به‌شی كوردناسی له‌ ئه‌مریكا ده‌كرێته‌وه‌

University Of Central Florida

زانكۆی سۆران له‌ ده‌سپێكی دامه‌زراندنییه‌وه‌، هه‌ڵگری خولیا و خه‌ونی مه‌زن بووه‌ و هه‌وڵی داوه‌ سنووره‌كان ببه‌زێنێ و به‌ به‌دیهێنانی په‌یوه‌ندی ئه‌كادیمی به‌هێز له‌ گه‌ڵ زانكۆكانی دیكه‌ی دنیا، ده‌رگای نوێ به‌ رووی مه‌عریفه‌ و زانستدا بكاته‌وه‌.

له‌ تازه‌ترین ده‌سكه‌وتیدا، زانكۆی سۆران راده‌گه‌یه‌نێ كه‌ له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا به‌ هاوكاری كردنی زانكۆی ناوه‌ڕاستی فلۆریدا، به‌شی كوردناسی له‌و زانكۆیه‌دا، ده‌كرێته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌فدێكی زانكۆی سۆران، پێكهاتوو له‌ "د. هاوڕی مه‌نسوور به‌گ" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و "د. نه‌هرۆ زاگرۆس" سه‌ردانی زانكۆی ناوبراویان كرد و له‌ باره‌ی كۆمه‌ڵێك كار و پڕۆژه‌ی زانستی گفتوگۆیان كرد، زانكۆی ناوه‌ڕاستی فلۆریدا ره‌زامه‌ندی و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌، كه‌ به‌ هاوكاری زانكۆی سۆران، به‌شی كوردناسی له‌و زانكۆیه‌دا بكاته‌وه‌.

"د. نه‌هرۆ زاگرۆس" سه‌باره‌ت به‌م ده‌سكه‌وته‌ و چۆنیه‌تی هاوكاری كردنی زانكۆی سۆران بۆ زانكۆی ناوبراو له‌ لێد‌وانێكدا بۆ ماڵپه‌ری زانكۆ، باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ له‌ داهاتوودا و دوای دامه‌زراندنی ئه‌و سه‌نته‌ره‌، زانكۆی سۆران له‌ رووی دانانی پرۆگرامی خوێندن و دابین كردنی مامۆستا و دابین كردنی كه‌ره‌سته‌ی خوێندن(كتێب و ڤیدیۆ)...هتد، هاوكاری زانكۆی ناوه‌ڕساتی فلۆریدا ده‌كات.

هه‌ر له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ ماڵپه‌ڕی زانكۆ، "د. نه‌هرۆ"ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، كه‌ ئه‌م هاوكارییه‌ هه‌ر به‌مه‌نده‌وه‌ ناوه‌ستێ، به‌ڵكو زۆر پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی دیكه‌ش هه‌ن، كه‌ خه‌ریكین كاریان له‌ سه‌ر ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌نده‌یان نه‌ماوه‌ كه‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجام.