رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، بەرامبەر بە ٢٢ و ٢٣ی ٥ی ٢٠١٧، بە بەشداری دەیان توێژەری ناوخۆیی و دەرەوە، زانکۆی سۆران کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەژێر ناونیشانی (ئێستا و داهاتووی زمانی دایک لە هەرێمی کوردستاندا) بەڕێوە برد. ئەم کۆنفرانسە، کە بە هاوبەشی لە نێوان بەشی کوردی فاکەڵتی پەروەردە و سەنتەری هەندرێن بۆ زمان و توێژینەوەی کولتووری رێکخرابوو، یەکەمین کۆنفرانسی بەشی کوردی فاکەڵـتی پەرەوەردە و دووەمین کۆنفرانسی سەنتەری هەندرێن بۆ زمان و توێژینەوەی کولتووری بوو و تێیدا زیاتر لە ٢٥ توێژینەوە پێشکەشکران.
لە رۆژی یەکەم و لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفرانسدا، بە ئامادەبوونی بەڕێزان "د. موسڵح مستەفا" سەرۆکی زانکۆی سۆران و "م. عەلی عەونی" پسپۆڕی ئەدەبی کوردی و بەرپرسی لقی دەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و راگرانی فاکەڵتییەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستا و قوتابی و میوان، دوای راوەستانی چەند خولەکێک بۆ رێزگرتن لە گیانی شەهیدان و بینینی بەڵگەفیلمێک، بەڕێز سەرۆکی زانکۆ وتارێکی پێشکەشکرد. لە وتارەکەیاندا، بەڕێزیان وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان و توێژەران و دەستخۆشی ئامادەکاران و بەڕێوەبەران، ئاماژەی بەوەدا کە ئەرکی زانکۆیە، هەموو ئەو باس و بابەتانەی، کە لە ناو کۆمەڵگادا هەن و جێگەی سەرنجن، بە دیدێکی ئەکادیمییەوە بخاتە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
دواتر پانێلەکان دەستیان پێکرد و دوای پێشکەشکردنیان و تۆمارکردنی کۆمەڵێک راسپاردەی گونجاو، وا بڕیارە راسپاردە و بۆچوونەکان بخرێنە بەردەمی لایەنە پێوەندیدارەکان.
وێنە: هادی حوسێن، فەرید قادر