گرنگی سیسته‌می دادوه‌ری له‌ جێگیربوونی ده‌وڵه‌ت

Osman

 

سه‌قامگیری و راوه‌ستاوی هه‌ر سیسته‌مێكی فه‌رمانڕه‌وایی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ سێ كۆڵه‌گه‌ی بنچینه‌یی، كه‌ به‌ لاواز بوون یان نه‌مانی یه‌كێك له‌م كۆڵه‌گانه‌، ئه‌و فه‌رمانره‌واییه‌ ده‌ڕوخێت یاخود له‌رزۆك ده‌بێت.‌ ئه‌وانه‌ش بریتین له‌: دادگای دادپه‌روه‌ر و سیسته‌مێكی فێركاری كارا و چاودێری ته‌ندرووستی. پارێزگاری كردن له‌ كۆله‌گه‌كانی ته‌ندروستی و فێركاری، گره‌نتی باش مانه‌وه‌ی هزر و لاشه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌لگا ده‌كات، به‌ڵام پارێزگاری كردن له‌ كۆڵه‌گه‌ی دادوه‌ری، گه‌ره‌نتی رێكخستنی نێوان تاكه‌كان له‌گه‌ل یه‌كتر یان نێوان تاكه‌كان و ده‌سه‌ڵات ده‌كات و، ‌هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی له‌ نێوان لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵات رێكده‌خات.

له‌ ژێر سێبه‌ری سیسته‌مێكی دادوه‌ری سه‌ركه‌وتوو و دادپه‌روه‌ردا، خاوه‌نداریه‌تی رێزی لێده‌گیرێت و ماف و ئازادییه‌كان پارێزراو ده‌بن،‌ ئه‌وه‌ش ژینگه‌یێك ده‌ڕه‌خسێنێت كه‌ تێیدا پێشكه‌وتن و داهێنان و وه‌به‌رهێنان به‌ره‌وپێش ده‌چن، كه‌ دواتریش به‌ هۆی ئه‌مانه‌وه‌ كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌وێته‌ خۆشگوزه‌رانی و ئاسوده‌یی. به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا له‌ كۆمه‌ڵگایێكی تاریك و نادادپه‌روه‌ر و نه‌بوونی دادگای سه‌ربه‌خۆ و پاك و سه‌ركه‌وتوودا، مافه‌كان پێشێل ده‌كرێن و مرۆڤه‌كان ئاسایشی گیان و سامانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. له‌ ژینگه‌یێكی له‌م جۆره‌شدا، به‌ هیچ شێوه‌یێك ناكرێت باس له‌ پێشڤه‌چوون و داهێنان بكرێت و، بۆیه‌‌ له‌ ئه‌نجامدا كۆمه‌ڵگا بێبه‌ش ده‌بێ له‌ وه‌ده‌ست هێنانی خۆشگوزه‌رانی و ئاسوده‌یی.

هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌بینین له‌ كاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا، كه‌ وێرانكاریه‌كانی ئه‌م جه‌نگه‌ زۆربه‌ی وولاتانی جیهانی گرتبۆوه، به‌ تایبه‌ت وڵاته‌ زلهێزه‌كان، كه‌ زۆرترین زیانیان به‌ر كه‌وتبوو، له‌و كاتانه‌دا رۆژێك یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی بریتانیا سكاڵای خراپی بارودۆخی ئابووری ده‌باته‌ لای سه‌رۆكی وڵات، كه‌ ئه‌و كاته‌ (ونستۆن چرچل) بوو. سه‌رۆك راسته‌وخۆ پرسیاری له‌ بارودۆخی دادوه‌ری وڵاتی لێده‌كات، له‌ وه‌ڵامدا پێی ده‌ڵێن سیسته‌می دادوه‌ری باشه‌، چرچل ده‌ڵێت كه‌واته‌ ئێمه‌ بارودۆخمان باشه‌، واته‌ پێوه‌ری باش و خراپی باروودۆخ، سیسته‌می دادوه‌ریه‌.

بۆیه‌ هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌، له‌ ووڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا، له‌وانه‌: ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، ئوسترالیا و كندا و... هتد، ده‌بینین له‌ دوای هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك، سیاسییه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن په‌له‌ ده‌كه‌ن له‌ دیاریكردنی باشترین كه‌سیان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ سیسته‌می دادوه‌ری، له‌ پێناو پارێزگاری كردن له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ووڵات، چونكه‌ ده‌زانن، ئه‌م ئاسایشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ده‌سته‌به‌ر نابێت ئه‌گه‌ر دادگایه‌كی سه‌ركه‌وتوو و به‌هێز و بێگه‌رد نه‌بێت، تا‌ هه‌وڵبدات بۆ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و پاراستنی مافه‌كان.

ده‌زانین كه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، سیسته‌می دادوه‌ری تێیاندا نه‌بۆته دامه‌زراوه‌یه‌ك، كه‌ وه‌ڵامی هه‌موو كێشه‌ و گیروگرفته‌كانی كۆمه‌ڵگای لابێت و،‌ نه‌بۆته‌ هۆكار بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئارامی ده‌روونی و هه‌ستكردن به‌ پارێزراوی و دڵنیایی هاونیشتیمانیان، تاوه‌كو ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئابووریه‌كی سه‌ركه‌وتوو و، دواجار به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانی له‌ وڵاتدا.

لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ پێش،‌ بۆچی له‌ وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كان چاكسازی له‌ سیسته‌می دادوه‌ریدا ناكرێت، له‌ كاتێكدا ئه‌و گرنگیه‌ زۆره‌ی هه‌یه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌توانین بڵێین، چاكسازی كردن له‌ دادوه‌ری له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ روبه‌رووی دژایه‌تیه‌كی توند ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و دژایه‌تیه‌ هه‌ندێكجار له‌ لایه‌ن خودی دادگاوه‌ ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیان وایه‌، دادوه‌ری پێویستی به‌ چاكسازی نیه،‌ یا خود چاكسازی كردن ده‌سه‌ڵاته‌كانیان كه‌م ده‌كاته‌وه‌، یان سیاسی و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كان ئه‌م چاكسازییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نابینن، چونكه‌ دادگا له‌و كاته‌دا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ژاران و خاوه‌ن مافه‌كان بڕیار ده‌دات و ئه‌وان به‌ هۆیه‌وه‌ تاوانبار ده‌بن.

بۆ چاكسازی كردن له‌ سیسته‌می دادوه‌ری به‌ كورتی ده‌توانین ئاماژه‌ به‌و چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ین:-

١-سه‌ربه‌خۆیی دادگاكان: وه‌دیهێنانی ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه،‌ له‌ رێی گۆڕین و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور و یاساكانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌بێ، به‌ شێوه‌یێك كه‌ هیچ ده‌سه‌لاتێكی تر سه‌ربه‌خۆیی له‌ سیسته‌می دادوه‌ری زه‌وت نه‌كات و، هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌ لایه‌نی داراییه‌وه‌ دادگاكان ملكه‌چی هیچ لایه‌نێك نه‌بن.

٢-دامه‌زراندن و پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌: پێویسته دادوه‌ران له‌و كه‌سانه‌ ده‌ستنیشان بكرێن، كه‌ خاوه‌ن به‌رزترین هه‌ڵسه‌نگاندنن و به‌ نمره‌ی به‌رز له‌ په‌یمانگای دادوه‌ری ده‌رچووبن و زانیاری باشیان هه‌بێت له‌سه‌ر به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌ر و زمانه‌ بیانییه‌كان.

٣-په‌یوه‌ندی فێرگه‌ یاساییه‌كان به‌ دادگا: پێویسته‌ قوتابییانی یاسا به‌ شێوه‌یێكی به‌رده‌وام و له‌ ساڵی یه‌كه‌می خوێندنیانه‌وه سه‌ردانی دادگاكان بكه‌ن. هه‌روه‌ها مامۆستایانی یاساش ده‌رگای كاری پارێزه‌ریان به‌ڕوودا بكرێته‌وه‌ بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ كاری یاسایی به‌ شێوه‌یێكی كرداری.

٥-رۆشنبیری یاسایی بۆ هاونیشتیمانیان: كه ئه‌وه‌ش ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت به‌ ئاماده‌كردنی پڕۆگرامێكی ساده‌ی یاسایی به‌ دیاریكردنی ئه‌رك و مافه‌كان بۆ خوێندنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان. هه‌روه‌ها به‌كارخستنی هۆیه‌كانی بلاوكردنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌دان به‌ رۆشنبیری یاسایی و سوودوه‌رگرتن له‌ كه‌سه‌ یاساییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان بۆ پێشكه‌شكردنی راوێژی یاسایی.‌

تێبینی: ناوه‌رۆكی ئه‌م نووسینه‌، نووسه‌ر لێی به‌رپرسیاره‌ و ده‌ربڕی روانگه‌ی زانكۆ نییه‌.

نووسینی:  م. عوسمان مسته‌فا عه‌بدوڵا

مامۆستای به‌شی یاسای فاكه‌ڵتی یاسای زانكۆی سۆران.

   ‌