مامۆستایه‌كى زانكۆى سۆران كتێبێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

Rebeen Mala1

مامۆستاى به‌تواناى زانكۆى سۆران "م. رێبین مه‌لا" مامۆستاى به‌شى مێژووى فاكه‌ڵـتى ئاداب، كتێبێكى به‌ ناونیشانى (سەید تەهای نەهری ١٨٩٢- ١٩٣٩ / ڕۆڵی سیاسیی و کارگێڕیی) بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌م كتێبه‌ وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، لە بنەڕەتدا تێزێکی ماستەرە و باس لە وێستگەکانی ژیانی سیاسی و کارگێڕی کەسایەتی سەید تەهای نەهری دەکات. سەید تەها جگە لەوەی لە نەوەی شێخ عوبەیدوڵڵای کەسایەتی ناوداری کوردستانی باکوورە، لە هەمانکاتدا خۆشی کەسایەتییه‌كی بەرچاو و دیارە و ڕۆڵێکی گرنگی لە پارچەکانی باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بینیوە، ناوبراو بۆ نزیکەی پانزە ساڵ لە هەوڵی بەدەستهێنانی داواکاریەکانی کورد بۆ سەربەخۆی کوردستان، بووه‌. ئەم هەوڵەشی لە پێش دەستپێکردنی جەنگی یەکەمی جیهانی تا سەرەتای جەنگی دووەمی جیهانی بەردەوام بووە. هەر بۆیە پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک خێڵ و سەرکردەکانی کورددا هەبووە، جگە لەوەش پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ وڵاتانی داگیرکاری و ئیستعماری بەستووە، بەتایبەت لەگەڵ بەریتانیا و ڕوسیا و لە سایەی ئەوانەوە هەوڵێک هەبووە تاکو بکرێت بە مەلیکی کوردستان.

ئەم کتێبە لە پێشەکی و دەروازە و سێ بەش و هەر بەشێکیش لە چەند باسێک پێکهاتووە. لە دەروازەدا، ڕەگو ڕەچەڵەکی بنەماڵەی نەهری خراوەتەڕوو و لە هەمانکاتدا بە کورتی باس لە خەباتی ئایینی و سیاسی کەسایەتییەکانی ئەم بنەماڵەیە کراوە. بەشی یەکەمی کتێبەکە، بۆ ژیانی تایبەتی سەید تەها تەرخانکراوە و باسی لە دایکبوون و ژیانی منداڵیی و قۆناغەکانی پێگەیشتن و پێکهینانی ژیانی هاوسەرگیری كراوه‌. هاوكات قۆناغی پێگەیشتن و جێنشینی بنەماڵەکەی و ڕۆڵ و چالاکییەکانی لە یانە و کۆمەڵە کوردییه‌كان لە قۆناغە جیاوازەکاندا خراوەتەبەرباس. بەشی دووەمی کتێبەکە بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییە سیاسییەکانی سەید تەها تەرخانکراوە. بە تایبەتى پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد و هه‌روه‌ها لەگەڵ روسیا و بەریتانیا. بەشی سێیەمی کتێبەکەش چالاکی و ڕۆڵی کارگێڕی لە ڕواندز(١٩٢٣_ ١٩٢٩) ده‌گرێته‌ خۆ.
بەشێوەیەکی گشتی لەم کتێبەدا سوود لە کۆمەڵێک سەرچاوەی جۆراوجۆر وەرگیراوە، وەک بەڵگەنامەی عوسمانی، ئێرانی، ئینگلیزی، کوردی و عەرەبی و یاداشت و دەستنووسی بڵاوکراوە و بڵاونەکراوە، لە گەڵ ژمارەیەک لە پەرتووک بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و تورکی .