پێشكه‌شكردنی چه‌ند سیمینارێك سه‌باره‌ت به‌ زمان و زمانی دایك

Sli

 

زمان ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ و، هۆیه‌كه‌ بۆ په‌یوه‌ندیكرن و لێكتێگه‌یشتن. هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ ناساندن و ئاشناكردنی كولتۆر و دابونه‌ریتی خۆی، پێویستی به‌ زمانه‌. 

به‌ مه‌به‌ستی بره‌ودان و گرنگیدانی زیاتر و پارستن و هێشتنه‌وه‌ی زمانی كوردی به‌ زیندوویی، رۆژی سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٥/٢/٢٠٢٠ له‌ فاكه‌ڵتی ئاداب له‌ هۆڵی ئسماعیل بێشیكچی، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان  و قوتابییان، زنجیره‌یه‌ك سیمینار له‌ ژێرناونیشانی (زمان و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ) له‌ لایه‌ن  قوتابییانی قوناغی چواری به‌شی كوردی به‌ڕێوه‌چوون.

 له‌ سه‌ره‌تادا، له‌لایه‌ن "د.په‌روین عوسمان"  وتارێك له‌ باره‌ی مێژووی رۆژی جیهانی  زمانی دایك  پێشكه‌شكرا  و، تیشكی خسته‌سه‌ر هۆكاره‌كانی  دیاریكردنی ئه‌م رۆژه‌ به‌ رۆژی زمانی دایك. دواتر له‌ دوو به‌شی جیادا چه‌ند سیمیناریك پێشكه‌شكران. له‌و زنجیره‌ سیمینارانه‌دا، كه‌ له‌ژێر ناونیشانی (زمان، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌)، به‌ڕێوه‌چوون، هه‌ریه‌ك له‌م قوتابییانه‌ بابه‌تیان پێشكه‌شكرد: "قه‌دریه‌ مامه‌ند، بێژان ره‌سوڵ، شه‌هێن ئه‌سعه‌د،عه‌بدولقادر مسته‌فا، مه‌ریم عبدلرحمان"، كه‌ تیشكیان خسته‌ سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ زمانی كوردی.

قوتابییان به‌ گرنگییه‌وه‌ باسیان له‌ رۆژی زمانی دایك و ئه‌نجامدانی ئه‌م سیمینارانه‌ كرد. 

قوتابی "عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا" ده‌ڵێت: زمانی دایك واتا هه‌بوونی من. زمان واتا شوناسی  تاك. داواكارم  له‌ زانكۆ و حكومه‌ت كاربكه‌ن بۆ دانانی زمانێكی كوردی ستاندارد، بۆ ئه‌وه‌ی زمانه‌كه‌مان پارێزراو ببێت.

هه‌روه‌ها قوتابی "ئیمان ستار" قوناغی چواری به‌شی كوردی له‌باره‌ی رۆژی زمانی دایك وتی: من وه‌ك تاكێكی كورد تایبه‌تمه‌ندییه‌ك كه‌ خۆمی پێبناسێنم زمانه‌. بۆیه‌ هه‌وڵی ته‌واوم داوه‌ زمانه‌كه‌م بپارێزم. له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، ئیمانگی گوتی، ئیمه‌ی قوتابی پێویسته‌ له‌سه‌رمان گرنگی  و تایبه‌تی ئه‌م رۆژه‌ بزانین و هه‌موومان پێكه‌وه‌ كار بۆ پارستنی زمانی دایك بكه‌ین. داواكاریشم له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندار به‌ پلان و به‌رنامه‌ كاربكه‌ن بۆ ده‌ستنیشانكردنی زمانی ستانداردی كوردی، بۆ ئه‌وه‌ی زمانی كوردیش بخرێته‌ نێو زمانه‌ ستاندارده‌ جیهانیه‌كان.

مێژووی رۆژی جیهانی زمانی دایك، سه‌ره‌تا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1952 پاش سه‌ربه‌خۆیی  هیندستان  و جیابوونه‌وه‌ی پاكستان له‌ هیندستان، كه‌ ئه‌وكاته‌ به‌نگلادش به‌ پاكستانه‌وه‌ لكێندرابوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا زمانی فه‌رمی پاكستان له‌ هه‌ردوو به‌شی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتدا زمامی ئۆردوو  بوو و له‌به‌شی رۆژهه‌ڵات  كه‌ به‌نگالی بوو ناچار بوون زمانی ئۆردوو له‌ په‌روه‌رده‌ و چه‌ندین بواری ژیاندا به‌كاربهێنن.

له‌ ساڵی 1952 كۆمه‌ڵێك قوتابی زانكۆی به‌نگلادیشی كه‌مپینێكیان بۆ زمانی به‌نگالی سازدا تا له‌ هه‌رێمه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی پاكستاندا به‌كاربهێنرێت. به‌ڵام  حكومه‌تی پاكستان ئه‌و داواكارییه‌ی ره‌تكرده‌وه‌. قوتابییانی به‌نگالی بانگه‌وازی مانگرتنێكی  گشتییان  كرد و پێداگیریان له‌سه‌ر داوا ره‌واكانی خۆیان كرد. ئه‌مه‌ش وایكرد رۆژی 21ی شوبات  ی ساڵی 1952 له‌لایه‌ن پولیسی پاكستان ته‌قه‌ له‌ قوتابییان بكرێت، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا چه‌ندان قوتابی گیانیان له‌ ده‌ستدا. وه‌ك رێزگرتنێك له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌  رۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1999 به‌ فه‌رمی  وه‌كو رۆژی زمانی دایك ده‌ستنیشان كرا.

 

راپۆرت: رۆژهات مه‌هدی

وێنه‌: عه‌بدوڵا فه‌تاح