لە درێژەی کار و چالاکی و دیدارەکانی شاندی زانکۆی سۆران لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەڕێزان "د. موسلیح مستەفا" (سەرۆکی زانکۆ) و "د. نەهرۆ زاگرۆس "(یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی) لە ڕێکەوتی ٤/١١/٢٠١٥ سەردانی ئەنترۆپۆڵۆجیستی بەناوبانگ، پڕۆفیسۆر "ڕاڵف سۆلاکی" (Ralph Solecki)یان کرد ، لە ماڵەکەی خۆی لە ویلایەتی نیو جێرسی (New Jersey).
پڕۆفیسۆر سۆلاکی ئەو ئەکادیمیستە بوو، کە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠، ئێسکی مرۆڤی نیاندهڕتاڵی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزییەوە. لە دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر سۆلاکی، کە تەمەنی ٩٨ ساڵە، لەگەڵ خانمی بەڕێزیان، پرۆفیسۆر "ڕۆز سۆڵاکی" (Rose Solecki)، کە ئەویش لە سەرهتای ساڵانی ١٩٥٠، خەریکی دۆزینەوەی شوێنەوار بوو لەسەر ڕووباری زابی گەورە (لە گوندی شانەدەر)، باسیان لە یادەوەرییەکانی خۆیان لە کوردستان کرد. دواتر لە درێژەی گێڕانەوەی کاری هەڵکۆڵین و دۆزینەوەی شوێنەوار لە ئەشکەوتی شانەدەر، یادداشتی ئەو کاتەی کوردستانیان، بۆ نوێنەرانی زانکۆی سۆران باسکرد.
ئەوهی جێگای سەرنج بوو، ئهوهبوو كه ئەم بەڕێزانە چەندین کەرەستەی ناوازەی ئەو دەمەی کوردستان و (دەڤەری بارزان)یان لە ماڵەکەیاندا هەبوو. هەروەها چەندین وێنەی سەرنج ڕاکێشیان وەکو یادگاری لە لای خۆیان هیشتبۆوە و یەکە یەکەش مێژوو و ڕێکەوتیان لەسەر یاداشت کردبوون.
دۆزینەوەی ئێسکی مرۆڤی نیاندهڕتال لە لایەن پڕۆفیسۆر سۆلاکی لە ساڵی ١٩٥٢/١٩٥٣، یەکێک بوو لە گرنگترین کارەکانی ئەنتڕۆپۆڵۆجیستێکی ئەمەریکی، کە تێیدا ڕێڕەوی مێژووی شارستانی گۆڕی و پهردهی له سهر چەند ڕاستییەکی چۆنیەتی ژیانی مرۆڤی نیاندهڕتال هەڵدایەوە. لەو دەمەوە کوردستان وەکو لانەی شارستانی و مڕۆڤایەتی دەناسرێت و لێكۆڵینهوه و دۆزراوەکانی (پڕۆفیسۆر سۆلاکی)ش، شاهێدی ئهو ڕاستیانەیە.
ئەگەرچی پڕۆفیسۆر سۆلاکی تەمەنی ٩٨ ساڵە و لە بیرکرنەوەدا تا ڕادەیەک لەسەرخۆیە، بەڵام چەندین وشەی کوردی لە یاد مابوو. هەروەها خۆیان و خانمی بەڕێزیان باسیان لەو کەسایەتیانە کرد، کە لە ساڵانی ١٩٥٠ تا ١٩٧٠ لە کوردستان بینیبوویانن و ناوی زۆربەیان لە یاد مابوو. تەنانەت پڕۆفیسۆر سۆلاکی باسی لە دیداری خۆی لەگەڵ بارزانی نەمر کرد لە بازان و لە سلێمانی. هەروەها باسی لە پشتگیری بارزانی کرد لە پڕۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، شاندی زانکۆی سۆران دیاری زانکۆیان پێشکەش بە هەردوو بەڕێزان "پڕۆفیسۆر سۆلاکی" و خانم "ڕۆژ سۆلاکی" کرد و سوپاسی خۆیان و گەلی کوردستانیان بۆ بەڕێزیان دووپات کردەوە. ئەوانیش ئاواتی سەرکەوتنی (گەلی کوردستان)یان خواست و دواهەمین پەرتووکی خۆیان لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر، پێشکەش بە شاندی زانکۆی سۆران کرد. هەر لە ڕێگای شاندی (زانکۆی سۆران)ەوە، دانەیەک لە پەرتووکەکەیان بە دیاری بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕەوانە کرد.
شایانی باسه كه هەموو دۆزراوەکانی پڕۆفیسۆر سۆلاکی لە ئەشکەوتی شانەدەر، ئێستا لە مۆزەخانەی بەناوبانگی واشنتن (Smithsonian Museum) پارێزراون و ڕۆژانەش سەدان کەس لە چوارگۆشەی دونیاوە، سەردانی ئەو مۆزەخانەیە دەکەن.