مامۆستایه‌كی زانكۆی سۆران به‌شداری له‌ كۆنفرانسێكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات

Slider

 

 (محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د ئیبراهیم گه‌ڵاڵه‌یی) مامۆستای به‌توانای‌ به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب، به‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك به‌ناونیشانی (زاخۆ له‌ تێڕوانینی گه‌ڕیده‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا) به‌شداری له دووه‌مین‌ كۆنفرانسی زانستی نێوده‌وڵه‌تی له‌‌ زانكۆی زاخۆ كرد، كه‌ له‌ ژێر ناونیشانی(زاخۆ: ژیان، شارستانیه‌ت و كو‌لتوور) له‌ زانكۆی ناوبراو،‌ له‌ رۆژانی ١٨ تا ٢٠ی نیسانی ٢٠١٧ به‌ڕێوه‌چوو.

كورته‌ی لێكۆڵینه‌وه:

 زاخۆ شوێنگه‌یه‌كی ستراتیژی له‌ به‌ستنه‌وه‌ی پارچه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌دا هه‌یه‌ و به ‌ئه‌ڵقه‌ی به‌ یه‌كگه‌یشتنی باشوور و باكوور و خۆرئاوای كوردستان داده‌نرێت. له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا، به‌ خاڵی به‌ یه‌كگه‌یشتنی سنووری میرنشینه‌كانی بادینان و بۆتان داده‌نرا. له‌سه‌رده‌می كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی میر محه‌مه‌د پاشای رواندزیشدا، میرنشینی سۆران و بۆتانی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ست.

به‌هۆی تێپه‌ڕبوونی رووباری خابوور به‌ نێوه‌ندی شاری زاخۆ و هاتنی به‌شێك له‌ گه‌ڕیده‌كان به‌رێگای كه‌ڵه‌ك و په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ سنووری زاخۆ،‌ بۆیه‌ به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو باسی زاخۆ و دیارده‌ی مرۆیی و سروشتی ناوچه‌كه‌یان كردووه. به‌تایبه‌تی له‌ بیرخستنه‌وه‌ی چه‌ند ڕووداوێكی مێژوویی، له‌وانه:‌ گه‌شتی ده‌ هه‌زاركه‌سی گزنفۆنی یۆنانی(Xenophon) و تێپه‌ڕبوونیان به‌ ناوچه‌ی زاخۆ و گێڕانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن گزنفۆن، بۆته‌ خاڵی سه‌رنجڕاكێشی گه‌ڕیده‌كان و به‌تایبه‌تی ئه‌وروپاییه‌كان. له‌مباره‌وه‌ زۆر لێكدانه‌وه‌ و بۆچوونی جیاوازییان له‌سه‌ر نووسیووه. هه‌روه‌ها كۆمیونیتی جوله‌كه‌ زۆرێك له‌ گه‌ڕیده‌كان له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی شاری زاخۆ ئاماژه‌ییان به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌وان كردووه‌. به‌شێك له‌ نێرده‌ی مسیۆنێره‌كانیش باسی شاری زاخۆیان كردووه. كه‌وتنه‌به‌ر دیدی زاخۆ له‌لایه‌ن گه‌ڕیده‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ بووه،‌ كه‌ له‌ سه‌ر ڕیگای هاتووچۆی نێوان ئامێدی و ناوچه‌كانی جه‌زیره‌ی بۆتان و دیاربه‌كر بووه‌ و هه‌روه‌ها ناوه‌ندێكی بچووكی بازرگانیش بووه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی كارگێڕی به‌ ویلایه‌تی موصڵ هه‌بووه‌ له‌ دوای رووخانی میرنشینی بادینان و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی میری سۆران، دوای هێرشه‌كانی ره‌شید محه‌مه‌د پاشا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی میری ناوبراو. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تێروانینی هه‌ندێ له‌ گه‌ڕیده‌كان بۆ شاری زاخۆ به‌شێوازێكی زۆر ورد تۆماركراوه‌، ئه‌م گه‌ڕیدانه‌ سه‌ردانه‌كانیان بۆ شاری زاخۆ، له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ئه‌نجامداوه‌، كه‌ به‌شێكییان ئه‌مانه‌ن: دیپلۆماتی ئیسپانی (ئه‌دۆڵفۆ رێڤادێنیرا)، گه‌ڕیده‌ی به‌ریتانی جۆن ئاشێر، مسیۆنێری ئه‌مه‌ریكی دكتۆر له‌بدێل، هێنری.ئه‌ی. ستێرن، كارڵ بایدكار، هۆراتۆ ساوسگه‌یت، جۆرج پێرسی باجه‌ر، لیوت.كۆڵ. جی. شێڵ ئه‌فسه‌ری به‌ریتانی..