بانگەشەی یەکسانی و توندوتیژی دژی ژنان لە دیبەیتێکدا باسی لێوەکرا

Sli

 

لە درێژەی بەردەوامی چالاکییەکانی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کە فاکەڵتی یاساو زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن رێكیخسووه‌، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩،  بە ئامادەبوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و قوتابییان، دیبەیتێك لە لایەن هەریەکە لە مامۆستایانی فاکەڵتی کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان " د.سۆران علی ، م.ی.طە حسن ، م.ی. نیشتیمان عثمان ، م.ی.شهلە صاڵح" به‌ ناونیشانی " بانگەشەی یەکسانی و توندوتیژی دژی ژنان " به‌ڕێوه‌چوو.

سەرەتا "د.سۆران علی" لە ڕووی یاساییەوە، باسی لەو دیاردەیە کرد. بۆ ئەمەش بەرێزیان ئاماژەی بە چەند ڕێگایەك دا، لەوانه‌ دەوڵەت لە ڕێگای یاساوە هەوڵبدا ئەو دیاردەیە لەناو کۆمەڵگا چارە بکات و لە ڕێگای رێكخستنی یاساوە چارەسەری بکات. ئەمیش بە ڕێگای بە تاوان ناساندنی هەندێ لەم توندوتیژیانەیە. هەروەها ڕێگایەکی تر تایبەتە بە خودی ئەو کەسەی کە تاوانەکە دەکا، بەمەش بتوانرێ جۆرە سزایەکی بەسەردا بسەپێنی، کە جارێکی تر بۆ ئەم کارە نەگەڕێتەوە. ڕێگایەکی تریش دیاریکردنی قەبارەی سزاکەیە، کە دەبێ بە قەد قەبارەی تاوانەکە بێ، چونکە ئەگەر سزاکەی کەمتر بوو لە تاوانەکە، ئەوا هیچ سوودێکی نابێ. دواتر بەڕێزیان تیشکی خستەسه‌ر گرنگترین ئەو سزایانەی، کە بۆ ئەم تاوانە دانراون. هەروەها ئاماژەی بە کۆمەڵێك لەو دیاردانەش کرد، کە لە رووی یاساییەوە بە توندوتیژی دادەنرێن، لەمانەش: بەزۆربەشوودان، لەباربردن، هەوڵ بۆ کوشتنی کەسێك، جنێودان لەنێو خێزان  و.... هتد "

لە تەوەری دووەمی دیبەیتەکەدت، "م.نیشتیمان عثمان" لە ڕووی یەکسانی و مافی ژنانەوە، ئاماژەی بەم دیارەدەیە کرد. هەروەها گرینگترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژیشی بۆ ئامادەبووان باسکردن. لە هۆكاره‌كانیش ئاماژه‌ی به‌مانه‌ كرد، یەکسان نەبوونی پیاو و ژن لە ماف، کە ده‌بێته‌ هۆی درووستبوونی جیاوازی، هەروەها نه‌دانی ده‌رفه‌تی یه‌كسان به‌ ژن و پیاو له‌ رووی كاره‌وه‌. هەروەها خاڵێکی تری هۆکارەکان مامەڵەی نەشیاوە بەرامبەر بە ئافرەت لە کردنی کارێك لە کۆمەڵگادا لەگەڵ چەندین هۆکاری تر.

دواتر بەڕێزیان په‌ڕژایە سەر باسکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و کارەکانیان لەناو کۆمەڵگادا، کە بە کەمتەرخەم وەصفی کردن، چونکە وەك باسی لێوه‌كرد، لە ئێستادا پرسی ئافرەت هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆیەوە نەدیوە، کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ ڕۆڵی ڕێکخراوەکان وەك پێویست نییە و، کارو چالاکییەکانیان تەنها بۆ خۆدەرخستنە  و تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیانە و بۆ پرسی ئافرەت نییە.

لە کۆتایی دیبەیتەکەشدا، "م.طە حسن" لە ڕووی شەریعەتی ئیسلامەوە، ئاماژەی بەم دیاردەیە کرد و وتی، کەوا لە سەردەمی بەر لە هاتنی ئیسلام توندوتیژی زۆر بەرامبەر بە ئافرەت هەبووە، بەڵام کە ئیسلام هات، ئەم دیاردەیە ڕاگیرا. هەروەها هۆکارو چارەسەرییەکانی ئەم دیاردەیەشی بۆ ئامادەبووان باسکردن و گوتی، لێك حاڵی نەبوونی ژن و پیاو یان توڕەبوون یان نەبوونی ڕۆشنبیری ئاینی و یاسایی و چەندین هۆکاری تر لە هۆکارەکانی توندوتیژین. هەروەها بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی، بەڕێزیان ئاماژەی بە چەندین خاڵ دا، لەوانه‌ نەرمونیانی بەرامبەر بە ئافرەت و ڕێزگرتنی و گرینگیپێدان و ڕاوێژکردن لەگەڵی، هەروەها سەیرکردنی ئافرەت بەوەی کە سەنگینە.