وەزارەتی تەندرووستی و زانکۆی سۆران لە رێگەی توێژینەوەیەکی زانستییەوە، بەرەو رێکارێکی نوێی بەرەنگاربوونەوەو کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا  هەنگاودەنێن

Logo

 

لە سەرووبەندی خێرا تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا و، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەیەکی جدی ئەو ڤایرۆسە و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان،  لە چوارچێوەی هەوڵێکی زانستی هاوبەش و کەموێنەدا لەسەر ئاستی کوردستان، وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەنتەری توێژینەوەی زانستی لە زانکۆی سۆران، پڕۆژەیەکی هاوبەش بە ناونیشانی  "شیکاری داتای کۆڤید-١٩ و پێشبینیی ئاڕاستەی بڵاوبوونەوەی لە هەرێمی کوردستان" دەستپێدەکەن.

وەک پسپۆڕانی بەشدار لەم توێژینەوەیەدا ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەم پڕۆژەیە کاردەکات بۆ داهێنانی مۆدێلێکی ماتماتیکی تایبەت بە کوردستان،  کە توانای هەبێت پێشبینی ئاڕاستەی گەشە و پاشەکشێی پەتاکە بکات و، هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەری میکانیزم و بڕیارەکانی حکومەتی کوردستان لەسەر رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە بکات. ئەمە جگە لەوەێ ئەم پڕۆژەیە هۆکار و فاکتەرەکانی هەڵکشانی کەیسەکانی تووشبوون لەم دواییانەدا هەڵدەسەنگێنی و پێشنیاز بۆ بەرگرتن لە هەڵکشانی زیاتر پێشکەشدەکات.