رۆژی چوارشه‌ممه رێكه‌وتی ٨/١/٢٠٢٠، به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ، مامۆستا، قوتابی و میوان، زانكۆی سۆران میوانداری مامۆستای زانكۆ مالبڕنی ئوستڕالیا و توێژه‌ری بواری فه‌لسه‌فه و یه‌كێك له دیارترین كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌و بواره، به‌ڕێز"د. محه‌ممه‌د كه‌مال" كرد.
سه‌ره‌تا له ئۆفیسی راگرایه‌تی فاكه‌ڵتی ئاداب، به‌ڕێز "پ. د. قه‌یس كاكل" راگری فاكه‌ڵتی ئاداب، زۆر به گه‌رمی به‌خێرهاتنی ناوبراوی كرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزیان له زانكۆی سۆران ده‌ربڕی. له به‌رامبه‌ریشدا به‌ڕێز "د. محه‌ممه‌د كه‌مال" سوپاسی به‌ڕێزیانی كرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌و سه‌ردانه ده‌ربڕی.
دواتر له هۆڵی ئیسماعیل بێشیكچی، به‌ڕێزیان سیمینارێكی به ناونیشانی (چه‌مك و واتای كات)، پێشكه‌شكرد. له سه‌ره‌تای سیمیناره‌كه‌دا، خۆشحاڵی بۆ ئاماده‌بوون له زانكۆی سۆران ده‌ربڕی و ئه‌وه‌شی خسته روو، كه مایه‌ی دڵخۆشییه زانكۆی سۆران یه‌كێكه له زانكۆ باشه‌كانی كوردستان.
دواتر په‌رژایه سه‌ر باسه‌كه‌ی و چه‌مك و واتای كاتی له روانگه‌ی فه‌یله‌سووفانه‌وه هه‌ر له ئه‌ره‌ستۆوه هه‌تا كانت و هایدگه‌ر، روونكرده‌وه. له به‌شێكی دیكه‌ی سیمیناره‌كه‌یدا، د. محه‌ممه‌د زۆر به وردی له پێوه‌ندی نێوان بوون و كات دوا.
دوای پێشكه‌شكردنی باسه‌كه، ئاماده‌بووان به سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان به‌شدارییان كرد، كه له لایه‌ن به‌ڕێزیانه‌وه به وردی وه‌ڵامدرانه‌وه.
له میانه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌شێك له ستافی زانكۆی سۆران، به‌ڕیزیان به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دا، كه له داهاتوودا سه‌ردانی زانكۆی سۆران بكات و زیاتر بمێنێته‌وه و كۆرسێكی فه‌لسه‌فی رێكبخات.
د. محه‌ممه‌د كه‌مال له چه‌ند دێرێكدا:
ــ ساڵی ١٩٥٥ له كه‌ركوك له‌دایك بووه.
ــ ساڵی ١٩٧٧ پەیمانگای مامۆستایانی هەولێری تەواوکردووە.
ــ ساڵی ١٩٧٩ ده‌ڕواته پاكستان. دوای بڕینی قۆناغه‌كانی به‌كالۆریۆس و ماسته‌ر، ساڵی ١٩٨٨ دكتۆرای له‌سه‌ر هیگڵ هه‌ر له‌و وڵاته به‌ده‌ستهێناوه.
ــ ساڵی ١٩٩٢ پۆست دکتۆرای لە ئەڵمانیا بەناونیشانی"من و ئه‌وی دی له لای دێكارت‌و هێگڵ‌و هایدیگه" تەواوکردووە.
ــ له ساڵی ١٩٩٨ ه‌وه له زانكۆی مالبۆڕنه له ئوستڕالیا و وه‌ك وانه‌بێژی پێشكه‌وتوو وانه ده‌ڵیته‌وه.
ــ سه‌رپه‌رشتی چه‌ندین نامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرای كردووه.
ــ خاوه‌نی چه‌ندین توێژینه‌وه‌یه به زمانی ئینگلیزی.
خاوه‌نی ده‌یان كتێبی نووسراو و وه‌رگێڕاوی فه‌لسه‌فییه و یه‌كێكه له دیارترین ناوه‌كانی بواری فه‌لسه‌فه.
كتێبه نووسراوه‌كان:
١. فه‌لسه‌فه‌ی بوون ٢.فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر ٣. میتافیزیكی ئه‌ره‌ستۆ ٤.فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتوون ٥. فەلسەفەی هەیدیگەر و شۆڕشیکی فەلسەفی ٦. نیتشە و پاش تازەگەری ٧.بوون و داهێنان ٨.نیهێڵیزم و ڕەهەندەکانی بیرکردنەوە ٩. فەلسەفەی سارتەر و خوێندنەوەیەکی نوێ ١٠. ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤ ١١. کێشەی بوون لە مێژووی فەلسەفەدا.
كتێبه وه‌رگێڕدراوه‌كان:
١.هیگڵ: فینۆمینۆلۆجی هۆش ٢. مارتن هایدیگەر: بوون و کات ٣. جان-پۆڵ سارتەر: بوون و نەبوون ٤. ئەریستۆ: شیعر ٥. ئەریستۆ: کاتیگۆرییەکان ٦. ئەفلاتون: کۆمار ٧. گفتوگۆیەک لەگەڵ هایدیگەردا ٨. ئەریستۆ: مێتافیزیک.