ده‌ستنووسخانه‌ی زانكۆی سۆران و بنكه‌ی ژین رێكه‌وتنێك واژۆده‌كه‌ن

69749696 2203095996485764 8562275157232582656 N

 

له‌ رۆژانی شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ی رێكه‌وتی ٢٤ و ٢٥ی ٨ی ٢٠١٩، دووه‌مین كۆنفرانسی ده‌ستنووسخانه‌ی زانكۆی سۆران، كه‌ تایبه‌ت كرابوو به‌ زانای گه‌وره‌ی كورد "ئیبن ئاده‌می باڵه‌ك" به‌ڕێوه‌چوو.

له‌م كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌دا، سه‌ره‌ڕای ژماره‌یه‌كی به‌رچاو كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ دامه‌زراوه‌ و ناوه‌نده‌كانی په‌یوه‌ست به‌ كاری ده‌ستنووس و پاراستنی ده‌ستنووس، بانگێشت كرابوون و به‌شداری كۆنفرانس بوون.

 له‌و نێوه‌دا بنكه‌ی ژین له‌ سلێمانی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پاراستنی ده‌ستنووس و كه‌له‌پووری زانایانی كورد، به‌شداربوو.

پێشتر له‌ مانگی چواری ٢٠١٩ دا، له‌ میانه‌ی به‌شداری له‌ كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستنووسخانه‌ی زانكۆی سۆران له‌ شاری پێنجوێن، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ زانای كورد "مه‌لا عه‌بدولڕه‌حمانی گه‌وره‌ی پێنجوێن" و، به‌ هاوكاری قایمقامیه‌تی قه‌زاكه‌، به‌ڕێوه‌چوو، شاندێكی زانكۆی سۆران به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز"د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، سه‌ردانی بنكه‌ی به‌ڵگاندن و لێكۆڵینه‌وه‌ی ژین ی له‌ سلێمانی كرد و، له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ ره‌وتی به‌ره‌وپێشبردنی كاره‌كانیان و ئه‌رشیفی ده‌زگاكه‌، ئاشنا بوو. له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ، ویڕای ده‌ستخۆشی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌زگاكه‌، ئاماده‌یی زانكۆی بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی دوولایه‌نه‌ ده‌ربڕی.

له‌ پێناوی كرده‌یی كردنی هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كان، له‌ میانه‌ی به‌شدارییان له‌ كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی ئیبن ئاده‌می باڵه‌ك، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان"د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆ" یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ و "پ.ی.د هێمن عومەر" سەرۆکی دەستنووسخانەی زانکۆ و "م. ره‌فیق ساڵح" سه‌رۆكی بنكه‌ی به‌ڵگاندن و لێكۆڵینه‌وه‌ی ژین، رێكه‌وتنێكی نۆ خاڵی له‌ نێوان دوو لایه‌ندا واژۆكرا، كه‌ له‌ داهاتوودا له‌ چه‌ندین بواری په‌یوه‌ست به‌ كاری ده‌ستنووس و پاراستن و هاریكاری توێژه‌ران و قوتابییان، پێكه‌وه‌ كاری هاوبه‌ش ده‌كه‌ن.