چەمکی لێبوردەیی و لێکەوتەکانی لە وۆركشۆپێکدا باسی لێوەکرا

74611510 589405118462736 8965792591731752960 N

 

رۆژی دووشه‌ممه‌ ١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩، بە ئامادەبوونی بەڕێزان "د.بها‌ءالدین أحمد " سەرۆکی بەشی یاسا و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و قوتابییان، بەشی یاسای فاکەڵتی یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردن، وۆركشۆپێكی بۆ هەریەکە لە مامۆستایانی فاکەڵتی کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان " د.محمد خالد، م.ی. مهدی أمین، د.ماجدە ملا صادق "، بە ناونیشانی " چەمکی لێبوردەیی و لێکەوتەکانی" رێكخست.

سەرەتا " د. ماجدە" ئاماژەی بەوەدا کە ١٦ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانی لێبوردەییە، بۆیه‌ له‌م رۆژه‌دا چه‌ندین چالاكی سازدەکرێن، چونکە لەم بۆنە ساڵانەیەدا، خه‌ڵک و کۆمەڵگاكان بە دەرفەتێکی ئەبینن بۆ زیندوکردنەوەی بەهاکانی رۆشنبیرییه‌كان و بڵاوکردنەوەو جێگیرکردنی چەمکی لێبوردەیی. لەم ڕۆژەدا، لەنێو هه‌مووگەلانی جیهاندا ڕۆشنبیری و ئاشتەوایی و برایەتی بڵاودەکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕق و قین و کێشە و دووبەرەکی لەنێو تاکەکانی کۆمەلگا وەلابنێن و بڕۆن بەرەو کەلتوری برایەتی و یەکتر قبوڵکردن.

 هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوەش دا، کە سەرەتای سەرهەڵدانی بیرۆکەی ڕۆژی جیهانی لێبوردەیی ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٣، کاتێ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دەرکرد بەوەی کە ساڵی ١٩٩٥ ساڵی نەتەوەیی لێبوردنە، بەمەش ١٦ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی لێبوردەیی جیهانی دیاریکرا.

لە بەشێکی تری وۆرك شۆپەکەدا " مامۆستا مهدی ستونی " لێبوردنی سیاسی و کاریگەرییەکانی لەسەر بنیاتنانی کۆمەڵگا باسكرد و، هەرێمی کوردستانیشی وەك نموونە بۆ ئامادەبووان هێنایەوە و وتی، لێبوردەیی چەمکێکە بۆ لێخۆشبوون لە کەسانی بەرامبەر و پەیوەست بوون بە بەها ئەخڵاقییەکانی کۆمەڵگا. هەروەها وتی، لێبوردەیی بە هەموو کەس ناکرێ و هەموو کەس توانای لێبوردنی نییە. لێبوردەیی کارێکی مرۆڤایەتییە و پێویستە لەسەر ئێمە کەوا گرینگی پێ بدەین و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆمان کاری پێ بکەین، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئێمە. دواتر بەڕێزیان جۆرەکانی لێبوردەیی بۆ ئامادەبووان شیکردنەوە، بەوەی کە چەند جۆرێکن، ئەمانیش لێبوردەیی دینی، رەگەزی، چینایەتی، سیاسی و هەروەها فکری و ڕۆشنبیری. لە کۆتاییشدا، بنه‌ماكانی  لێبوردەیی و هەروەها رۆڵ و کاریگەرییەکانی حکومەت و دەوڵەتی لەسەر چەمکی لێبوردەیی بۆ ئامادەبووان باسکرد .

لە کۆتایی وۆركشۆپەکەدا " د.محمد خالد " باسی له‌وه‌ كرد، کەوا چەمکی لێخۆشبوون و لێبوردەیی لە قورئاندا و لە لایەنی دینییه‌وه‌ چۆن ئاماژەی پێدراوە. بۆ ئەمەش بەڕێزیان وتی، خودای گەورە لە قورئاندا گرینگییەکی زۆری بە لێخۆشبوون و لێبوردەیی داوە و، چەندین ئایەت لە قورئاندا هاتوون، کە باسی لێبوردەیی دەکه‌ن. گوتی، لە قورئاندا ٣٥ جار سه‌رنج خراوەتە سەر ووشەی لێبوردەیی و لێخۆشبوون. هەروەها وتیشی، پێغەمبەری خودا ( د.خ ) و هاوەڵەکانی، هەمیشە دڵیان پاك بووە لە بوغز و ڕق و قین و هەمیشە لێبوردە بوونە بەرامبەر کەسانی دەورووبەر .