فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ زنجیره‌ چالاكییه‌ك حه‌فته‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تانی راگه‌یاند

Sli

 

 حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ٢٥/١١ی هه‌موو ساڵێكی، وه‌ك هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ دژی ئافره‌تان راگه‌یاندووه‌، كه‌ شازده‌ رۆژ ده‌خایه‌نێ.   له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا، له‌ لایه‌ن ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌ ئه‌كادیمی و په‌یوه‌سته‌كانی مافی ئافره‌تان، چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر به‌ڕێوه‌ده‌چن.

 رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٥/ ١١/ ٢٠١٨، له‌ سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاری و له‌ پێناوی ئاوێته‌كردنی زانكۆ به‌ كۆمه‌ڵگا، بۆ راڤه‌كردن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ جیاوازه‌كانی، له‌ (هۆڵی ئیسماعیل بێشیكچی)، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان  "د.هێمن میرانی" ڕاگری فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو مامۆستا، قوتابی ومیوان، فاكه‌ڵتی یاسا حه‌فته‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندووتیژی دژی ئافره‌تانی راگه‌یاند، كه‌ زنجیره‌یه‌ك چالاكی جۆراوجۆری زانستی، تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چن. وه‌كو یه‌كه‌مین چالاكی و له‌ رۆژی ده‌ستپێكی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا، دیبه‌یتێكی كراوه‌، به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌ك مامۆستا و "رائید سالار تحسن" به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافرتان، له‌ژێر ناونیشانی (كوشتنی ئافره‌تان له‌ نێوان یاسا و كولتووردا)، به‌ڕێوه‌چوو. له‌م دیبه‌یته‌دا،  تیشك خرایه‌ سه‌ر هۆكار و لێكه‌وته‌كانی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و كاریگه‌رییان له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگا. له‌ دوابه‌شی دیبه‌یته‌كه‌شدا، ئاماده‌بووان سه‌رنج و تێبینی خۆیان خسته‌ڕوو، كه‌ به‌ وردی له‌ لایه‌ن به‌شدارانی دیبه‌یته‌كه‌وه‌، وه‌ڵامدرانه‌وه‌.له‌ وته‌یه‌كی كورتدا بۆ راگه‌یاندنی زانكۆ، به‌رێز "د. به‌هادین" سه‌رۆكی به‌شی یاسا، ئاماژی به‌وه‌دا، كه‌ له‌ دوا رۆژی چالاكییه زانستییه‌كاندا، یاداشتێكی زانستی تایبه‌ت به‌ چۆنیه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان، پێشكه‌ش به‌ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرێ.پێویسته‌ بگوترێ، كه‌ له‌ رۆژانی سێشه‌ممه‌ و پێنجشه‌ممه‌ی ئه‌م حه‌فته‌یه‌دا، به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ندین كه‌سایه‌تی زانستی دیكه‌، له‌ چه‌ند روانگه‌یه‌كی تره‌وه‌، تیشكده‌خرێته‌ سه‌ر ره‌هه‌نده‌ جۆراوجۆره‌كانی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان و چۆنییه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان.

راپۆرت و وێنه‌: رۆژهات مه‌هدی