناو" بریكاری وه‌زاره‌ت، به‌ یاوه‌ری شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان، سه‌ردانی زانكۆی سۆرانیان كرد و له‌ لایه‌ن به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ و ڕاگرانی فاكه‌ڵتییه‌كان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆوه‌، پێشوازیان لێكرا.
سه‌ره‌تا وه‌فدی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراق له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ به‌گه‌رمی پێشوازییان لێكرا و پاشان تێكڕا به‌ره‌و كه‌مپی نوێی زانكۆ له‌ دێلزیان، به‌ڕێكه‌وتن.

له‌ كه‌مپی نوێی زانكۆ له‌ دیڵزیان به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا، سه‌ردانی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد و به‌شه‌كانی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن مامۆستا و لێكۆڵه‌رانی به‌رپرس له‌و سه‌نته‌ره‌، زانیاری سه‌باره‌ت به‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ پێدرا.
دواتر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، له‌ یه‌كێك له‌ هۆڵه‌كانی كه‌مپی نوێ، دوو پرێزنته‌یشن له‌ سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌ مێژووی زانكۆی سۆران و چۆنیه‌تی به‌ده‌ستهێنانی شوێن و پێگه‌ی ئێستای زانكۆ و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر كه‌مپی ئه‌لیكترۆنی زانكۆ، له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان "پڕۆفیسۆر د. كه‌مال عۆدیشۆ" ڕاگری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی و "پ.ی. د. هیوا بالیسانی" ڕاگری فاكه‌ڵـتی په‌روه‌رده‌، پێشكه‌ش كران.
دوای پێشكه‌شكردنی پرێزنته‌یشنه‌كان، به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا به‌ یاوه‌ری به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ، كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیان بۆ راگه‌یه‌نه‌كان به‌ڕێوه‌برد.
له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، به‌ڕێزی وه‌زیری خوێندنی باڵا خوشحاڵی خۆی بۆ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ربڕی و سه‌رسامی خۆی به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی زانكۆی سۆران ده‌ربڕی و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ خواست. له‌ وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كێك له‌ راگه‌یه‌نه‌كان سه‌باره‌ت به‌ راده‌ی باوه‌ڕپێكراوی زانكۆكان، به‌ڕێز وه‌زیر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ وه‌زاره‌ت لیژنه‌ی تایبه‌ت ده‌نێرێ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زانكۆكان و ڕاده‌ی گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنی زانستی زانكۆكان. سه‌باره‌ت به‌ زانكۆی سۆرانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ به‌ سه‌رنجدان له‌و سه‌ركه‌وتنه‌ زانستییه‌ی زانكۆی سۆران به‌ده‌ستی هێناوه‌ و ئه‌و ئاسته‌ زانستییه‌ به‌رزه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی و ئه‌و شێوازی كاركردنه‌ی كه‌ وه‌پێشی گرتووه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ شاهیدی بووین، پێویستی به‌ ناردنی لیژنه‌ نییه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ زانكۆ باوه‌ڕپێكراوه‌كان.
دواتر به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ لۆگۆیه‌كی زانكۆی سۆرانی پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا كرد.
ئینجا وه‌فده‌كه‌ سه‌ردانی كه‌مپی زانكۆیان له‌ به‌نی باپشتیان كرد و ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و كه‌مپه‌یان له‌ لایه‌ن ئه‌ندازیارانی پڕۆژه‌كه‌وه‌ بۆ روون كرایه‌وه‌، كه‌ له‌ رووی ئه‌ندازه‌یی و پڕۆفێشناڵی و ورده‌كارییه‌كانییه‌وه‌، بووه‌ مایه‌ی سه‌رسامیان.
شایانی باسه‌، وه‌فده‌كه‌ وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆیان له‌ سه‌ردانه‌كه‌، ئه‌زموونی زانكۆی سۆرانیان به‌ ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو و شیاوی ده‌رس لێوه‌رگرتن، وه‌سف كرد. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا، لە ئاست پرەنسیپە باڵاکانی زانکۆی سۆران و دەستکەوتە بێوێنەکانییدا، ئەوپەڕی خۆشحاڵی خۆیان دەربری و جەختیان کردەوە کە ”ئەمڕۆ زانکۆی سۆران ناوێکی دیار و درەوشاوەی زانستییە لەسەر نەخشەی ئەکادیمی لە عێڕاقی فیدراڵدا“. چەند جارێکیش دووپاتیان کردەوە کە پێویستە ئەزموونی سەرکەوتووی زانکۆی سۆران بگوازرێتەوە بۆ زانکۆکانی دیکەی عێڕاق.
وێنه‌: عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، هادی حسێن