پاش ئەوەی زانكۆی سۆران، وەك یەكەمین زانكۆی كوردستان، بەشێوازی ئەلیكترۆنی (پاڵپشتیكار) دەستی بە پڕۆسەی خوێندنی زانكۆی ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ كردەوە، یەكەمین ئەزموونی تاوتوێكردنی تێزەكانی قوتابییانی خوێندنی باڵاش بە شێوازی ئەلیكترۆنی، هەر لە زانكۆی سۆران بەڕێوەچوو.

لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی زانكۆ و پاڵپشت بە ڕێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەم قۆناغەدا تا تەواو ئاساییبوونەوەی دەوامی فەرمیی و دەستپێكردنەوەی خوێندن لە كەمپەسی زانكۆكان، پێویستە سەرجەم پڕۆسەكانی پەیوەندیدار بە خوێندنی ئەمساڵ بە شێوازی ئەلیكترۆنی ئەنجامبدرێن.

لەو میانەیەشدا وێڕای دەستپێكردنەوەی كۆرسەكانی خوێندن لە هەردوو ئاستی خوێندنی بەكالۆریۆس و ماستەر لە ڕێكەوتی ١٩-٤-٢٠٢٠ـەوە، یەكەمین ئەزموونی تاوتوێكردنی تێزەكانی قوتابییانی خوێندنی باڵا بە شێوازی ئۆنڵاین، بە سەركەوتوویی لە زانكۆی سۆران ئەنجامرا.

ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٢/٥/٢٠٢٠، لە ئەزموونێکی نوێ و بە شێوەی ئۆنڵاین تاوتوێی ماستەرنامەیەك و تێزێكی دكتۆرا لە فاكەڵتیی پەروەردەی زانكۆی سۆران، بە سەركەوتوویی ئەنجامدران.

تێزەكانیش بریتی بوون لە:

ماستەرنامەی قوتابی ("مژدە صدیق حمدامین) لە بەشی زانستە گشتییەکانی فاکەڵتیی پەروەردە بە ناونیشانی:

A comparative study of the difficulties of applying cooperative learning method at the scientific laboratories between Soran university and Salahaddin university in lecturers point of view

هەروەها دكتۆرانامەی قوتابی (زمان صالح حسن) لەژێر ناونیشانی "إدارة‌ المعرفة‌ في التسویق الریاضي لدی المنظمات الریاضیة‌ في إقلیم كوردستان العراق"

شایەنی تێبینییە هەر دوو لیژنەی گفتوگۆ بە چڕی و پڕییەکی زانستی تاوتوێی نامەکانیان کرد و قوتابییەکانیش بە باشی بەرگرییان لە نامەکانیان کرد و وەڵامی پرسیار و تێبینییەکانی لیژنەیان دایەوە. گفتوگۆکان لە کەشێکی ئەکادیمی و زانستی بەڕێوەچوون. گفتوگۆی ماستەرنامەکە ٣ کاتژمێر و گفتوگۆی تێزی دکتۆرایەکە زیاتر لە ٦ کاتژمێری خایاند.

چاوەڕێش دەكرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بەهەمان شێواز چەند تێزێكی دیكەی قوتابییانی خوێندنی باڵای زانكۆكەمان تاوتوێ بكرێن.