لە کۆتا ڕۆژی هەڵمەتی نیشتیمانی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان، کە لە فاکەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن، بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوامی هەبوو، رۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٠١٩، لە هۆڵی ئیسماعیل بێشکچی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابییان، وۆركشۆپێك بە ناونیشان "فۆڕمەکانی توندووتیژی خێزانی و کاریگەری لەناو کۆمەڵگادا" لە لایەن هەریەکە لە بەڕێزان "د.ماجده علی ، م.ی.گۆڤەند جوتیار ، پ.د.پەخشان صابر ، پ.ی.د.ڕوناك حمید عثمان، بەڕێوەچوو.
لە تەوەری یەکەمی وۆركشۆپەکەدا، لە لایەن "د.ڕوناك حمید"، بابەتی توندوتیژی دژ بە بەساڵاچووان ئاماژەی پێدرا و، گوتی، بەساڵاچوو ئەو کەسەیە، کە تەمەنی هەڵکشاوەو لە لایەنی جەستەیی لاواز بووە و هزرو بیری بەرەو کزی ڕۆیشتووە. دواتر ئاماژەی بەوە دا، کە لە سەردەمی ئێستادا توندووتیژی زۆر بەرامبەر بە کەسانی بەساڵاچوو دەکرێ، هەم لەناو خێزان و هەم لە خانەکانی بەساڵاچووان.
دواتر ئاماژەی بە شێوازەکانی توندووتیژی کرد و تیشکی خستە سەر توندووتیژی جەستەیی و دەروونی.
تێڕوانینی شاعیران دژ بە توندوتیژی تەوەری دووەمی وۆركشۆپەکە بوو. بۆ ئەمەش "پ.د.پەخشان" گوتی، شاعیران لەمڕووەوە تێڕوانینی خۆیان هەبووە و لە هۆنراوەکانیان باسیان لە ژن کردووەو بە بایەخەوە سەیری ژنیان کردووە، جگە لە چەند حاڵەتێك نەبێت کە شاعیران لە کاتی توڕەییدا هۆنراوەکانیان ڕق و قینی بەرامبەر بە ژنان پێوە دیارە.
هۆکارەکانی توندووتیژی دژ بە ژنان و خێزان، تەوەرێکی تری وۆركشۆپەکە بوو، کە بە ڕای "م.گۆڤەند" چەندین هۆکار دەبنە هۆی توندووتیژی، لەوانەش هۆکاری پەروەردەیی و نەبوونی ڕۆشنبیری لەنێو خێزان و کۆمەڵگا و هەروەها داب و نەریت. هەر لە درێژەی بابەتەکەیاندا ئاماژەی بە چەند هۆکارێکی تر کرد، لەوانە، نەبوونی پێداویستییەکان بۆ ژیان و، بوونی هەندێ خووی وەك خواردنەوە و جگەرەکێشان، کە دەبنە هۆکاری کێشە لەنێوان خێزان و لە ئەنجامدا توندوتیژی لێدەکەوێتەوە. ئەمە جگە لە بێکاری و نەبوونی ئابوورییەکی باش و ناجێگیری وڵات و جەنگ و ئاژاوە.
لە کۆتایی وۆركشۆپەکەشدا، "د.ماجدە" باسی لە یەکسانی و دادپەروەری کرد لە نێوان ژن و پیاو و ئاماژەی بەوەدا، کە ئێمە وەکو ئافرەت لە نێوان یەکسانی و دادپەروەری، دادپەروەریمان دەوێ.