سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی یه‌كه‌مین كۆنفرانسی زانستی خۆی به‌ڕێوه‌برد

Sli

 

رۆژی سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٩/١٠/٢٠١٩، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. روشدی سه‌مه‌د" و "د. یادگار ره‌سوڵ" یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو توێژه‌ر له‌ زانكۆكانی كوردستان و عیراق، به‌شی سیسته‌می زانیارییه‌ جوگرافییه‌كانی(GIS) سه‌نته‌ری توێژینه‌وی زانستی، یه‌كه‌مین كۆنفرانسی زانستی خۆی له‌ژێر ناونیشانی (The 1st Conference of current State of Research and Applications of GIS and Remote Sensing in Kurdistan-Iraq)، سازكرد.

له‌ سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسدا و له‌ رۆژی یه‌كه‌مدا، سه‌ره‌تا زۆر به‌ گه‌رمی له‌ لایه‌ن به‌ڕێز "د. سه‌میرمسته‌فا"، به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووان كرا. دواتر به‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، به‌ڕێز "د. محه‌ممه‌د عه‌لی حوسێن" به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی باڵا و په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمییه‌كان، وتارێكی پێشكه‌شكرد. له‌ وتاره‌كه‌یاندا به‌ڕێزیان وێڕای به‌خیرهێنانی ئاماده‌بووان و ده‌ستخۆشی له‌ رێكخه‌رانی كۆنفرانسه‌كه‌، ئاماژه‌ی به‌ گرنگی ئه‌و جۆره‌ چالاكییانه‌ كرد، به‌ تایبه‌تی له‌وباره‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆیان به‌ پێشخستنی كۆمه‌ڵگا و ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌ هه‌یه‌.

پاشان به‌ڕێز "پ.د. كه‌مال عۆدیشۆ" سه‌رۆكی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی، وتارێكی پێكه‌شكرد و، تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌شه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و سه‌نته‌ره‌.

ئینجا به‌ڕێز "د. ره‌هێل حه‌مه‌د" سه‌رۆكی به‌شی سیسته‌می زانیارییه‌ جوگرافییه‌كان، وتارێكی پێشكشه‌كرد و باسی له‌ ستراتیژی به‌شه‌كه‌ و هه‌نگاوه‌ زانستییه‌كانی كرد.

دواتر پێشكشه‌كردنی تویژینه‌وه‌كان ده‌ستیانپێكرد، كه‌ له‌ رۆژی یه‌كه‌مدا سێزده‌ توێژینه‌وه‌ پێشكه‌شكران و له‌ رۆژی دووه‌میشدا، به‌ كۆمه‌ڵێك و وۆركشۆپ، درێژه‌ به‌ كۆنفرانسه‌كه‌ درا.