بەڕێوەچوونی سیمینارێک لەژێر ناونیشانی " زمان لە چەند گۆشە نیگایەکی جیاوازەوە"

87288549 3077615875616878 4779741654858858496 O

 

رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٠/٢/٢٤ لە هۆڵی ئیسماعیل بێشیكچی فاكه‌ڵتی ئاداب، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و قوتابییان، سیمینارێک به‌ ناونیشانی  (زمان لە چەند گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە)، به‌ به‌شداری هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان "د. فازل حه‌مه‌ سه‌عید، م. هه‌ندرێن و م. هۆشه‌نگ دارا" رێكخرا.

لە سەرەتادا، د.فاضل حمه سعید، مامۆستا لە بەشی زمانی عه‌ره‌بی سیمیناره‌كه‌ی خۆی پێشكه‌شكرد و تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌:

<<پێویستی زمانی كوردی به پلاندانانی زمانه‌وانی>>

پلاندانانی زمانه‌وانی ( التخطیط اللغوی، Language planning)

- چه‌مكی پلاندانانی زمانه‌وانی ‌(التخطیط اللغوی،Language planning) له‌ ساڵی ١٩٥٩ له‌سه‌ر ده‌ستی (Einar Haugen)ی نه‌رویجی ده‌ركه‌وتوه.

- ناوه‌ڕۆكی ئه‌م چه‌مكه‌ بریتیه له‌ ده‌ستنیشانكردنی كێشه‌كان و‌ دیاریكردنی ئامانجه‌كان و گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌چاره‌ پێویسته‌كان بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌. ئه‌مه‌ش به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی پێگه‌ی زمان.

دیارترین كێشه‌كانی زمانی كوردی:

٭ دیارنه‌بونی زمانی دایك.

٭ نه‌بوونی زمانی یه‌كگرتوو (ستاندارد).

٭ كێشه‌ی فه‌رهه‌نگی.

٭ گرنگیدان به‌ زمانه‌ بێگانه‌كان له‌ قوتابخانه‌كاندا.

نازانرێت دیالێكته‌كانی زمانی كوردی، كه‌ی و چۆن لێك جیابوونه‌وه‌؟

ئه‌مه‌ش كێشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی دیالێكته‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌‌.

له‌ به‌شێك له‌ سیمیناره‌كه‌یدا، ئاماژه‌ی به‌ رایه‌كی مامۆستا مه‌سعود محه‌ممه‌د كرد، كه‌ ده‌ڵێ: ( زمانەکەمان زۆر و کەم سەرگوزەشتی نیو مەعلومیشی نیە، کەس ناتوانێ بڵێ بەر لە هەزار ساڵ زمانی کوردی چۆن بووە و لەهجەکانی لە چ بارێکدا بوون،..... چەند لەهجە بوو، لەهجەکانی لە چییەوە پەیدا بوون و چۆن لە یەکتر دوورکەوتنەوە، بۆچی دورکەوتنەوە؟)

نه‌بوونی زمانی ستاندارد.

كه‌ زمانی ستاندارد نه‌بوو كێشه‌ی لێكنه‌گه‌یشتن ڕووده‌دات.

كێشه‌ی په‌نابردن بۆ زمانی تر ڕووده‌دات.

لێره‌وه‌ گرنگی دیاریكردنی زراوه‌یه‌ك به زمانی ستاندارد ده‌رده‌كه‌وێت.

له‌گه‌ڵ گرنگی پاراستنی هه‌موو زاراوه‌كان وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی"به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی خۆیاندا.

كێشه‌ی فه‌رهه‌نگی:

زاڵبونی عه‌ره‌بی و فارسی و توركی.

بژارنه‌كردنی پێویست.

زاڵكردنی وشه‌ی بێگانه‌،به‌ تایبه‌تی ئینگلیزی، شانازیكردن بە بەكارهێنانیه‌وه‌.

نه‌بوونی ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ دانانی وشه‌ی كوردی به‌رامبه‌ر وشه‌ بێگانه‌كان.

گرنگیدان به‌ زمانه‌ بێگانه‌كان له‌ قوتابخانه‌كاندا

خوێندن به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییدا و پشتگوێخستنی كوردی، كه‌ له‌م قۆناغه‌دا پێویسته‌ گرنگیه‌كی تایبه‌ت به‌زمانی دایك بدرێت.

گرنگیدان به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ كه‌ناڵ و به‌رنامه‌ی منداڵاندا. كاتێك هاوڵاتی یان منداڵ یان قوتابی ده‌بینێت زمانێكی بێگانه‌ زیاتر گرنگی پێده‌درێت،ورده‌ ورده‌ ئه‌و گرنگی پێدانه‌ له‌ نه‌ستیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌، تا ئه‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی به‌ چاوێكی باڵاتر بۆ زمانه‌ بیگانه‌كه‌ بڕوانێت.

* سیمیناری دووەم، لە لایەن مامۆستا (هەندرێن) لە بەشی کوردی پێشکەشکرا، كه‌ لەژێر ناونیشانی (زمان ئاوەڵاییەک لە ئاکاری تووندوتیژانە بە دژی بێ ئێتیکی ئەوانیتر).

هەندرێن لە پێشەکیدا بە رێگەی ئەو پرسیارانەوە گوتی لە روانگەی هەڵوەشانەوەخوازیی ژان دێریداوە وەڵامی ئەو پرسیارانە بە خوێندنەوە ئەزموونی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی دەدەینەوە. پرسیارەکانیش بریتین لە: زمان ئه‌و پرسیاره‌ ئاوه‌ڵا ده‌کاته‌وه‌ که‌ چۆن ئێمه‌ خۆمان له‌ زمان نزیک بکه‌ینه‌وه‌؟ زمان چۆن بوونمان بینراو ده‌کا و بانگمان ده‌کا؟ دواجار زمان چۆن ده‌دوێ؟

زمان چۆن ئاکاری خۆی ئاوەڵا دەکاتەوە؟

ژاک دێریدا (١٩٣٠-٢٠٠٤) دەڵێ: «بۆشایی شوێنی هەڵوەشاندنەوە ئاکار، ئێتیکە.»

ئەو پێناسەکردنە ئامانجێکی رەخنەیی هەیە، لەسەر دوو ئەمانجدا وەستاوە.

یەکەمیان، دێریدا جەخت لەسەر زمان دەکاتەوە،

ئەمەیش بە رەهەندی ئاکارمان دەبەستێتەوە،

دووەم، خۆ بەستانەوە بەو ئاکارە کە دەبێ زمان بگات بە خۆبەستانەوە بە شێوەیەک لە بێ ئاکاریی.

مرۆڤ دەکرێ بە پێچەوانەی ئەو دوو تێگەیشتنەوە بڵێت، کە دەبێ ئاکاری هەڵوەشاندنەوەخوازیی لە زماندا ببینرێت، یان بە واتای دێریدا لە نووسیندا ببینین.

هەروا مرۆڤ هەوڵبدات کە ئەو خۆبەستانەوە بە ئاکارە، لە ئاوەڵابوون بە رووی بەرانبەردا بدۆزیتەوە.

لەو روانگەیەوە هەندرێن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە خانی بە نووسینی "مەم و زین" کردەیەکی مەترسیدار لەناو زمانی کوردیی و بەرانبەر ئەوانیتریش، واتە زمانی زاڵ رادەگەیەنێت. ئیتر لەو داستانە بە دواوە، کە کردەیەکی تووندوتیژانەی ئاکارییە بەرانبەر نائێتیکی ئەوانیتر، رووبەرووی مەترسی بۆتەوە.

دوای دوو سەدە، حاجی قادر بە کردەیەک لە ئاکاری زمان، بوونی کورد دەبەستێێتەوە بە زمان، بەمەیش گوتاری زاڵی زمانی ئەوانیتر هەڵدەوەشێنێتەوە.

بە کورتی ئەو دوو شاعیرە بە کردەیەک لە ئاکاری زمان، بوونی کورد بەناو دەکەن، ئەمەیش وایکرد کورد هەم ببێتە مەترسی بەرانبەر ئەوانیتر و هەمیشە بۆ زمان، بوونی خۆی.

سیمیناری سێیەم: لە لایەن "م.هۆشەنگ دارا"، مامۆستای بەشی یاساو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشکەشکرا. ناوبراو له‌ باسه‌كه‌یاندا،په‌رژایه‌ سه‌ر رۆڵی زمان له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ بیری ناسیۆنالیستییان تێدا زاڵه‌ و زۆر گه‌شه‌ی سه‌ندووه‌. هه‌روه‌ها باسێكیشی له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمان و بیری فاشیزم كرد.

راپۆرت و ێنه‌: شوان مه‌مه‌ندی