وه‌زیری خوێندنی باڵا: هیوادارم له‌ داهاتوودا شوێنێكم هەبێ و له‌ زانكۆی سۆران وانه‌ بڵێمه‌وه‌.

74473186 523424515114875 4690959514004881408 N

 

وه‌زیری خوێندنی باڵا: زانكۆی سۆران زانكۆی ئیراده‌یه‌.

وه‌زیری خوێندنی باڵا: به‌ بینینی زانكۆی سۆران، رۆئیام بۆ خوێندنی باڵا فراوانتر بوو.

رۆژی سێ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٢/١٠/٢٠١٩، به‌ڕێز "د. ئارام محه‌ممه‌د" وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، سه‌ردانی زانكۆی سۆرانی كرد و به‌ گه‌رمی له‌ لایه‌ن به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی زانكۆ‌، به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكرا.

دوای گه‌یشتنی به‌ڕێزیان، به‌شداری كرد له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجوومه‌نی زانكۆی سۆران. سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆ، زۆر به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی جه‌نابیان و شانده‌ یاوه‌ره‌كه‌ی كرد و خۆشحاڵی بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ ده‌ربڕی. له‌ لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌، به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا، به‌ هه‌مان شێوه‌ سوپاسی پێشوازی گه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆرانی كرد و خۆشحاڵی بۆ ئه‌م چاوپێكه‌وتن و سه‌ردانه‌ ده‌ربڕی.

دواتر به‌ڕێز "د. روشدی سه‌مه‌د" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری كارگێڕی و دارایی، پرێزنته‌یشنێكی پێشكه‌شكرد. له‌ پرێزنته‌یشنه‌كه‌دا، زۆر به‌ وردی تیشكی خسته‌ سه‌ر زانكۆی سۆران، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئێستا و ئاماژه‌ی به‌ هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتن و ده‌سكه‌وتانه‌ كرد، كه‌ زانكۆی سۆران له‌ ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، به‌ده‌ستیهێناون.

دوای ته‌واوبوونی پرێزنته‌یشنه‌كه‌، به‌ڕێز "د. ئارام محه‌ممه‌د" وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد. له‌ سه‌ره‌تادا به‌ڕێزیان دووباره‌ سوپاسی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ و خۆشحاڵی خۆی بۆ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ربڕی.

به‌ڕێزیان له‌ به‌شێك له‌ وته‌كه‌یاندا، گوتی، سه‌رسام و خۆشحاڵ بووم به‌و پێشكه‌وتنه‌ی كه‌ زانكۆی سۆران له‌ ماوه‌ی كه‌می ته‌مه‌نیدا به‌ده‌ستیهێناوه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ زانكۆی سۆران زانگۆی پێگه‌یاندنی كه‌سی ئه‌كادیمی و رۆڵه‌ی كورده‌.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا، جه‌نابیان تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ زانكۆی سۆران به‌ڕاستی زانكۆی ئیراده‌شه‌ و به‌ش به‌ حاڵی خۆم چێژ و وزه‌م وه‌رگرت له‌ بیستن و ئاگادرابوون له‌وه‌ی كه‌ كردووتانه‌ و به‌ده‌ستتان هێناوه‌. تێگه‌یشتم و زانیم كه‌ ئه‌گه‌ر ئیراده‌مان هه‌بێ، هه‌ر سه‌رده‌كه‌وین.

به‌رێزیان له‌ به‌شێكی دیكه‌ له‌ قسه‌كانیدا، تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ من زۆرم سه‌باره‌ت به‌ زانكۆی سۆران بیستبوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ زۆر زیاترم بینی و ئه‌مه‌ش خۆشحاڵی كردم. هه‌ر له‌مباره‌وه‌ گوتی، ئێوه‌ ناوێكتان بۆ زانكۆی سۆران داناوه‌ كه‌ زانكۆ بچووكه‌ مه‌زنه‌كه‌یە، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی زانكۆی ئێوه‌ زانكۆ ساوا مه‌زنه‌ گه‌وره‌كه‌یه.

له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، به‌رێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌گه‌رچی كردنه‌وه‌ی زانكۆیه‌ك بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ قوربانیبه‌خشه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان، لانیکەمی خزمەتە، به‌ڵام سوپاسی ئێوه‌ ده‌كه‌م، كه‌ گه‌وره‌ سه‌یری ده‌كه‌ن و شتی گه‌وره‌تان لێ درووستكردووه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌دا، به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا گوتی، هیوادارم له‌ داهاتوودا و دوای ته‌واوبوونی كاری وه‌زاره‌تم، شوێنێكم بۆ دابینبكه‌ن و بتوانم له‌ زانكۆی سۆران وانه‌ بڵێمه‌وه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ زانكۆی سۆران، به‌ڕێزیان گوتی، ئه‌وه‌ی من بینیم، ئه‌م زانكۆیه‌ پڕه‌ له‌ خه‌ون و خولیا و سوپاسی سه‌رۆكی زانكۆ ده‌كه‌م بۆ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی و، گوتیشی ده‌سكه‌وته‌كانتان كارێكی وایان كردووه‌، كه‌ شایسته‌ی پێشه‌نگین. هه‌روه‌ها گوتی، خۆشحاڵم له‌و ماوه‌یه‌ كه‌ له‌ وه‌زاره‌تدا بووم و تیمی زانكۆی سۆرانم بینیوه‌ له‌ نزیكه‌وه‌، هه‌میشه‌ یه‌ك خه‌می سه‌ره‌كییان هه‌بووه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ زانكۆكه‌ و ره‌وتی خوێندن هه‌ر له‌ پێشه‌نگی و به‌رزیدا بمێنێته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا، جه‌نابیان گوتی: ئه‌و ئومێده‌ لێره‌ ده‌بینم كه‌ پێكه‌وه‌ بتوانین شه‌مه‌نده‌فه‌ری ره‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌كادیمی بخه‌ینه‌ سه‌ر رێی راستی خۆی و، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ بینیم روئیای منی بۆ خوێندنی باڵا فراوانتر كرد.

له‌ كۆتاییشدا، به‌ڕێزیان گوتی من به‌شێكم له‌ تیمه‌كه‌تان و هیوادارم له‌ ماوه‌ی ئه‌م خوله‌ی وه‌زاره‌تدا، پێكه‌وه‌ بتوانین كاری گه‌وره‌ بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌و وزه‌ و توانایه‌ لێره‌دا ده‌بینم.

دواتر به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا سه‌ردانی تاقیگه‌ و هۆڵه‌كانی خوێندنی كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ توێژه‌ران و قوتابییانی زانكۆ دوا. به‌رێزیان روو به‌ قوتابییان گوتی، مرۆڤ دڵی خۆش ده‌بێ كه‌ دێته‌ زانكۆی سۆران و، ئیره‌ییتا پێ ده‌به‌م كه‌ قوتابین له‌م زانكۆیه‌.

پێویسته‌ بگوترێ كه‌ دوای نیوه‌ڕۆ هه‌مان رۆژ، جه‌نابیان به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمی ده‌یه‌مین خولی ده‌رچوونی قوتابییانی زانكۆی سۆران كرد و، وتارێكی پێشكه‌ش كرد.