سەردانی وەفدی زانكۆیه‌كی كۆری بۆ فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری

IMG 6bfbe5873e9569b528b8b4060c51fec4 V

 

رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠١٩/٦/٢٣، وەفدێک بە نوێنەرایەتی زانکۆی سووکمیونگ (SookMyung University) کە پێکھاتبوو لە ھەریەکە لە به‌ڕێزان "خاتوو سووکی"  و "به‌ڕێز جۆی" سەردانی فاکەڵتی ئه‌ندازیاری كرد و، لایەن شاندێكی فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری به‌ سه‌رۆكایه‌تی بەڕێز "د. شێروان شه‌ریف" ڕاگری فاکەڵتییه‌كه‌، پێشوازی لێكرا.

 مەبەستی سەردانەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ کردنەوەی چەند کۆرسێکی خوێندن لە فاکەڵتی ئه‌ندازیاری، کە لە بەرنامەی زانکۆی ناوبراودا هه‌ن.  كۆرسه‌كانیش بریتین له‌ گواستنەوەی شارەزایی و مۆدێلی کۆریای باشوور بە تایبەتی لە بواری کارخوڵقێنی (entrepreneurship) و، ھەروەھا چەندین بواری تر.

له‌ دانیشتنێكی تێروته‌سه‌لدا و دوای گفتۆگویەکی زۆر لە نێوان ستافی ناوبراو و ئەنجۆمەنی فاکەڵتیی ئەندازیاری، بڕیاردرا بە کردنەوەی چەند کۆرسێکی جیاواز لە لایەن زانکۆی نابراو، بۆ ساڵی ئایینده‌. هەندێک لەو کۆرسانە بریتین له‌:

١- مۆدێلی گەشەپێدانی ئابووری وڵاتی کۆریا

٢- مۆدێلی ئابوری و سیاسەتی وڵاتی کۆریا

شایانی باسکردنە  ئەم کۆرسانە وەکۆ مەنهەج لە زانکۆکانی کوردستان، بۆ ماوەی نزیکەی 15 هەفتە و هه‌ر حه‌فته‌یه‌ك 3 كاتژمێر، ده‌خوێندرێن.

ئەم زانکۆیە پلانیان وایە، کە بۆ هەر سمستەرێک، سێ زانکۆ لە زانکۆ حکومییەکانی کوردستان هەڵبژێرن. بۆ ئەم مەبەستەش وەکۆ پلانی یەکەم، زانکۆی سۆران بەشدار دەبێت، کە هەردوو فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و  فاکەڵتی ئەندازیاری، بۆ سمستەری یەکەم بۆ سالی داهاتوو بەشداری لەو کۆرسە دەکەن.

شایانی باسکردنە، ئەم کۆرسانە بە شێوەی ئۆنلاین لە رێگەی سکایپ یان وێبینەر ئەنجامدەدرێن و، لە لایەن یەکێک لە پڕۆفیسورەکانی زانکۆی ناوبراو  بە هەماهەنگی لە گەڵ ماموستایەکی زانکۆی سۆران، کە لە لایەن زانکۆی ناوبراوه‌وه‌ هەڵدەبژێردرێت، به‌ڕێوه‌ده‌برێن. لە کۆتایی هەر سمستەرێکیش، قوتابی یەکەم دەنێردرێت بۆ وڵاتی کۆریا بۆ بەشداریکردنی لە کۆنفراسی نێودەوڵه‌تی قۆتابییانی بەشداربووی ئەم کۆرسانه‌ لە سەرانسەری جیهان و، هه‌روه‌ها مەشقی هاوینە له‌ زانكۆی ناوبراو.