کارامەییه‌ نه‌رمه‌كان " Soft Skills "، وانه‌یه‌كی دیكه‌ی خولی سه‌ركردایه‌تی

67088867 366474007400281 6985152317053992960 N

 

لە دوایین رۆژی خولی سەرکردایەتی، کە له‌ فاكه‌ڵتی یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردن، بۆ مامۆستایان، قوتابییان، توێژەرانی زانکۆ و قوتابیانی ماستەرو دکتۆرا، به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ڕۆژی یەكشەممە ٢١ی تەمووزی ٢٠١٩، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و قوتابییان، بەڕێز " د.هێمن میرانی " راگری فاكه‌ڵتی یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردن، وانەیەکی بە ناونیشانی کارامەیی نەرم " Soft Skills " وەکو پێداویستییەکانی دەسکەوتنی کار لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، پێشکەشکرد .

لە سەرەتادا، بەڕێزیان جەختی لە گرینگی ئەم وانەیە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ کردەوە، به‌ تایبه‌تی بۆ ئەوانەی کە خاوەنی ئیش و کارن و ئەوانەشی کە خاوەن کار نین، چونکە ئەمە بەشێکە لە پێگەیاندنی کادر و دروستکردنی کەسی سەرکەوتوو.

دواتر هاتە سەر باسکردنی جۆرەکانی کارامەیی، بەوەی کە دوو جۆر لە کارامەییمان هەن، ئەوانیش کارامەیی نەرم و کارامەیی ڕەق. کارامەیی ڕەق کارامەییەکی بەرجەستە کراوە و بریتییە لەوەی کە کەسێ بڕوانامه‌ وەردەگرێ و دەبێتە خاوەن بڕوانامە. ئەم کارامەییە تەنها پەیوەست و تایبەتە بە خۆت وەکو تاکە کەس و، مەرج نییە ئەوەی خاوەنی بڕوانامە بێ بتوانێ سەرکەوتووبێ و ببێتە خاوەن کاری باش و گرنگ. بەڵام کارامەیی نەرم پێشی دەگوترێ بەرجەستە نەکراو و، تایبەتە بە شێوازی مامەڵەکردنی هەر یەکەمان لە گەڵ خەڵک، جا بڕوانامەمان هەبێ یان نا.

لە بەشێکی تری وانەکەیدا، هاتە سەر باسکردنی ئەو پێداویستییانەی لە پاڵ بڕوانامە بۆ بازاڕی ئەمڕۆی کار پێویستن. هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر جۆرەکانی کارامه‌یی نەرم، کە پێویستە هەر یەکەمان لە خۆیدا پەرەیان پێبدات.

له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی وانه‌كه‌یادا، باسی له‌وه‌ كرد، چۆن گرینگی بەخۆمان و تواناکانی خۆمان بدەین؟ دواتر جۆرەکانی کارامەیی نەرمی ژماردن و باسیشی كردن. بۆ نمونەی ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی به‌ توانای گفتوگۆکردن، نوسین و بەکارهێنانی زمانی جەستە و زمانپاڕاوی و وتاربێژی، كرد. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ توانای چارەسەرکردنی کێشە، سەرکردایەتی کردن، کاری تیم و پێکەوەیی، رەفتار و بنەمای کار و، هەروەها دەستکراوەیی لە کارکردن.