بەڕێوەچوونی خولێکی تایبەت بە هۆشیاری یاسایی لە لایەن وەزارەتی پلاندانانەوە

2

 

ڕۆژی یەكشەممە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩، خولێکی هۆشیاری یاسایی لە کەرتی گشتی،  کە لە لایەن ئەنستیتیوتی کوردستان بۆ کارگێڕی گشتی و وەزارەتی پلاندانان، بۆ کۆمەڵێك بەڕێوەبەر و فەرمانبەری یاسایی وەزارەت و دەستەکان ڕێکخرابوو، بەڕێوەچوو .

لەم خولەدا، کە ژمارەیەک مامۆستای پسپۆڕ وانەیان دەگوتەوە، تێیدا مامۆستای زانکۆی سۆران لە فاکەڵتی یاسا و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان "م. هیمداد فەیسەڵ" بابەتی پەیوەست بە ھۆشیاری یاسایی لە کەرتی گشتی، دەوتەوە.

شایەنی باسکردنە لەم خوولەدا، تیشك خرایە سەر سیستەمی یاسایی ھەرێمی کوردستان، چۆنیەتی ئامادەکردنی پڕۆژە یاساو ڕێرەوی یاسادانان و گرینگترین ئەو بنەمایانەی کە پێویستە لە یاساکاندا بوونیان ھەبێت، لە کاتی نووسینیان.

لە بەشێکی تری ئەم خوولەدا، ئەو یاسا و ڕێنماییانە شیکرانەوە، کە تایبەت بوون بە ماف و ئەرکەکانی فەرمانبەران و مەرج و ڕێکاری ھاتنەدی ئەم ئەرك و مافانە. ھەروەھا لە خولەکەدا، یاسای تایبەت بە خانەنشینکردن و چۆنیەتی ھەژمارکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەری خانەنشین، بە شێوەیەکی پراکتیکی ڕوونکرایەوە. لە کۆتایی خولەکەشدا، تیشك خرایە سەر مەرج و ڕێکاری بەرزکردنەوەی " تانە " دعوا لە بەردەم دادگای کارگێڕی لە کاتی تانەدان لە بڕیاری کارگێڕی.

پێویستە بگوترێ خولەکە چوار رۆژی خایاند.