هه‌ڵاتن به‌ دوای كۆڕۆنادا

Bahaaddin

 

هه‌موو كاتێك په‌له‌ نه‌كردن له‌ بڕیاردان، باشتربووه‌ له‌ په‌له‌كردن؛ چونكه‌ هه‌ر بڕیار و حوكمێك به‌شێكه‌ له‌ وێناكردن و تێگه‌یشتنی تێكڕای ئه‌و هه‌موو قه‌یران و نه‌خۆشیانه‌ی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی پێدا تێپه‌ڕیوه‌. له‌ سه‌ره‌تای شارستانیه‌تی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌، به‌ زمانێكی ڕاشكاوانه‌ پێمان ده‌ڵێت، مرۆڤ به‌شێكه‌ له‌و بوونه‌وه‌ره‌ جۆراوجۆرانه‌ی دونیا، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت بیر له‌ كارێك بكاته‌وه‌ به‌ده‌ربێت له‌ بیرمه‌ندی و زانستی. بۆیه‌ یه‌كێك له‌و یاسایانه‌ی خوای گه‌وره‌ له‌ نێو بوونه‌وه‌ره‌كانیدا چه‌سپاندووه‌، بریتییه‌ له‌ به‌یه‌كه‌وه‌گرێدانی سروشتی تێكڕای دونیا و پێكهاته‌كانی.

ناردنی پێغه‌مبه‌ران (درود و سڵاوی خوایان له‌سه‌ر بێت) ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، خه‌ڵك ڕزگاریان ببێ له‌ به‌ندایه‌تیكردنی دونیا. ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای به‌گه‌ڕخستنی عه‌قڵ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری. به‌واتایه‌كی تر، عه‌قڵی مرۆڤ تاكه‌ ناوه‌ندی بانگه‌وازی پێغه‌مبه‌ران (درود و سڵاوی خوای له‌سه‌ر بێت) بووه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی، ته‌نانه‌ت پێوه‌ری ڕێز و پله‌وپایه‌ به‌رزی هه‌ر مرۆڤێك له‌لای خوای گه‌وره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پله‌ی زانستی.

هه‌موو ئه‌و ئه‌حكامانه‌ی له‌ فیقهی ئیسلامیدا چه‌سپاون بۆ موسڵمانان، پشكی گه‌وره‌ی دوای دین، به‌ به‌ر پاراستنی گیانی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌وێت، واته‌ له‌ جێگیركردنی هه‌ر حوكمێك پێشینه‌ بۆ پاراستنی خودی مرۆڤه‌، چونكه‌ تێكڕای شه‌ریعه‌تی ئیسلام و په‌یامه‌كانی تری پێش په‌یامی پێغه‌مبه‌ریش (درود و سڵاوی خوای له‌سه‌ر بێت) ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پاراستنی مرۆڤه‌كان هاتوون.

تێكڕای زاناكانی ئیسلام به‌ هه‌موو مه‌زهه‌به‌كانه‌وه‌ له‌ سوننه‌ و شیعه‌، كۆكن له‌سه‌ر ڕه‌چاوكردنی باری ته‌ندرووستی مرۆڤ پێش ڕوونكردنه‌وه‌ی حوكمی هه‌ر بابه‌تێك، وه‌ك: بابه‌ته‌كانی نوێژ و ته‌واوكارییه‌كانی و ڕۆژوو و حه‌ج...

له‌م ڕۆژگاره‌دا، ڤایرۆسی كۆڕۆنا به‌رۆكی گیانی مرۆڤه‌كانی گرتووه‌، ئه‌مه‌شیان به‌شێكه‌ له‌ سروشتی دونیا. هه‌موو تاكێك له‌ ئاستی خۆیدا له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشییه‌دایه‌ یان به‌ره‌نگاری ده‌بێته‌وه‌.

پێویسته‌ له‌ ڕووی فیقهی ئیسلامیه‌وه‌، وه‌ك موسڵمان ڕووبه‌ڕووی ئه‌م باره‌ له‌ناكاوه‌ ببینه‌وه‌ به‌ شێوازێكی زانستی و، دوور له‌ هه‌موو سۆزێك،كه‌ تێیدا ڕه‌چاوی گیانی مرۆڤ بكرێت وه‌ك پێشینه‌ی هه‌موو ئه‌حكامه‌كان و، گرتنه‌به‌ری تێكڕای ئه‌و ڕێگایانه‌ی ده‌بنه‌ هۆكاری له‌ناوچوونی ڤایرۆسه‌كه‌ و ڕزگاربوونی مرۆڤ.

یه‌كێك له‌و سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كیانه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ تاكو ئێستا، بریتییه‌ له‌ خۆپاراستن له‌ هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ رێگا خۆشده‌كه‌ن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی. به‌تایبه‌تی شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان، كه‌ وه‌ك ئاماژه‌ پێده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌ رێگاكانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌یه‌.

بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ ئێستادا، وه‌ك بارێكی له‌ناكاو نوێژی به‌كۆمه‌ڵ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ڕابگیرێت، به‌تایبه‌ت له‌ مزگه‌وته‌كانی ناو بازاردا، چونكه‌ له‌ بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا هاتووه‌، كاتێك مرۆڤ ڕووبه‌ڕووی دوو زه‌ره‌ر بووه‌وه‌ ناچاربوو یه‌كێكیان ئه‌نجام بدات، ئه‌وه‌ ده‌بێت زه‌ره‌ره‌ كه‌مه‌كه‌ هه‌ڵبژێرێت.

له‌كۆتاییدا پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو موسڵمانێك، گیانی خۆی بپارێزێت وه‌كو حوكمێكی شه‌رعی، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی واجبه‌كان به‌ ئه‌ندازه‌ی توانا. بێ گومان ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ هه‌ڵقوڵاوی زانستی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌ و دووره‌ له‌ هه‌موو سۆزێك.