وه‌ك یه‌كه‌مین زانكۆی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زانكۆی سۆران به‌شداری گه‌وره‌ترین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت به‌ پرسه‌كانی سنوور ده‌كات

54435085 265484754340405 8039877537695793152 N

 

بۆ یه‌كه‌مین جار زانكۆیه‌كی كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌شداری له‌ گه‌وره‌ترین و به‌پریستیجترین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ پرسه‌كانی سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات.

ساڵانه‌ زانكۆی به‌نێوبانگی به‌ریتانی (كینگز كۆلێج) و دامه‌زراوه‌ی ناوداری (ڤۆڵتێرا فێیتا)، گه‌وره‌ترین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ تاوتوێكردنی پرسه‌كانی سنوور له‌ جیهاندا ساز ده‌كه‌ن. له‌م كۆنفرانسه‌دا، كه‌ گه‌وره‌ پسپۆڕانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، دادوه‌رانی دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی (ICJ)، دادگای ته‌حكیمی نێوده‌وڵه‌تی (IAC)، ئه‌ندامان و داڕێژه‌رانی لێژنه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (ILC) و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ و شاندی دیپلۆماسی وڵاتان، به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، دواجار  ڕاسپارده‌كانی له‌لایه‌ن ئه‌و دامه‌زراوه‌ گه‌ورانه‌ی جیهانه‌وه‌ له‌ كاتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسه‌كانی سنووردا، ڕه‌چاو ده‌كرێن.

ئه‌مساڵ كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تاكانی مانگی نیسانی داهاتوودا له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌ده‌چێت. كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ ته‌نها بۆنه‌یه‌كی توێژینه‌وه‌یی و گفتوگۆی ئه‌كادیمیانه‌ نییه‌، به‌ڵكو وۆركشۆپێكیشی له‌گه‌ڵدایه‌، كه‌ به‌ كرده‌نی پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ چۆنیه‌تی دیاریكردنی سنووری نێوده‌وڵه‌تی، میتۆد و شێوازه‌كانی داڕشتنه‌وه‌ی سنووره‌كان و چۆنیه‌تی چارسه‌ره‌ركردن و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسه‌كانی سنووری تێدا شیده‌كرێته‌وه‌.

به‌ خۆشی و شانازییه‌وه‌، بۆ كۆنفرانسی ئه‌مساڵ، مامۆستای فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ زانكۆی سۆران به‌ڕێز "د. سۆران به‌رزنجی"، وه‌ك یه‌كه‌مین ئه‌كادیمیستی كورد و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ یه‌كێك له‌ پانێله‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌شدار ده‌بێت و بابه‌تێك پێشكه‌شده‌كات.

 "د. سۆران به‌رزنجی" له‌ وته‌یه‌كدا بۆ راگه‌یاندنی زانكۆ، سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنه‌كه‌ی، گوتی: وه‌كو پانێلیستێك له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا،‌ به‌ ناوی زانكۆی سۆرانه‌وه‌ به‌شدار ده‌بم و توێژینه‌وه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌م. توێژینه‌وه‌كه‌م به‌ ناونیشانی " نه‌فره‌تی پیرۆزكراو و كڵۆمدران له‌ سنووردا: تێگه‌یشتنی درووست له‌ سنووره‌ خوێناوییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌وڵه‌كان بۆ دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌یان"ـه‌. ناوبراو ئه‌م كۆنفرانسه‌ی به‌ هه‌لێكی باش وه‌سف كرد تا بتوانرێ هه‌ندێ تێگه‌یشتنی تایبه‌ت به‌ سنووره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و مه‌ودای ئازادی و مافی نه‌ته‌وه‌كان و به‌ تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كورد، پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان بكرێ.

بۆ زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به‌ پانێڵیسته‌ به‌شداربووه‌كانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌، ده‌توانن كرته‌ له‌سه‌ر ئه‌م لینكه‌ بكه‌ن:

https://www.londoninternationalboundaryconference.com/speakers.asp?fbclid=IwAR2FutESxTfCVjtnlxfcjP0i6KtKr1CWKRdG8EUicOBLhuqqaedEAt2AHK8