زانكۆی سۆران تاقیگه‌یه‌كی پشكنینی ڤایرۆسی covid19 ی له‌ شاری سۆران دامه‌زراند

Sli

 

وه‌زیری ته‌ندرووستی: به‌ دامه‌زراندنی ئه‌م تاقیگه‌یه‌ له‌ لایه‌ن زانكۆی سۆرانه‌وه‌، شاری سۆران ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین قه‌زا له‌ سه‌ر ئاستی عێراق، كه‌ خاوه‌نی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌.

پارێزگاری هه‌ولێر: " شانازی ده‌كه‌ین له‌ شاره‌كه‌ی ئێمه‌ زانكۆیه‌ك هه‌یه‌، رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ دۆخێكی هه‌ستیار و ناسك، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵمان به‌شداره‌".

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢/٤/٢٠٢٠، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. سامان به‌رزنجی" وه‌زیری ته‌ندرووستی، "د. فه‌رسه‌ت سۆفی" پارێزگاری هه‌ولێر، "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، "كرمانج عزه‌ت" قایمقامی سۆران و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیداری ئیدار و ته‌ندرووستی، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا، زانكۆی سۆران كردنه‌وه‌ی تاقیگه‌یه‌كی پزیشكی بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی، راگه‌یاند.

سه‌ره‌تا به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا"سه‌رۆكی زانكۆی سۆران وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد. به‌ڕێزیان له‌ سه‌ره‌تای وته‌كه‌یاندا گوتی، زانست، زانیاری و تاقیگه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌توانن مه‌زن بن، كه‌ بخرێنه‌ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی. دواتر ئاماژه‌شی به‌وه‌دا، كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ ته‌واوی توانست و لێهاتوویی و تاقیگه‌كانی بخاته‌ خزمه‌ت وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی. دواتر تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كاره‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا هه‌موومان پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و دواجار خزمه‌تكردن به‌ مرۆڤایه‌تی. له‌ به‌شێكی تری وته‌كه‌یدا، به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ گوتی، زانكۆی سۆران وه‌كو ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و نیشتمانی ده‌ستی بۆ ئه‌و كاره‌ بردووه‌ و هه‌موو تاقیگه‌ و توانسته‌ زانستییه‌كه‌ی خۆی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندرووستی سۆران، ده‌خاته‌ خزمه‌ت هاوڵاتییان.

پاشان به‌ڕێز"د. سامان به‌رزنجی" وه‌زیری ته‌ندرووستی، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد. سه‌ره‌تا خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاماده‌بوون له‌ كردنه‌وه‌ی تاقیگه‌كه‌ ده‌ربڕی. دواتر سوپاسی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای كرد، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌، ئاماده‌یی هه‌مووجۆره‌ هاوكارییه‌كی ده‌ربڕیوه‌. دواتر به‌ڕێزیان گوتی، له‌ پێشه‌نگی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییانه‌دا قه‌زای سۆران، به‌ سوپاسه‌وه‌ هه‌روه‌ك زانكۆی سۆران چۆن پێشتر له‌ هه‌موو بوارێكدا پێشه‌نگ بووه‌، ئه‌مڕۆ له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گرنگدا، وه‌ك یه‌كه‌مین قه‌زا له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا، ده‌بێته‌ خاوه‌نی پشكنینی كۆڤید 19. به‌ڕێز وه‌زیری له‌ درێژه‌دا سوپاس و ده‌ستخۆشی خۆیانی پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆران و به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ و هه‌روه‌ها تیمی پسپۆڕانی زانكۆ كرد. له‌ به‌شێكی دیكه‌ له‌ وته‌كانیدا به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ دابینكردنی ئامێری پشكنین هه‌موو شتیك نییه‌، به‌ڵكو پێویستی به‌ هێزی لێزان و پسپۆڕ هه‌یه‌، كه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ لێره‌ سوودی زۆرمان له‌ پسپۆڕانی زانكۆی سۆران و شاره‌زایانی دیكه‌ی قه‌زای سۆران، وه‌رگرتووه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌توانێ خزمه‌تێكی زۆر به‌ هاوڵاتیانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بكات و ببێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ لۆد له‌ سه‌ر تاقیگه‌كانی سه‌نته‌ری پارێزگاكان.

دواتر به‌ڕێز"د. فه‌رسه‌ت سۆفی" پارێزگاری هه‌ولێر، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد. به‌ڕێزیان له‌ سه‌ره‌تای وته‌كه‌یاندا سوپاس و ده‌ستخۆشی تایبه‌تی پارێزگاری هه‌ولێری بۆ زانكۆی سۆران، سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و تیمی زانكۆی سۆران  و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه‌ هاوكاربوون له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م تاقیگه‌یه‌، ده‌ربڕی. دواتر به‌ڕێزیان گوتی،  شانازی ده‌كه‌ین له‌ شاره‌كه‌ی ئێمه‌ زانكۆیه‌ك هه‌یه‌، رۆڵێكی به‌رچاو و كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ دۆخێكی هه‌ستیار و ناسك، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵمان به‌شداره‌، بۆ ئه‌وه‌ی بارقورسییه‌كی زۆر له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌ڵبگرین. چونكه‌ سنوورێكی فراوانه‌ و خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌توانن ئاسانتر ده‌ستیان به‌و پشكنینه‌ بگات، له‌ ئه‌گه‌ری هه‌بوونی حاڵه‌تی گوماناوی تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌.

پێویسته‌ بگوترێ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانكۆی سۆران به‌ دابینكردنی ئامێری پێشكه‌وتووی (RT-PCR) كه‌ ئامێری سه‌ره‌كی پشكنینه‌كه‌یه‌ و، هه‌ره‌وه‌ها تیمێك له‌ پسپۆڕانی خۆی، ئه‌م تاقیگه‌یه‌ی دامه‌زراندووه‌ و، خستوویه‌تییه‌ خزمه‌تی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندرووستی سۆران.

ده‌قی كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌، كه‌ له‌ كه‌ناڵی سه‌ته‌لایه‌تی رووداو، بڵاوبووه‌وه‌:

https://www.facebook.com/Rudaw.net/videos/525126905097396/