" نەخۆشی ئەیدز " لە سیمینارێکدا باسی لێوەکرا

Sliiiiii

 

رۆژی یەكشەممە ١ی دیسەمبەری ٢٠١٩، لەسەر ئاستی جیهان ڕۆژی " ئەیدز " ە. هەر بەم بۆنەیەوە لە فاکەڵتی یاساو زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن، بە ئامادەبوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و قوتابییان، سیمینارێك لە لایەن قوتابی قۆناغی دووەمی بەشی پەرستاری پەیمانگای تەکنیکی سۆران بەڕێز " مەڕوان ئیسماعیل " بەناونیشانی " نەخۆشی ئەیدز " و لەژێر سەرپەرشتی ڕێکخراوی تەندروستی ئاشتی، پێشكه‌شكرا.

سەرەتا قوتابی ناوبراو ئەیدزی بەوە پێناس کرد، کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە بەهۆی ڤایرۆسی ( Human immunodeficiency Virus )  تووشی مرۆڤ دەبێت، کە بەهۆی ئەم نەخۆشییەوه‌، سیستەمی بەرگری لەش لاواز دەبێت، چونکە ڤایرۆسی  ( HIV )  ئەو خانانە لەناودەبات، کە بەرپرسن لە پاراستنی لەش لە تەنی بێگانە، لەوانەش ( ڤایرۆس و بەکتریا و مشەخۆرەکان ..... هتد ). هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە مێژووی ئەیدز نادیارەو چەندین رای جیاوازی له‌باره‌وه‌ هه‌یه‌، بەڵام لە هەموویان زیاتر کە باسی لێوەدەکرێت گوایە بەهۆی ڤاکسینێکەوە کە لە مەیموون درووستکرابوو، پیسبوو بە ڤایرۆسی ئەیدز، بەمەش گوازرایەوە بۆ مرۆڤ.

نیشانەکانی نەخۆشی ئەیدز، تەوەرێکی تری سیمینارەکە بوو. بۆ ئەمەش بەڕێزیان ئاماژەی بەچەند نیشانەیەك دا، له‌وانه‌ ( تا، سەرئێشە، ژانی ماسولکەو جومگەکان، ئەستوربوونی لیمفە گرێیەکان، بێ هێزی، ئارەقکردن لە شەوان). هەروەها نیشانەکانی دوای قۆناغی سەرەتایی بریتین له‌ (هەستکردن بە بێتاقەتی، دەرکەوتنی برینی ناودەم، حەزنەکردن بە خواردن، سکچوونی بەردەوام، پچڕانی سووڕی مانگانە لە ئافرەت و چەندین نیشانەی تر).

لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا، بەڕێزیان په‌ڕژایە سەر باسکردنی ڕێگاکانی گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە و وتی، کە ڤایرۆسی ( HIV ) دەگوازرێتەوە لە ڕێگای گواستنەوەی خوێن و پێکهاتەکانی، شیری دایك، لە ڕێگای دایکی دووگیان بۆ کۆرپەکەی، لە ڕێگای سێکسکردن، هەروەها بەکارهێنانی دەرزی و موسی کەسی تووشبوو بەم نەخۆشییە. هەروەها باسی لە گرینگترین ئەو ڕێگایانەش کرد، کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ خۆپاراستن و دووربون لەم نەخۆشییە. بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییەش گوتی،  چارەسەرییەکی یەکجارەکی بۆ ئەم نەخۆشییە نییە، بەڵام هەندێ دەرمان بوونیان هەیە کە هەندێ لە نیشانەو ماکەکانی کەسی تووشبوو دوادەخه‌ن.

هەروەها بەپێی داتایەک كه‌ خستیه‌ به‌رچاو، هەر ٥ چرکەیه‌ك کەسێك تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت و هەموو ١٥ چرکەیه‌كیش کەسێك بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە دەمرێت. ڕۆژانە تووشبوونی نوێ زیاتر لە ٦٨٠٠ کەسە و ڕۆژانە مردنیش بەهۆی ئەیدز، زیاتر لە ٥٧٠٠ کەسە. لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ٣٧٩٠٠٠٠٠ حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراون. هەروەها بە پێی داتاو زانیاری نوێی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەیدز، لەمساڵدا ٢ حاڵەتی نوێی نەخۆشییەکە تۆمارکراون و، به‌مجۆره‌ش کۆی گشتی تووشبووانی ئەیدز لە هەرێم لە ساڵی ١٩٨٦ ەوە تا کۆتایی ٢٠١٨ گەیشتۆتە ٣٥ حاڵەت. تووشبووەکانیش ٩ حاڵەتیان لە ڕەگەزی مێ ن و،٢٦ حاڵەتیشیان لە ڕەگەزی نێرن. ساڵانە زیاتر لە ٣٥٠ هەزار پشکنینی ڤایرۆسی ئەیدز لە هەرێم ئەنجامدەدرێن.

لە کۆتاییشدا بە نمایشکردنی کورتە شانۆیەك بۆ ئامادەبووان، کاریگەری و بارودۆخی کەسی تووشبوو بەم نەخۆشییە لەناو خێزان و کۆمەڵگادا، خرایەڕوو.