به‌ڕێوه‌چوونی وۆركشۆپێك سه‌باره‌ت به‌ قوربانییانی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ و مەترسییەکانی لەسەر کۆمەڵگا

S

 

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٧ی١١ی٢٠١٩ لە فاکەڵتی یاساو زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن، بە ئامادەبوونی بەڕێزان "د.ڕشدی صمد " یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کارووباری کارگێڕی و دارایی، " د.هێمن میرانی " ڕاگری فاکەڵتی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران و چۆمان و هه‌روه‌ها قوتابییان ومامۆستایان، لە هۆڵی ئیسماعیل بێشکچی و بە هاوبەشی لە نێوان فاکەڵتی یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردن و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران، وۆركشۆپێك لەژێر ناونیشانی (ڕۆژی جیهانی قوربانییانی ڕووداوی هاتووچۆ)، به‌ڕێوه‌چوو. پێشکەشکارانی وۆركشۆپەکە پێکهاتبوون لە بەڕێزان "ڕائدی هاتووچۆ دلاوەر لەتیف، د.شهلە محمد، ڕائیدی هاتووچۆ عبدالرحمن سلگان ، م.ی.شماڵ گوێزانی" .

لە سەرەتای وۆرك شۆپەکە، "ڕائید دلاوەر" ڕووداوی هاتووچۆی بەوە پێناس کرد، کە بریتییە لە ڕووداوێکی دیاریکراو کە ڕووبەرووی مرۆڤ وەك بەکارهێنەری هۆیەکانی گواستنەوەو ئامێرەکانی هاتووچۆ دەبێتەوە. ئه‌م رووداوانه‌ لە ڕێگاوبانەکان ڕوودەدەن بەپێی شوێن و کات گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، کە لە ئەنجامی ڕەفتاری لاساری و هەڵەکانی تاکی کۆمەڵگا، یاخود درووستبوونی هەڵەیەکی تەکنیكی لە هۆیەکانی گواستنەوە، یان خراپی ڕێگاوبان یان گۆڕانی کەش و هەوا ڕوودەده‌ن.هەروەها وتی، ڕووداوی هاتووچۆ بە یەکێك لە کێشە سەرەکییەکان دادەنرێت، چونکە ئاسەواری زیانە کۆمەڵایەتی و ئابوری و تەندروستییەکانی ڕوو لە قوربانی ناکەن، بەڵکو بە شێوەیەکی تایبەت ڕوو لە خێزانی قوربانی و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی گشتی دەکەن.دواتر بەرێزیان جۆرەکانی ڕووداوی هاتووچۆی بۆ ئامادەبووان پۆلێنکردن و، بە پێی چەند داتایەك ئاماری زیانە مرۆیی وئابورییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئامادەبووان خستەڕوو .

دواتر "د.شهلە محمد" مامۆستا لە فاکەڵتی یاسا، هەڵەکانی مرۆڤ لە کاتی ڕوودانی ڕووداوی هاتووچۆ و هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بۆ ئامادەبووان شیکردنەوە و، لە ڕووی یاساییەوە تیشکی خستەسەر ئەو لایەنەی کە بەهۆی هەڵەی ئەو، ڕووداوەکە ڕویداوە، ئه‌مه‌ش بە لە ئەستۆ گرتنی گشت مافەکان و هەروەها قەرەبووکردنەوەی کەسی زیان لێکەوتوو لە لایەنی ماددی و تەندرووستییه‌وه‌.

لە بەشێکی تری وۆرك شۆپەکەدا "ڕائید عبدالرحمن" تیشکی خستەسەر گرینگی و کاریگەری ڕێگاوبانەکان لە بواری هاتووچۆدا. بۆ ئه‌مه‌ش ڕێگای هامڵتۆنی وەك نموونە بۆ ئامادەبووان هێنایەوە و وتی، ئەگەر سەرنجی هەر وڵات و نیشتیمانێك بدەین، دەبینین خاوەنی ژمارەیەك شاکاری ئەندازیارییە، کوردستانیش ژمارەیەك شاکاری ئاندازیاری کۆن و نوێی لە ئامێز گرتووە، یەکێ لەو شاکارە ئەندازیارییانە ڕێگای هامڵتۆنە، کە بەڕێزیان ڕۆڵ و گرینگی ئەم ڕێگایەو سەرەتای مێژووی درووستبوونی ئەم ڕێگایەی بۆ ئامادەبووان باسکرد. هەروەها باسی له‌ جۆری ڕێگاوبانەکان و ئەو پێویستییانە كرد، کە لەسەر حکومەت پێویسته‌ جێبەجێیان بکات.

دواتر "مفەوەچ ئیبراهیم" بە نیشاندانی چەند گرتە ڤیدیۆیەك، گرینگی بەستنی پشتێنەی سەلامەتی و کاریگەرییەکانی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، کەوا پشتێنەی سەلامەتی گرینگی خۆی هەیەو ئەبێتە هۆی پاراستنی گیانی هاوڵاتی لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.

لە کۆتایی وۆركشۆپەکشدا "م.شماڵ گوێزانی" لە ڕووی شەرع و ئایینەوە، باسی لە تیژڕەوی بۆ ئامادەبووان کرد و، ئاماژەی بەوەدا کەوا خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرمووێ بەندەکانم لەسەر زەوی ئەبێ بە لەسەرخۆ و نەرم و نیانی بڕۆن. کەواتە لە شەریعه‌تی ئیسلامیش، ئاماژە بە لەسەرخۆیی کراوە، چونکە تیژڕەوی لەوەیە ببێتە هۆکاری مردنی خۆیی و کەسی بەرامبەر. کەواتە بەگوێرەی فتوایەك ئەتوانین بڵێین تیژڕەوی یارمەتیدەرە بۆ کوشتن .

پێویستە ئەوەش بگوترێ کە پرسیار و تێبینییەکانی مامۆستایان و قوتابیان و ئامادەبووان، وۆركشۆپەکەیان دەوڵەمەندتر کردو، لە لایەن پێشکەشکارانیشەوە بە وردی وەڵامیان درایەوە .