راگه‌یاندنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك بۆ په‌ره‌پێدانی توانای قوتابییان

48081789 774148179599935 3677502246108528640 N

 

رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٢/١٢/٢٠١٨، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و راگرانی فاكه‌ڵتی ئاداب و فاكه‌ڵتی یاسا و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو مامۆستا و قوتابی، سه‌رۆكایه‌تی به‌شی زمانی ئینگلیزی و سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی كار له‌ زانكۆی سۆران، له‌ رێوڕه‌سمێكدا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ راگه‌یه‌ندران، كه‌ مه‌به‌ستی كۆی پڕۆژه‌كان بریتییه‌ له‌ په‌ره‌پێدان به‌ توانای زانستی قوتابییان.

له‌ سه‌ره‌تادا، به‌ڕێز "م. سه‌روان حه‌سه‌ن" له‌ پرێزنته‌یشنێكدا، پڕۆژه‌كان و ورده‌كارییه‌كانی هه‌ریه‌كه‌یانی بۆ ئاماده‌بووان شیكردنه‌وه‌. دواتر به‌ڕێز "رێڤین مزووری" به‌رپرسی به‌شی خوێندن و په‌روه‌رده‌ له‌ قونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر له‌ وته‌یه‌كدا، وێڕای ده‌ربرینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاماده‌بوون له‌ زانكۆ، ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی قونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا كرد و گوتی: كه‌ به‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی كاری زانكۆی سۆران، هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و پڕۆژانه‌ ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌ و هه‌روه‌ها گه‌شه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌ده‌ن.

دواتریش به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ وته‌یه‌كی كورتی پێشكه‌شكرد. به‌ڕێزیان له‌ وته‌كه‌یاندا، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی، باسی له‌ گرنگی ئه‌و كار و پڕۆژانه‌ كرد. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا، به‌رێزیان گوتی: خۆشحاڵێن كه‌ له‌ زانكۆی سۆران كاتێك دێینه‌ سه‌ر سه‌كۆ و قسه‌ ده‌كه‌ین، ته‌نیا قسه‌مان پێ نییه‌، به‌ڵكو پرۆژه‌ی زۆر كاریگه‌ر و به‌هێز دێنینه‌ گۆڕێ، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ وای كردووه‌  خاوه‌نی نه‌وه‌یه‌كی وشیار و سه‌ركه‌وتوو بین و له‌ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانماندا، نه‌وه‌ستین.

شایه‌نی باسه‌ پڕۆژه‌كان بریتین له‌:

١- پێشبڕكێی وتاردان (بۆ قوتابییان) (public speaking competition)

٢- پێشبڕكێی دیبه‌یتی زانستی

٣- كۆنفڕانسی زانستی به‌شی زمانی ئینگلیزی – ئاداب

٤- خوله‌كانی فێربوونی زمان

٥ـ كورتكردنه‌وه‌ی كتێب

 

وێنه‌: دڵشاد، فاروق عه‌زیز