له‌ ڕێوره‌سمێكى شكۆمه‌نددا سه‌نته‌رى كوردستان بۆ جێنده‌رناسى كرایه‌وه‌

Gender Studies Cente


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتى 2/12/2015 له‌ ڕێوڕسمێكى شایسته‌ و شكۆمه‌نددا و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان "قوباد تاڵه‌بانى"جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، "نه‌وزاد هادى" پارێزگارى هه‌ولێر،  "د. یوسف گۆران" وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، "م. محه‌ممه‌د قادر هاودیانى"وه‌زیرى كارو كارووبارى كۆمه‌ڵایه‌تى، "نه‌ورۆز مه‌ولوود محه‌ممه‌د ئه‌مین" وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، "په‌خشان زه‌نگه‌نه‌" ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كارووبارى خانمان،" Indai Sajor"  راوێژكارى جێنده‌ر له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، قایمقامه‌كانى هه‌ر چوار قه‌زاكه‌ى ده‌ڤه‌رى سۆران وژماره‌یه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مانى ده‌ڤه‌رى سۆران و به‌رپرسانى لقى ده‌ و بیست و شه‌شى گوڵان و مه‌ڵبه‌ندى شه‌شى رێكخستنى سۆران و كۆى رێكخراوه‌ مه‌ده‌نی و حكومى و حزبییه‌كانى ده‌ڤه‌رى سۆران و ژماره‌یه‌كى به‌رچاو كه‌سایه‌تى ئه‌كادیمى، سه‌نته‌رى كوردستان بۆ جینده‌رناسى له‌ زانكۆى سۆران، كه‌ پڕۆژه‌یه‌كى هاوبه‌شى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و وه‌زاره‌تى پلاندانان و ئه‌نجومه‌نى باڵاى كارووبارى خانمان و UN ه‌، كرایه‌وه‌.


شاندى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ به‌ مه‌به‌ستى كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى كوردستان بۆ جێنده‌رناسى، سه‌ردانى زانكۆى سۆران و شارى سۆرانیان كردبوو، له‌ سه‌ره‌تادا له‌ سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى سۆران، له‌ لایه‌ن به‌ڕێز"د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكى زانكۆى سۆران و ستافى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆوه‌، پێشوازییان لێكرا.
دواتر به‌ره‌و هۆڵى بۆنه‌كان به‌ڕێكه‌وتن و كاتژمێر یازده‌ى نیوه‌ڕۆ، ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ ده‌ستى پێكرد.
له‌ سه‌ره‌تاى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا و بۆ رێزگرتن له‌ گیانى پاكى شه‌هیدانى پاراستنى كوردستان، چه‌ند خوله‌كێك به‌ بێده‌نگى راوه‌ستان.  پاشان به‌ڕێز"د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكى زانكۆى سۆران، وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد. له‌ وته‌كه‌یاندا سه‌رۆكى زانكۆ، وێڕاى به‌خێرهێنانى ئاماده‌بووان، تیشكى خسته‌ سه‌ر گرنگى سه‌نته‌ره‌كه‌ و ستراتیجى زانكۆى سۆرانى بۆ چۆنیه‌تى به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنى پڕۆژه‌و و به‌رنامه‌كانى ئه‌م سه‌نته‌ره‌، بۆ ئاماده‌بووان روونكرده‌وه‌.
دواتر داواى له‌ به‌ڕێز"قوباد تاڵه‌بانى" جیگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد، كه‌ وته‌یه‌ك پێشكه‌ش بكات.
به‌ڕێز تاڵه‌بانى له‌ سه‌ره‌تاى  وتاره‌كه‌یدا، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى خۆى بۆ به‌شداربوون له‌و رێوڕه‌سمه‌دا، باسى له‌ رۆڵى زانكۆى سۆران كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، كه‌ به‌ هه‌وڵ و تێكۆشانه‌ به‌رده‌وامه‌كانى سه‌رۆكى زانكۆ و ستافى زانكۆ‌، زانكۆى سۆران له‌ ئێستادا یه‌كێكه‌ له‌ باشترین زانكۆكانى كوردستان. دواتر په‌رژایه‌ سه‌ر باسه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ جێنده‌ر و سوپاسى لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانى ئه‌و سه‌نته‌ره‌ى كرد و ئاماژه‌شى به‌ هه‌وڵ و چالاكییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم و ستراتیژى حكومه‌ت له‌وباره‌وه‌ كرد و ئه‌وه‌ى خسته‌به‌رچاو، كه‌ بۆ حكومه‌ت گرنگه‌، چۆن بتوانێت، یه‌كسانى له‌ نێو دام و ده‌زگاكانى حكومه‌تدا، به‌دى بێنێت.
دواتر به‌ڕێز"د. یوسف گۆران" وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد. به‌ڕێزیشیان وێڕاى پیرۆزبایى كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌ره‌كه‌ و به‌رزنرخاندنى هه‌وڵى لایه‌نه‌ یارمه‌تیده‌ره‌كان بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و سه‌نته‌ره‌، ئاماژه‌ى به‌ هه‌لومه‌رجى ئێستاى په‌یوه‌ست به‌ یه‌كسانى جێنده‌رى له‌ ناو دام و ده‌زگاكانى وه‌زاره‌ت كرد و چه‌ندین ئامارى له‌وباره‌وه‌ خستنه‌به‌رچاو.
پاشان نۆره‌ گه‌یشته‌ سه‌ر وته‌ى به‌ڕێز"نه‌وزاد هادى" پارێزگارى هه‌ولێر. به‌ڕێزیشیان هاوكات له‌ گه‌ڵ پیرۆزبایى كردنى كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌ره‌كه‌ و ئاماژه‌دان به‌ سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وته‌ به‌رده‌وامه‌كانى زانكۆى سۆران، تیشكى خسته‌ سه‌ر باس و بابه‌ته‌ په‌یوه‌سته‌كان به‌ جێنده‌ر و مه‌سه‌له‌ى یه‌كسانى جینده‌رى له‌ ناو دام و ده‌زگاكانى حكومه‌ت و ئه‌م هه‌وڵه‌شى به‌ به‌رزى نرخاند.
دواتر وته‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانان له‌ لایه‌ن به‌ڕێز "حه‌یده‌ر سنجارى" پێشكه‌ش كراو وئاماژه‌ى به‌ پلانى وه‌زاره‌ت و حكومه‌ت كرد، كه‌ ئه‌م سه‌نته‌ره‌ش به‌شێكه‌ له‌ پلانى وه‌زاره‌ت و حكومه‌ت بۆ جێگیركردنى یه‌كسانى له‌ ناو كۆمه‌ڵدا.
پاشان نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، به‌ڕێز"Indai Sajor" وته‌یه‌كى پێكه‌ش كرد و خۆشحاڵى خۆى بۆ كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌ربڕى و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى په‌یوه‌ست به‌  مه‌سه‌له‌كانى جێنده‌رى، به‌رز نرخاندن و به‌ڵێنى هاوكاریشى دا به‌ سه‌نته‌ر، بۆ پڕۆژه‌ و كاره‌كانى له‌مه‌ودوایان.
دواتر وتارى ئه‌نجومه‌نى باڵاى كارووبارى خانمان له‌ لایه‌ن به‌ڕێز"په‌خشان زه‌نگه‌نه‌" وه‌ پێشكه‌ش كرا. به‌ڕێزیان له‌ وته‌كانیدا تیشكى خسته‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى به‌ئه‌نجام گه‌یاندنى ئه‌م سه‌نته‌ره‌ و وێڕاى پیرۆزبایى، هیواى خواست كه‌ ئه‌م سه‌نته‌ره‌ بتوانێ به‌ ئامانجه‌كانى بگات.
له‌ دوابه‌شى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌شدا، به‌ڕێز"د. نه‌هرۆ زاگرۆس" یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆى سۆران بۆ كارووبارى زانستى، پرێزنته‌یشنێكى سه‌باره‌ت به‌ ناساندنى به‌شه‌كانى سه‌نته‌ره‌كه‌ و ئه‌رك و پڕۆژه‌كانى له‌ داهاتوودا، پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرد.
شایه‌نى باسه‌ كه‌ له‌ دووتوێى ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، چه‌ندین بڕگه‌ى هونه‌رى له‌ بوارى نواندن و مۆسیقا و فۆتۆگراف، پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كران.
دواى ته‌واوبوونى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌، تێكڕا به‌ره‌و سه‌نته‌رى كوردستان بۆ جینده‌رناسى به‌ڕێكه‌وتن و به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى باڵه‌خانه‌ى سه‌نته‌ره‌كه‌یان كرده‌وه‌.
له‌ دوابه‌شى كارووچالاكییه‌كانیشدا، له‌ نێوه‌ڕۆخوانێكدا، كه‌ له‌ سه‌ر شه‌ره‌فى میوانانى به‌شدار له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌ ئاماده‌كرابوو، كۆتاییان به‌ چالاكییه‌كانى تایبه‌ت به‌ كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى كوردستان بۆ جێنده‌رناسى له‌ زانكۆى سۆران، هێنا. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ له‌م كاته‌ى پشووداندا، به‌ڕێوه‌به‌رانى یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانى هه‌ر چوار قه‌زاكه‌ى ده‌ڤه‌رى سۆران، ئه‌م هه‌له‌یان به‌ ده‌رفه‌ت زانى و پێداویستییه‌كانى یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانى خۆیانیان، له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و شانده‌ یاوه‌ره‌كه‌ى، خسته‌ به‌رباس.


راپۆرت: جه‌بار عه‌لى
وێنه‌: رۆژهات مه‌هدى، فاروق عه‌زیز، عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د