زانكۆی سۆران و ئەنستیتیوتی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئه‌نجامدانی چالاكی و په‌یوه‌ندی ئه‌كادیمی هاوبه‌ش رێككه‌وتن

75650441 592979424799441 396874082164932608 N

 

ڕۆژی هه‌ینی ١٥ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٩،  شاندێكی زانكۆی سۆران به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" سەرۆکی زانکۆی سۆران و، به‌ ئه‌ندامه‌تی به‌ڕێزان "د. نەهرۆ زاگرۆس" یاریده‌ده‌ری سەرۆکی زانکۆی سۆران بۆ كارووباری زانستی و "د.عادل باخەوان" سەرۆکی سەنتەری سۆسیۆلۆژیای عێراق لە زانکۆی سۆران، سەردانی ئەنستیتیوتی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئیرێمۆ)ی کرد و، لەلایەن به‌ڕێزان "پڕۆفیسیۆر ژان پۆل شانیەلۆ" سەرۆکی ئەنستیتیوت و "ئان میلەت" سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئەنستیتیوتەوە، پێشوازیان لێکرا.

لەدیدارێکی دۆستانەدا، هەردوو لا وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئه‌م یه‌كتر بینینه‌، باسیان لە دامه‌زراوه‌كانیان و چالاكییه‌كان كرد. له‌ ئه‌نجامی گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌ل و هه‌مه‌لایه‌ندا، بڕیاریاندا لە بوارە هاوبەشەکاندا پێکەوە و وەک دوو هاوبه‌ش، کار بكه‌ن.

له‌ وته‌یه‌كدا، به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، پێشنیاریکرد کە (ئیرێمۆ) هاریكاریان بکات بۆ کردنەوەی خولی پێگەیاندن بۆ خوێندکارانی ماستەر و دکتۆر لە بوارەکانی میتۆدی توێژینەوە و تیۆرییە جیاجیاکانی زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا، كه‌ له‌ لایه‌ن شاندی خانه‌خوێوه‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ وه‌رگیرا. ئامانجیش له‌م خولانە بریتییە لە ئامادەکردنی نەوەیەکی نوێی توێژەری کوردستانی، تا زیاتر  بەپێی ستاندارده‌ جیهانییەکان، توێژینەوەكانی خۆیان پێشكه‌ش بکەن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ردوو لا بڕیاریاندا، کە لە پاریس و هەولێر پێکەوە زنجیرەیەک سیمینار و کۆنفرانس  ئەنجامبدەن.

شایەنی باسە، (ئیرێمۆ) ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی فەرەنسییەوە پشتیوانی ماددی لێدەکرێت و کارایی ڕاستەوخۆی لەسەر درووستکردنی بڕیار لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست هەیە.

 جگه‌ له‌وه‌، ناوه‌ندی ناوبراو، خاوەنی گۆڤارەی (کۆنفلیۆنسە) کە تەمەنی بیست و نۆ ساڵە و تایبەتمەندە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هه‌ر له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆیانه‌وه‌، بڕیاریان دا كه‌ گۆڤاره‌كه‌ ده‌رگای بۆ توێژه‌رانی كوردستان بكاته‌وه‌.