قوتابییه‌كی زانكۆی سۆران له‌ یاری تایكواندۆ سێیه‌می سه‌ر ئاستی عێراق به‌ده‌ستدێنێ

Viber Image 2020 02 20 19 49 14

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ رێكه‌وتی ١٤/٢/٢٠٢٠، یاری پاڵه‌وانێتی هونه‌ری به‌رگری تایكواندۆ له‌سه‌ر ئاستی عێراق له‌ شاری به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، قوتابی به‌شی زمانی ئینگلیزی فاكه‌ڵتی په‌روه‌رده‌ی زانكۆكه‌مان "عه‌لی عه‌بدولموته‌لیب"، وه‌ك یه‌كێك له‌ وه‌رزشكارانی ئه‌و پێشبڕكێیه‌، به‌شداریكرد.

له‌ پێشبڕكێكه‌كه‌دا، كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ یاریزانان له‌ سه‌رجه‌م یانه‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌شداربوون، عه‌لی توانی به‌ نیشاندانی ئاستێكی به‌رز، پله‌ی سێیه‌می سه‌ر ئاستی عێراق له‌ كیشی 74 كیلۆگرام به‌ده‌ستبێنێ.

پێویسته‌ بگوترێ ناوبراو جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ ریزی قوتابییه‌ یه‌كه‌مه‌كانی به‌شه‌كه‌یه‌تی، ساڵی پاریش یه‌كه‌می سه‌ر ئاستی پارێزگای هه‌ولێر بوو و، وه‌ك یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ یاری تایكواندۆ، ده‌ستنیشانكرابوو.

شیاوی ئاماژه‌پێدانیشه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 20/2/2020، له‌ لایه‌ن به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران پێشوازی لێكرا. له‌و دیداره‌دا به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ ده‌ربڕی و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ خواست و ئاماژه‌شی به‌وه‌ دا، كه‌ وه‌كو زانكۆی سۆران هه‌رده‌م هانده‌ر و پاڵپشتی قوتابییانی خۆمان ده‌بین له‌ پێناوی په‌ره‌پێدان به‌ تواناكانیان و به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنی زیاتر.