ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی زانکۆی سۆران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خوێندنی زانكۆیی ٢٠١٩-٢٠٢٠

Soran Logo 400x460

 

مامۆستایانی ئازیز، قوتابییانی خۆشەویست:

هیوادارین خۆتان و ئازیزەکانتان تەندرووست و سەلامەت بن و بەردەوام بن لە پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان.

پاش ئەوەی بە ڕێنمایی و ڕێكارە كاریگەرەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پابەندبوون و هاوكاریی هاووڵاتیان، قۆناغێكی سەختی ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا "كۆڤید-١٩"ـمان تێپەڕاند، ئێستا لە میانەی دەرخستنی توانای خۆگونجاندنمان لەگەڵ ڕەوشە جیاوازەكاندا و قۆستنەوەی ئەم قەیرانە بۆ دەرفەتێكی نوێ، زانكۆی سۆران ڕایدەگەنێت كە دەست بە پرۆسەی خوێندن، بۆ تەواوکردنی ساڵی خوێندنی زانکۆیی ٢٠١٩-٢٠٢٠ ، بە شێوازی ئەلیكترۆنی (پاڵپشتكاری)، دەکاتەوە.

ئەم هەنگاوەی زانكۆی سۆران لە مكوڕبوون و خەمخۆرییەوە بۆ پاراستنی چارەنووسی ئەمساڵی خوێندنی قوتابیانمان و بەفیڕۆنەچوونی هەوڵ و كۆششی بێوچانی ستافی ئەكادیمیمان، سەرچاوەی گرتووە. هەروەها پاڵپشتە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان لە ڕێكەوتی ١/٤/٢٠٢٠ لە جەختكردنەوە لە نەفەوتانی خوێندنی ئەمساڵ و دەستەبەربوونی ڕێكارە تەكنیكی و كارگێڕی و یاساییەكان بۆ دەستپێكردنی خوێندن بە شێوازی ئەلیكترۆنیی پاڵپشتیكار. هەروەها جەختكردنەوەی هەمان خاڵ لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێكەوتەكانی ٨/٤/٢٠٢٠ و ١٨/٤/٢٠٢٠.

هەر بۆیە، بە بڕیاری ئەنجومەنی زانكۆ، لە ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ١٩/٤/٢٠٢٠ ـەوە، زانكۆی سۆران دەست بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی زانكۆیی دەكاتەوە.

بەم بۆنەیەوە، بە پێویستی دەزانین كە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕوونبكەینەوە:

یەكەم: ئێمە لە زانكۆی سۆران قەیران بۆ دەرفەت و ئەزموونی نوێ دەقۆزینەوە. زانكۆیەكین سەلماندوومانە زانكۆی كار و كردارین نەك كاردانەوە. بەڵام ئەم بڕیاڕ و هەنگاوەی زانكۆكەمان بڕیارێكی پراگماتیانە و بژاردەیەكە، كه‌ ئەم واقیعە سەپاندوویەتی. لە نێوان سپاردنی چارەنووسی ئەمساڵی خوێندن بە نادیاری و مسۆگەركردنی تەواوكردنی لە ڕێگەی ڕێگەچارەی دیكەوە، بە خوێندنەوەمان بۆ ڕەوشەكە و هەڵسەنگاندنمان بۆ بژاردە كەمەكانی لەمەڕ دەستپێكردنەوەی خوێندن، بەو دەرەنجامە گەیشتووین كە تاقیكردنەوەی ئەزموونێكی نوێ و پەنابردن بۆ خوێندنی پاڵپشت و تەواوكاری بە شێوازی ئەلیكترۆنی، واقیعیانەترین بژاردەیە.

دووەم: خوێندنی ئەلیکترۆنی تەواوکاری ساڵی خوێندنی زانکۆیی ٢٠١٩-٢٠٢٠ ـە و تەنیا ئەو چەند هەفتەیە دەخوێندرێ کە لە ساڵنامەی زانکۆیی بۆ هەر سێ جۆری سیستمی ساڵانە، کۆرسات و بۆڵۆنیا دەستنیشان کراوە. بۆ ئەمەش هەر زانکۆیەک چەند هەفتە بە هۆی پشووی ناچاری کۆرۆنا و وادەی دەستپێکردنی ساڵی خوێندن لە دەست چووبێ، تەنیا ئەو هەفتانە قەرەبوو دەکاتەوە. زانکۆی سۆران یەكەمین زانكۆ بوو كە لە ڕێكەوتی ٢/٩/٢٠١٩ خوێندنی  ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ـی دەستپێكرد. بۆیە لە خوێندنی ساڵانە ٥ هەفتە و کۆرسات ٨ هەفتە و سیستمی بۆڵۆنیا ١٠ هەفتە و كۆرسەكانی خوێندنی باڵا (سیمیستەری دووەم بۆ قوتابیانی ماستەر) خوێندنی ماوە و تەنیا ئەو ماوانە بە شێوەی ئەلیکترۆنی خوێندن دەکرێت.

سێیەم: ئێمە ئەگەرچی لە یەكەم ڕۆژی دامەزراندنی زانكۆی سۆرانەوە مەسەلەی ئەوپەڕی سوودوەرگرتن و گونجان لەگەڵ تەكنۆلۆژیای سەردەمدا، یەكێك بووە لە ستراتیژییەت و بەرنامە نەگۆڕەكانمان و شانبەشان لەگەڵ پێشكەوتنەكانی بواری تەكنۆلۆژیای زانیاریدا خۆمان گونجاندووە، بەڵام بە ئەلیكترۆنیكردنی تەواوەتی پرۆسەی خوێندن لە بژاردە و پلانەكانماندا نەبووە. هیواخوازیشین هەرچی زووترە ڕەوشەكە وەكو جارانی لێبێتەوە و جارێكی دیكە لە كەمپەسی زانكۆدا، کە لە جوگرافیایەکی دڵگیری سۆرانە، پێك شاد بینەوە.

چوارەم: زانکۆی سۆران لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە دەستی بە درووستكردنی کەمپەسی ئەلیکترۆنی خۆی کردووە. لە نۆڤێمبەری ٢٠١٩ بە فەرمی چوینەتە ناو جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە و ئامادەکاری تەکنیکی و ڕاهێنان بە تیمە تەکنیکییەکان و دواتر مامۆستا و قوتابییان دەستیپێکردووە. لەم پشووەدا هەموو مامۆستا و قوتابییان هاتوونەتە ناو پڕۆسەکە و وانەی فێرکاری و پێداچوونەوە بە وانەکان کراوە و ئێستا بە تەواوی بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە ئامادەین.

پێنجەم: چەندین سێرڤەری زۆر بەتوانامان لەژێر دەستە، کە هەریەک لە سێرڤەرەکان دەتوانرێت تواناکانیان بەرزبکرێتەوە بۆ نزیکەی ٩٠٠  GB RAM  و سەرووی ٢٢٠ vCPU. ئەم توانا تەکنیکییە بواری ئەوەی تێدایە بۆ کاتی ئێستا زۆربەی زانکۆکانی عێراق، نەک تەنیا هی هەرێمی کوردستان، لە خۆی بگرێت. پرۆگرام و سۆفتوێری نێودەوڵەتی بەکاردێنین لە جۆری Open Source کە زۆرینەی زانکۆکانی جیهان بەکاریان دێنن، بەڵام بە تایبەمەندی پێداویستییەکانی زانکۆی سۆران دەستکاریکراوە و گۆڕاوە. کارمەندە تەکنیكییەکانی زانکۆش ڕاهێنانی تەواویان پێکراوە و ئەزموون و لێزانیی ئەوتۆیان هەیە، كە بتوانن بە باشترین شێوە لەڕووی تەكنیكییەوە سەركەوتنی پڕۆسەكە مسۆگەر بكەن.

شەشەم: زانكۆی سۆران ئاپی تایبەت بە خۆی درووستكردووە، كە بۆ هەردوو سیستەمی "Android" و "IOS" بەردەستن. قوتابییان بە چەند خولەکێک پەیوەستبوون بە هیڵی ئینتەرنێتەوە، ڕۆژانە سەرجەم وانە دانراوەكان لەو ڕۆژەدا دادەبەزێننە نێو مۆبایل و ئامێرەكانیانەوە، پاشان دەتوانن بە ئۆفلاین كاری لەسەر بكەن.

حەوتەم: ئەو سیستمە لە پلاتفۆرمێكی پێشكەوتوودا ستافی ئەكادیمی و قوتابییان كۆدەكاتەوە. سیستەمەكە بژاردەی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەست قوتابی، بۆ نموونە قوتابییان دەتوانن بەشداریی كۆرسەكان بكەن چ لە ماڵ، شوێنی کار، کتێبخانە، یاخود هەرشوێنێک کە هێلی ئینتەرنێتی بەردەست بێت. ئەگەریش بە هەر هۆکارێک نەیتوانی بەشداری بکات، دواتر وانەکە بە تۆمارکراوی لەسەر پۆرتاڵی زانکۆ سەیر دەکات و ئەگەر هەر پرسیارێکیشی هەبێت، لە بەشی گفتوگۆ لە ناو پۆرتاڵ و لە ژێر وانە تۆمارکراوەکە، بۆ مامۆستای دەنووسێت و وەڵامەکەی پێدەگات.

هەشتەم: ئەم مۆدێلە توانا و کارامەییە تەکنیکی و ئەلیکترۆنییەکانی قوتابی زۆر دەباتە پێشەوە، کە کارامەیی نەرمی ئەو سەردەمەن و قوتابییان لەو مۆدێلەی خوێندن فێری دەبن. هەڵبەت بێگومان ئەمە قوتابییان باشتر ئامادە دەکات بۆ بازاڕی کار و چانسی دۆزینەوەی کاری باشیان زیاتر دەبێ لە دوای دەرچوون، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ کەسێک كه‌ هیچ سەروکارێکی لەگەڵ سیستمی ئەلیکترۆنی نەبێت.

نۆیەم: ڕاستە هەر قوتابییەک خەرجیی ئینتەرنێتی دەکەوێتە سەر، بەڵام کۆمەڵێک خەرجیی دیکەی وەکو هاتوچۆ، کۆپیکردن، مانەوە لە بەشی ناوخۆیی و... هتد، لە سەر لادەچێت. بۆیە ئەم پڕۆسەیە لە ڕووی خەرجییەوە بۆ ئەو ماوەیەی ماوە، تێچووی زۆر کەمترە.

دەیەم: دەرك بەوە دەكەین كە ئه‌زموونكردنی وەها ئەزموونێكی نوێ، بێ كێشە و گرفت نابێت. بەڵام ئەوپەڕی هەوڵدراوە كە ئەزموونە نوێیەكە كەمترین لەمپەری لەبەردەمدا بمێنێت و سەرجەم ئامادەسازییە چڕوپڕەكان ئەو هیوایەیان لا درووستكردووین، كە تاقیكردنەوەی ئەم شێوازە نوێیەی خوێندن دەبێتە ئەزموونێكی چێژبەخش و سەرنجڕاكێش بۆ هەمووان.

لە كۆتاییشدا سوپاس بۆ تێكڕای ستافی زانكۆ، كە به‌رده‌وام و ماندوونه‌ناسانه‌، شەو و ڕۆژ لە كار و هەوڵی بەردەوامدا بوون بۆ ئەوەی زانكۆكەمان یەكەم دامەزراوە بێت ئامادەیی تەواو بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن دەرببڕێت. سوپاس بۆ قوتابییە ئازیزەكانمان، كە بە گەرموگوڕانە بەپیر هەنگاوەكانی زانكۆكەیانەوە هاتن و دەزانن هەرچییەك تیمی زانكۆی سۆران دەیكات، سەرەنجام بۆ خزمەتكردنی زیاتری ئەوان و نەخشاندنی چارەنووسیانە.

ئەنجومەنی زانکۆی سۆران

١٨/٤/٢٠٢٠