له‌ كه‌مپه‌سی ئه‌لیكترۆنیدا: قوتابی دەتوانیت لە هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک، دەستی بەو بابەت و زانستانه‌ رابگات، کە زانکۆ پێشکەشیان دەکات و، هه‌روه‌ها پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌یدا، زۆر ئاسانتر، خیراتر و به‌هێزتر ده‌بێ.

Bnar

 

م. بنار ئازاد: ئەرکی زانکۆکانە، کە هەم زووتر خۆیان بکه‌ن بە ئەلیکترۆنی  و هەم ژێرخانی زانستی و تەکنیکی و کولتووریش بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی بوارەکانی دی فەراهەم بکه‌ن.

زانكۆی سۆران هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌، هه‌وڵیداوه‌ به‌ سه‌رنجدان له‌ ئه‌زموونی پێشكه‌وتووی ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كانی دنیا، ژێرخانێكی به‌هێز دابنێ، تا له‌ ره‌وتی گه‌شه‌پێدانی ئه‌كادیمیدا، شوین و پێگه‌یه‌كی دیاری هه‌بێ. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ و به‌ دنیابینییه‌كی ئه‌كادیمی گونجاو له‌گه‌ڵ‌ ستاندارده‌كانی دنیا و له‌ پێناوی سوودوه‌رگرتن له‌ ته‌كنه‌لۆجیا وه‌كو دیارترین ده‌سكه‌وتی ئه‌م سه‌رده‌مه‌، له‌ ساڵی 2013 ه‌وه،‌ بناغه‌ی كه‌مپه‌سی ئه‌لیكترۆنی زانكۆی دانا. به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و كێشه‌ داراییانه‌ی به‌هۆی بڕینی به‌شه‌ بوجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق وهه‌روه‌ها هاتنی داعش، به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیان گرت، نه‌توانرا به‌ ته‌واوی بخرێته‌ كار. تا ئه‌وه‌ی له‌ مانگی یازده‌ی ساڵی رابردووه‌وه‌ بۆ جارێكی تر كاره‌كانی ده‌ستیانپێكرده‌وه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی تیمێكی خۆماڵی، به‌ خۆشییه‌وه‌ ئێستا به‌شێكی به‌رچاو له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئاماده‌ن و خراونه‌ته‌كار. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش بوو، كه‌ زانكۆی سۆران وه‌ك یه‌كه‌مین زانكۆی كوردستان، له‌م سه‌رده‌مه‌ی كۆرۆنا و داخرانی زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی خوێندندا، رایگه‌یاند، كه‌ به‌ ته‌واوی ئاماده‌یی ده‌ستپێكردنی به‌ خوێندنی ئه‌لیكترۆنی هه‌یه‌.

 به‌ مه‌به‌ستی تیشك خستنه‌سه‌ر چییه‌تی كه‌مپه‌سی ئه‌لیكترۆنی و گرنگییه‌كه‌ی، ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌مان له‌گه‌ڵ (م. بنار ئازاد حه‌مه‌ده‌مین) یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی تیمی به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كه‌ پێكهێنا، كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی داینه‌وه‌.

- مەبەست له‌ کەمپەسی ئەلیکترۆنی چییە و تایبەتمەندییەکانی چین؟

کەمپەسی ئەلیکترۆنی، ناوەکەی لە خۆیەتی. واتە هەموو ئەو کارانەی لەناو کەمپەسی زانکۆ دەکرێت، دەبێت بە ئەلیکترۆنی بکرێن. کاتێک کارەکان بە ئەلیکترۆنی دەکرێن، زۆر بەئاسانی بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، لەسەر ئاستی بەش و فاکەلتی و زانکۆ. هەروەها پەیوەندی لە نێوان مامۆستا و قوتابی و کارمەندەکان بە شێوەیەکی خێرا ئەنجامدەدرێت و هەموو کاتێک بەردەست دەبێت و، بە شەفافیەت کارەکان بەڕێوەدەچن. ئاسانکاری بۆ دەرسگووتنەوە و فێرکردن و توێژینەوە دەکرێت و، کاتێکی زۆر بۆ هەر لایەک دەگەڕێتەوە.

لە دنیای ئه‌مڕۆدا، کە تەکنەلۆجیا زۆر پێشکەوتووە و هاریکاری پێشکەوتنی لە هەموو بوارەکان کردووە، کامپەسی ئەلیکترۆنی، پێداویستییەکی گرنگی هەموو زانکۆیەکی خوازیاری پێشكه‌وتن و سەرکەوتنه‌.

 (ئەرکی زانکۆکانە، کە هەم زووتر خۆیان بکه‌ن بە ئەلیکترۆنی  و هەم ژێرخانی زانستی و تەکنیکی و کولتووریش بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی بوارەکانی دی فەراهەم بکه‌ن)

- تا چەندە رۆڵی هەیە لە پڕۆسەی فێرکردندا؟

بێگومان رۆڵێکی گەورەی هەیە لە پڕۆسەی فێرکردن. قوتابی و فێربوون تەنیا لە کاتی دەوام و لە ناو کەمپی زانكۆدا كورت ناكرێنه‌وه‌. قوتابی دەتوانیت لە هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک، دەستی بەو بابەت و زانستانه‌ رابگات، کە زانکۆ پێشکەشیان دەکات. هەروەها، گەر پرسیارێک یان گومانێکی لا دروستبوو، پێویست ناکا تا کاتی دەوام بوەستێت، یان دەتوانێت لە ڕێگای خزمه‌تگوزارییه‌ جیاوازه‌كانی کەمپەسی ئەلیکترۆنییه‌وه‌، پرسیارەکەی بکات، یان دەتوانێت خۆی راسته‌وخۆ سه‌یری زانیارییەکانی بکات، بێ ئەوەی پێویستی بەوە بێت، بە سەردانکردنی بەشی جیاجیا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری تایبەت بە خۆی (وەک زانیاری غیابات)، کات بەفیڕۆبدات. کەمپەسی ئەلیکترۆنی هێڵێکی پارێزراو لە نێوان قوتابی و ماموستا  و هەموو قوتابیان درووستدەکات و، بە ئەکاونتی زانکۆ دەبەسترێنەوە بەو دەرسانەی کە بۆیان دیاریکراون. بەمشیوەیە قوتابی هیچ شتێک لە لای وون نابێ و ماموستاش بە وردی و له‌ كه‌مترین كاتدا، رەچاوی چالاکییەکانی قوتابییان دەکات.

• ئەو دەرسانەی دەگوترێنەوە ریکۆرد دەکرێن. قوتابی دەتوانێ هەرکات پێی خۆش بوو یا مەجالی هەبوو، سوودیان لێوەرگرێ.

• بەهۆی ئەوەی کە سێتێکی تەواو لە وانەکان دوای ٢ ساڵ لە کەمپەکە کۆدەبێتەوە، بۆیه‌ جۆرێک بڵاوبوونەوەی دادپەروەرانەی زانست لە کۆمەڵگا پێکدێت، بە لەبەردەست دانانی وانە ئەلیکترۆنییەکان بۆ هەموو قوتابییه‌کان، تەنانەت ئەوانەی کە قوتابیش نین(چونكه‌ تایبه‌تمه‌ندی هه‌ندێك له‌ وانه‌كان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ دابنرێن و داونلۆد و شه‌یر بكرێن له‌ لایه‌ن قوتابییانه‌وه‌). پێویسته‌ بزانین بڵاوکردنەوەی دادپەروەرانەی زانست بۆ کوردستان زۆر پێویستە.

• پەیوەندی مامۆستا و قوتابی بەرفراوانترو ئاسانتر دەبێ. ئه‌مه‌ جگه ‌له‌وه‌ی كه‌ كاته‌كانی په‌یوه‌ندی و شێوازی په‌یوه‌ندییان، پڕۆفیشناڵانه‌تر ده‌بێ.

• مامۆستاکان زۆرتر هاندەدرێن کە بابەتی بە ڕۆژتر و زانستیانەتر پێشکەش بکەن، چونکە زۆرتر کارەکانیان دەکەوێتە بەرچاوی پسپۆڕان و هەروەها هەموو کۆمەڵگا. هەروەها ئه‌گەر مامۆستا چەند مانگێک دوای گوتنەوەی وانەكه‌ی، شتێکی باشی بەرچاوکەوێت لە بوارێک، یان داهێنانێکی زانستی ببینێت کە پەیوەندی بەوانەیەک هەبێت و لە ڕابردوودا گوتبێتیەوە، ئه‌وا دەتوانێت به‌ ئاسانی ئەو زانیارییە بۆ قوتابییه‌كانی بخاته‌به‌رده‌ست.

• بەکارهێنانی وانەگووتنەوەی ئۆنڵاین یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی کەمپی ئەلیکترۆنی، ریکۆردی ئۆفڵاین، تاقیکردنەوە هۆشمەندانەكانی ئۆنڵاین و ئۆفڵاین و کۆبوونەوە و کۆنفرانس و سەرپەرشتیاری بەردەوامی ئۆنڵاین، تایبەتمەندییەکانی دیکەن.

• دوای دانانی دەرسی ریکۆردکراویش، قوتابی دەتوانێ دووبارە بە شێوەی چات، پرسیاره‌کانی لەسەر دەرسەکە، ئاڕاستەی مامۆستاكه‌ی بکا.

• به‌ جورەها شێواز وانە دەتوانرێ لە سەر سیستەمەکە دابنێین، نموونەی پرسیار، وانە یا خود ڤیدیو و... هتد. مامۆستایان دەتوانن كۆڕی تایبه‌ت بۆ پرسیار و وەڵام دابنێن و، هه‌روه‌ها دەتوانن تاقیکردنەوەش بکەن.

• نمرەی قوتابییان بە شێوەی کۆمپیوتەری هەژمار دەکرێ  و، به‌ زووترین كات بە دەستیان دەگات.

• قوتابی دەتوانێت زانیاری تری تایبەت بەخۆیان ببینێ، بێ ئەوەی سەردانی بەشی تۆمار، یان بەشی خوێندن بکەن وەک ژمارەی ئەو ڕۆژانەی نەهاتووه‌، یان وانەکانی ساڵانی رابردووی، هه‌روه‌ها زۆر زانیاری تری تایبەت بە قوتابی. هەموو ئەو زانیارییانەش لە ڕێگای پاسوۆرد و یوزەرنەیمی تایبەت بە قوتابی، پارێزراو دەبن.

ئێستا ئێمە دەبینین کە قوتابییەكانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌، بە پێچەوانەی نەوەی پێشتر، زۆر کەم سوود لە قەڵەم وەردەگرن. هەموویان لەگەڵ کیبۆرد ڕاهاتوون، بە شێوەیەک کە لەگەڵ قەڵەم بێگانەن. ئەوە شتێکی خراپ نییە، چونکە قەڵەمەکان بوونه‌ته‌ ئەلیکترۆنی. هەربۆیە کە قوتابی سەردەم باشتر چێژ لە خوێندنی ئەلیکترۆنی وەردەگرێ. 

- چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان کەمپەسی ئەلیکترۆنی و خوێندنی ئۆنلاین؟ خزمەتگوزارییەکانی کەمپەسی ئەلیکترۆنی چەندە دەتوانن خزمەت بە پڕۆسەی خوێندنی ئۆنلاین بکەن؟

کەمپەسی ئەلیکترۆنی واتە بە ئەلیکترۆنی کردنی تەواوی دامەزراوەکە، بە گشت پێکهاتەکانی وەک، کارووبارە ئیدارییەکان و سیستەمی پارەدان و کتێبخانە و تۆمار و سیستەمی پرینت و پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابی. سیستەمی خوێندنیش بەشێکە لەو کەمپەسە، دەکرێ بێ ئینتەرنێت و بە هەبوونی نێتوۆرکێکی لۆکاڵی تەواوی، دامەزراوەکە بەیەکەوە ببەسترێتەوە و کارووبارەکان بە ئەلیکترۆنی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ.

  خوێندنی ئۆنڵاین واتە خوێندن بە بێ هەبوونی کەمپەس، بێ ئەوەی پێویست بکا تۆ بچیتە کەمپ. دەتوانی لە رێگەی ئینتەرنێت و وەرگرتنی دەرسەکانت بە شێوەیەکی ئۆنڵاین، خوێندن تەواو بکەی.

بێگومان هەبوونی کەمپەسی ئەلیکترۆنی خزمەت دەکا بە خوێندنی ئۆنڵاین و ده‌توانێ جێی بكاته‌وه‌، چونکە ته‌واوی داتای قوتابی و مامۆستا و زانیاری دەرسه‌کان، دەتوانن بە شێوەیەکی پارێزراو، لەناو ئه‌و کەمپەسە بەردەست بن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هێڵکی پارێزراو لەنێوان قوتابی و ماموستادا  درووستده‌كات.