ڕۆژی جیھانی چیا لە پانێڵێکدا

Slider

 

بەشی جوگرافیای فاکەڵتی ئادا، رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٢/١٠،  پانێلێک لە ڕۆژی جیھانی "چیا"دا، بەڕێوەبرد. بەرنامەی پانێلەکە بەمشێوەیەی خوارەوە بوو:

لە سەرتادا، لەلایەن بەرێوەبەری پانێلەکە بەڕێز "پ.ی.دئازاد ھیدایەت حسن" تیشک خرایەسەر مێژووی دیاریکردنی رۆژی چیا، گرنگی چیا لە ھاوسەنگی زەویی.  دواتر  پێشکەشکاران بابەتەکانییان خستەروو ، کە بریتی بوون لەمانەی خوارەوە:

١- "پ.ی.د.ئامانج احمد حمدامین" بابەتێکی سەبارەت بە رۆڵی چیاکان لە ڕاکێشانی گەشتیاران لە ھەرێمی کوردستان، قەزای رواندز وەک نموونە، پێشکەشکرد. لەم سیمینارەدا ناوبراو بە ووردی تیشکی خستەسەر رۆڵی چیاکان لە راکێشانی گەشتیاران و گرنگی شوێنە گەشتوگوزارییەکانی قەزای رواندز، کە ھەڵکەوتی بەرزی و نزمی، بەتایبەت ناوچە چیاییەکان، دیمەنێکی گونجاو و دڵڕفێنی رەخساندووە و، بووەتە ھۆی راکێشانی گەشتیاران لە ھەموو وەرزەکانی ساڵ.

٢- "د.ھێمن محمد اسماعیل" بابەتێکی بە ناویشانی «ووزەی نوێبوەوە لە ناوچە شاخاوییەکان» پێشکەشکرد. لەم سیمینارەدا، گرنگی ناوچە شاخاوییەکان سەبارەت بە ووزە نوێبوەوەکان خرایەڕوو، لەوانە « تیشکی خۆر ، با، ئاو»، کە پێویستییەکی گرنگی رۆژانەی مرۆڤن و، دەتوانن جێگەی ووزەی «نەوت ، گازی سروشتی، خەڵوز» بگرنەوە.

٣- "د.عمر حسن حسین" یش، بابەتێکی بە ناونیشانی«جۆرەکانی چیا و فاکتەرەکانی جێگیربوونییان» پێشکەشکرد. مامۆستای ناوبراو بەشێوەیەکی فراوان باسی لە گرنگترین جۆری چیاکان کرد لە جیھاندا و، فاکتەرەکانی درووستبوونی چیاکان و جیاوازی لە درووستبوونیانی، بەووردی خستەڕوو. لە بەشی کۆتاییشدا باسی لە سوودەکانی چیا کرد، لە لایەنی سرووشتی و مرۆییەوە.

٤- هەر لەم پانێلەدا،  "م. جنان رحمان ابراھیم"یش، بابەتێکی بە ناونیشانی  « چیا ئۆقیانوسییەکان» پێشکەشکرد. لە باسەکەیاندا، پەرژایە سەر  دروستبوونی بەرزی چیا ئۆقیانوسییەکان و  دابەشبوونی جوگرافییان لەنێو ئۆقیانوسەکان. لە كۆتاییشدا بەوردی باسی لە دەرھاوێشتەی بورکانی کرد لە نێو ئۆقیانوسەکان و رۆڵیان لە درووستبوونی چیا ئۆقیانوسییەکان.

٥- "م.ی.شێروان حسێن" دوایین پێشکەشکاری پانێلەکە، بابەتێکی بە ناونیشانی «تایبەتمەندی ھەرێمی چیایی، پارێزگای ھەولێر وەک نموونە» پێشکەشکرد. لەم سیمینارەدا لە سەرەتادا باس لە چەمکی ھەرێم و سنوری ھەرێمی چیایی کرا، دواتر تایبەتمەندی ھەرێمی چیایی پارێزگای ھەولێر لەڕووی « بەرزی و نزمی، خاک، ئاو و ھەوا، دەرامەتی ئاو ، رووەکی سروشتی و ئاژەڵ و بالندەی کێوی » بە فراوانی باسی لێوەکرا و، تایبەتمەندی ھەرێمێ چیایی پارێزگای ھەولێر بە بەراوورد لەگەڵ بەشەکانی تری پارێزگای ھەولێر و ناوچەکانی دەورووبەری، خرایەڕوو.

لەکۆتایی پانێلەکەشدا دەرفەتی پرسیارو گفتوگۆکردن درا بە مامۆستایان و قوتابییان.