مامۆستایه‌كی زانكۆی سۆران ده‌بێته‌ هاریكاری دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگی توێژینه‌وه‌

Ebrahim Malazade

دامه‌زراوه‌ی "نۆربێرت ئه‌لیاس"، كه‌ له‌سه‌ر ناوی كۆمه‌ڵناسی گەورەی ئەڵمانی "نۆربێرت ئەلیاس" ناونراوه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ توێژینه‌وه‌، داوه‌تنامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی مامۆستا و توێژه‌ری زانكۆی سۆران له‌ به‌شی كۆمه‌ڵناسی، "د. ئیبراهیم مه‌لا زاده‌" ده‌كات، كه‌ ببێته‌ هاریكاری(Fellow) دامه‌زراوه‌كه‌. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای تایبه‌تمه‌ندی د. ئیبراهیمه‌ له‌سه‌ر تیۆره‌كانی ناوبراو.

لەڕاستیدا، ئەم دەزگایە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ هەموو ئەو كۆمه‌ڵناسانه‌ی، كه‌ دەتوانین ناوییان بنێین (ئەلیاسین)، چونکە نۆربێرت ئەلیاس، نەك هەر تیۆریستێکە لەبوارێكی زانستی زۆر فراواندا، بەڵکو میتۆدۆلۆژیای تایبەت بەخۆشی هەیە کە ناسراوە بە (فیگورێیشن پرۆسێس). ئالێرەوەیە ئەو دەزگایە وەکو تۆرێکی گرنگی چەندین توێژه‌ری بەناوبانگ و بەتوانا ناسراوە. خودی (نۆربێرت ئەلیاس)یش یەکێکە لە گرنگترین سۆسیۆلۆگەکانی سەدەی بیستەم. ئەو بە تیۆرییە گرنگەکەی، واته‌ "پڕۆسەی شارستانی" ناسراوە، بەڵام توێژینەوەکەی لەوەش تێپەڕی. ئەو تیۆری جڤاکی مرۆیی پەرەپێداوە، لە ڕیشە سەرەتاییەکانییەوە تا دەگاتە دەرکەوتنی جڤاکی مەعریفی مۆدێڕن.

بەکورتی دەتوانین تایبه‌تمه‌ندییەکانی ئەو دەزگایە و چوراچێوه‌ی كاره‌كانی بەوجۆرەی خوارەوە ڕیز بکەین:

١. ئەوانەی فیلۆوی ئەو سەنتەرەن، مافی دەستگەیشتنییان بەهەموو زانیارییەك و هەموو ناوەندێکی جیهانی هەیە.

٢. فیلۆوەکان پێشنیاز پێشکەش دەکەن بۆ کاندیدکردنی خەڵاتی نۆربێرت ئەلیاس.

٣. ناوبانگی زانستی فیلۆوەکان لەڕێگای ئەو دەزگایەوە گرنگییەکی لەرادەبەدەری.

٤. فیلۆو دەتوانێت لەسەر هەمان ئەو ماڵپه‌ڕه‌ی دەزگای نۆربێرت ئەلیاس و بلۆگەکەیان، هەموو کارەکانی خۆی بڵاوبکاتەوە.

٥. لەو ڕێگایەوە ده‌توانێ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو بەشداربوواندا بکات.

٦. وەکو نوێنەری وڵاتی خۆی و زمانەکەی خۆی بجوڵێتەوە و ڕووداو و بڵاوکراوە گرنگەکان بڵاوبکاتەوە.

٧. وەکو ڕاوێژکاری زمانی خۆیان پرسییان پێ دەکرێت.