تیوری دۆخ بە ئاماژەی زمانی ئینگلیزی و کوردی

نووسینی: عەلی یوسف عەزیز 

تیوری دۆخ چیە؟

بەپێی وێبسایتی زانکۆی (سایمۆن فراسەر) تیوری دۆخ " لە سامانێکی تایبەت دەکۆڵێتەوە کە گشت گرێ ناوییەکان هەیانە. ئەگەر هەر گرێیه‌كی ناوی ئەم تایبەتمەندییەی نەبێت ئەوا دەگۆڕێت بۆ گرێیەکی ناڕێزمانی. ئەم تیورە بریتیە لە تیۆری دەسەڵات و بەستنەوە (Government and Biding)  و ئەوانەی دواتر. لە زمانی ئینگلیزیدا دوو دۆخ هەن کە زۆر ناسراون -- دۆخی بکەر و دۆخی بەرکار.

پوختە:

لێکۆڵینەوەکە دابەش دەبێتە سەر پێنج بەش. بەشی یەکەم بریتیە لە پێشەکی، کە تیَیدا ناونیشان و بابەت و گریمانە و ڕێباز و مەبەستی لێکۆڵینەوەکە و سنووری لێکۆڵینەوەكه‌ دیاری کراوە. بەشی دووەم لە دوو تەوەر پێکهاتووە. تەوەری یەکەم قۆناغەکانی پەڕەسەندنی ڕێزمانی بەرهەمهێنان و گوێزانەوە دەگرێتەوە. تەوەری دووەمیش بە شێوەیەکی پۆخت باس لەو تیۆرییە دەکات کە تیوری دەسەڵات و بەستنەوە (GB)  پێکدەهێنێت. بەشی سێیەم تایبەتە بە لێکۆڵینەوەی تیۆری دۆخ لە زمانی ئینگلیزیدا. ئەم بەشە لە پێنج تەوەر پێکدێت. تەوەری یەکەم بریتیە لە پێشەکیەک بۆ زاراوەی دۆخ. لە تەوەری دووەمدا چەندین بابەتی تایبەت بە تیۆری دۆخ لە دەسەڵێ‌ت و بەستنەوەدا باسی لێوەکراوە. تەوەری سێیەم باس لە سیستەمە سەرەکیەکانی دۆخ دەکات. تەوەری چوارەم دەربارەی سیستەمی دۆخە لە زمانی ئینگلیزیدا. لە تەوەری کۆتاییدا بەخشینی دۆخ لە پرۆگرامی مینیمالیزمدا، بە کورتی باسی لێوە کراوە. بەشی چوارەم تایبەتە بە تیۆری دۆخ لە دیالێکتی ناوەڕاستی زمانی کوردی و هەروەها هەندێک تایبەتمەندی دەرکەوتنی مۆرفۆلۆجی دۆخ لە شێوەزاری هەولێردا. بەشی پێنجەم بریتیە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە کە لایەنە لێکچوو و جیاوازەکانی نێوان هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی لە خۆ دەگرێت.

پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە

١. چاوخشاندنێک بە تیوری دۆخ لە زمانی ئینگلیزیدا بەگوێرەی پرینسیپەکانی تیۆری دەسەڵات و بەستنەوە (GB).

٢. جێبەجێکردنی هەمان پرەنسیپ و یاسا و پارامیترەکان لەسەر زمانی کوردی.

٣. بەراوردکردنی هەردوو زمانەکە (ئینگلیزی و کوردی).

چەند خاڵێکی گرنگ لە ناو لێکۆڵینەوەکەدا:

- تیوری دەسەڵات و بەستنەوە (GB) لە چەند تیورێک پێکدێت و تیوری دۆخیش یەکێک لەو تیورانە. ئەم لێکۆڵینەوەیە سه‌رنج دەخاتە سەر تیۆری دۆخ.

- دەستەواژەی ڕێزمانی جیهانی بریتیە لە کۆمەڵێک یاسا و شتی ڕێزمانی کە تایبەتن بە مرۆڤەکان و لەسەر هه‌موو زمانەکانی مرۆڤ، جێبەجێ دەکرێن. تیۆری دەسەڵات و بەستنەوە یەکێکە لە تیورەکانی ڕێزمانی جیهانی کە لەلایەن چۆمسکییەوە داهێنراوە. ئەم تیورە لە چەند تیورێکی تر پێکهاتووە.

- لێکۆڵینەوەکە پشت بە ئینگلیزی ستاندارد و کوردی ناوەڕاست دەبەستێت و لە زمانی کوردیشدا دیالێکتی سۆرانی باڵادەستە لەم لێکۆڵینەوەیه‌دا.

- لە سیستەمی دۆخی زمانی ئینگلیزیدا چوار دۆخ زۆر گرنگن: بکەری و بەرکاری و پاڵپشت و خاوەندارێتی. دۆخی بکەری و بەرکاری بنچینەیین و دۆخی پاڵپشت و دۆخی خاوەندارێتی خۆڕسکین.

- کوردی ناوەڕاست سیستەمێکی چوار دۆخی هەیە: : بکەری و بەرکاری و پاڵپشت و خاوەندارێتی. دۆخی بکەری و بەرکاری و دۆخی پاڵپشت بنچینەیین و و دۆخی خاوەندارێتی خۆرسکیە.

پرۆفایل:

Ali-Yusuf-Azeez

مامۆستا عەلی لە ساڵی 2002 دا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سەلاحەدین/کۆلێژی زمان/ بەشی ئینگلیزی وەرگرتووه‌.

پێش بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر، بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەک توێژه‌ر لە زانکۆی سەلاحەدین کاری کردووە.

لە کاتێک لە سۆران کۆڵێژی زمان کرایەوە، بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەک سەرۆکی بەشی ئینگلیزی خزمەتی کردووه‌.

مامۆستا عەلی وانەکانی (ڕێزمان و گفتوگۆ و وەرگێڕان و هتد)ی گوتونه‌ته‌وه‌.

هەووەها وەرک مامۆستایەک لە زانکۆی سۆران/فاکەڵتی ئاداب/بەشی ئینگلیزی کاری کردووە.

ئێستا وەک قوتابیەکی بەرنامەی تواناسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی خوێندنی دکتۆرایە لە وڵاتی بەریتانیا.

ئیمەیڵ: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

ئامادەکردنی: کاروان ئۆزکورت