زمانی جەستە " Body language " لە وانەی سێیەمی خولی سەرکردایەتی فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێشكه‌شكرا

67512127 499707090838196 4653965384431435776 N

 

لە درێژەی بەردەوامی خولی شیاندنی سەرکردایەتی بۆ مامۆستایان، قوتابییان، توێژەرانی زانکۆ، کاندیدانی ماستەرو دکتۆرا، کە له‌ فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێ، رۆژی سێشەممە ١٦ی تەمموزی ٢٠١٩، بە ئامادەبوونی بەڕێزان "د.هێمن میرانی " ڕاگری فاکەڵتی و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و قوتابییان و توێژەرانی زانکۆ، وانەی سێیەمی خولەکە لە لایەن به‌ڕیز " د. ئیلهام وحید دحام " بە ناونیشانی زمانی جەستە " Body language " پێشکەش کرا .

سەرەتا بەڕێزیان زمانی جەستەی بەوە پێناسە کرد، کە کۆمەڵە هەڵسوکەوتێکە تاکەکان ئەنجامی دەدەن بە بەکارهێنانی دەست و پێ و دەموچاو و تۆنی دەنگ و چاو، بەشێوەیەك پەیامێك ئاڕاستەی بەرامبەر دەکات، بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەی لە پەیامەکەی تێبگات. له‌ درێژه‌ی وانه‌كه‌یدا، به‌ڕێزیان  تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ زمانی جەستە " Body language " بە شێوەی ئیرادی و لا ئیرادی بەکاردەهێنرێت بۆ ئامانجی جیاواز، بەپێی پێویستی تاکەکان، وەك ئەوەی کە مامۆستا بۆ گەیاندنی زانیاری بەشێوەیەکی کاریگەر بۆ قوتابییەکانی بەکاری دەهێنێت و هەروەها دکتۆر لەکاتی گفتوگۆکردنی لەگەڵ نەخۆش بۆ دڵنەوایی کردنی بەکاریدێنێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، زمانی جەستە بەشێوەیەکی فراوان بەکاردەهێنرێت بۆ ئەو کەسانەی کە لاوازی بیستنیان هەیە، یاخود خاوەن پێداویستی تایبەتن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وانه‌كه‌یدا، باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ زمانی جەستە " Body language" زمانێکی جیهانییە، به‌وه‌ی كه لە هەموو جیهان تا ڕادەیەك وەکو یەك بەکاردەهێنرێت.

دواتر بەڕێزیان باسی لە گرینگییەکانی زمانی جەستە بۆ ئامادەبووان کرد، بەوەی کە دەبێتە هۆی باشکردنی زمانی پەیوەندی تایبەتی کەسەکە لەگەڵ ئەوانەی کە بەکاری دەهێنێ و، هەروەها ڕێگایەکە بۆ دەربڕینی ئەوەی لە ناخیەتی لە هەست و سۆز بۆ بەرامبەرەکەی، کە بەمەش کاریگەری دەخاتە سەر. پاشان باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ زمانی جەستە یارمەتی دەرە لە بەجێهێشتنی " انگباع اولی " لەسەر کەسانی تر و، لە هەمان کاتدا بەوەش جیادەکرێتەوە، کە زمانێکی جیهانییە و بە بەکارهێنانی ئەندامانی لەش دەتوانن لە یەکتری تێبگەن، بێ ئەوەی پێویستییان بە " مترجم " وه‌رگێڕ هه‌بێت .

دواتر بەڕێزیان په‌ڕژایە سەر ئەوەی، کەوا زمانی جەستە چەند جۆر و شێوەیەکی هەیە بۆ درووستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئەوانەی کەوا بەکاریدەهێنن، لەوانەش: پەیوەندی کردن لە ڕێگای چاوەکان، کە یەکێکە لە کاراکتەرە گرینگەکانی زمانی جەستە، کە قسه‌كه‌ر ده‌توانێ بە هۆیەوە زۆر مه‌به‌ست بگه‌یه‌نێته‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی، هه‌روه‌ها پەیوەندی کردن لە ڕێگای ڕووخساری مرۆڤ، کە بۆ ئەمەش مرۆڤ ئەتوانێ بە چەند شێوازێ بەرامبەرەکەی تێبگەیەنێ.

پێویستە ئەوەش بگوترێ کەوا ئامادەبووانی وانەکە هەم لەگەڵ پێشکەشکاری وانەکەو هەم لەنێوان خۆیاندا گفتووگۆیەکی تێروتەسەلیان سەبارەت به‌ زمانی جەستە کرد.

راپۆرت و وێنه‌: زانا تاهیر