به‌شداری سەنتەری گەشەپێدانی کاری زانكۆی سۆران له‌ كۆبوونەوەی گرووپی کاری خوێندنی باڵای عێراق

IMG 2858

 

رێکەوتی ١٣/١١/٢٠١٧ به‌ڕێز "م. سیاكۆ سلێمان شێخۆ" بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی کاری زانكۆی سۆران، له‌ شاری به‌غدا، بەشداری لە کۆبوونەوەی گرووپی کاری خوێندنی باڵا و بەره‌وپێشبردنی بازاڕی کار و ریفۆرمی پڕۆگرامەکانی خوێندنی باڵا و بەستنەوەیان بە بازاڕی کار، کرد.

له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی رێكخراوی ئایرێكسی ئه‌مریكی به‌ڕێوه‌چوو، ژماره‌یه‌ك نوێنەری کۆمپانیا و نوێنەری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراق و کۆمەڵێک کەسایه‌تی ئەکادیمی زانکۆکانی عێراق، ئاماده‌ی بوون.

له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی زانكۆ، به‌ڕێز مامۆستا سیاكۆ گوتی: مەبەست لە کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە راوێژ و گفتوگۆ لەسەر بەره‌وپێشبردنی کواڵیتی خوێندن بە شێوەیەکی پراکتیکی و، دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، له‌ پێناوی زیاتر گونجاندنی پرۆگرامەکانی خوێندن و گرنگیدان بە تواناکان بۆ دروستکردنی ده‌رچوویەکی سەرکەوتوو و لێهاتوو بۆ بازاڕی کار.

شایانی باسە بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپیدانی کاری زانکۆی سۆران، وەک ئەندامێکی ئەو گرووپە و وەک نمونەیەکی سەرکەوتوو و ئەزمووندار، به‌ مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی سه‌نته‌ری گه‌شپێدانی كاری زانكۆی سۆران، بەشداری ئەم کۆبونەوەیه‌ی كردووه‌و، له‌ داهاتووشدا وا بڕیاره‌، له‌ چەندێن کۆبونەوەی تر به‌شداری بكات.