به‌شداری توێژه‌رێكی زانكۆی سۆران له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی جیهانی  گۆڤاری Nature Medicine سه‌باره‌ت به‌ به‌دخۆراكی

Sajadi

 

له‌ نوێترین چالاكی ئه‌كادیمی خۆیدا، مامۆستای فاكه‌ڵتی زانستی زانكۆی سۆران "پ.د. محه‌ممه‌د سه‌جادی"، كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش وه‌كو یه‌كێك یله‌ سه‌د باشترین توێژه‌رانی دنیا له‌ بواری كیمیا ده‌ستنیشان كرا كه‌ زۆرترین ئاماژه‌پێدانی ئه‌كادیمی هه‌بووه‌، به‌شداریكرد له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی جیهانی گۆڤاری زانستی "Nature Medicine" كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانی، ئه‌نجامدراوه‌.

له‌ وته‌یه‌كدا بۆ راگه‌یاندنی زانكۆی سۆران، پڕۆفیسۆر سه‌جادی سه‌باره‌ت به‌ توێژینه‌وه‌كه‌ كه‌ له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌دخۆراكییه‌ له‌ ئاستی جیهاندا، گوتی: له‌م تویژینه‌وه‌یه‌دا، به‌دخۆراكی كه‌ به‌شێوه‌ی كه‌مبوونی كێش و زیادبوونی كێش پێناسه‌ ده‌كرێ، سه‌رنجی خراوه‌ته‌ سه‌ر. له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یدا، به‌ سه‌رنجدان له‌ شوینه‌ جیاوازه‌كان، زیادبوون و كه‌مبوونی كێشی منداڵانی ژێر پێنج ساڵ له‌ سه‌د و پێنج وڵاتی دنیا(له‌ نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٧) كه‌ له‌ رووی داهاته‌وه‌، كه‌مده‌رامه‌ت یان ده‌رامه‌تێكی مام ناوه‌ندییان هه‌یه‌، سه‌رنجی خراوه‌ته‌ سه‌ر و داتاكانیان كۆكراونه‌ته‌وه و به‌راورد كراون. ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ نیشانده‌ده‌ن، كه‌ به‌دخۆراكی تا ساڵی ٢٠١٧ رووه‌ و دابه‌زین بووه‌ (٦.٤%)، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ل ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن رێكخراوه‌ی ته‌ندرووستی جیهانییه‌وه‌ وه‌كو ئاسایی ده‌ناسرێ(٥%)، له‌سه‌رتره‌.

پڕۆفیسۆر سه‌جادی له‌ درێژه‌دا  گوتی، هه‌ر به‌ گوێره‌ی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ به‌دخۆراكی منداڵانی ژێر پێنج ساڵ، له‌ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌تی وڵاته‌كاندا ده‌بێت، كه‌ له‌ نێوان ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كراوه‌، ئه‌ندۆنیزیا، تایله‌ند، چینی رۆژهه‌ڵات، پوشوانا، كامیرۆن و نایجیریا، سیاسه‌تی نه‌خوازراویان هه‌بووه‌.

دواجار تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌، ئاسۆیه‌كی نوێ بۆ لێكۆڵه‌ران و سیاسه‌تداڕێژان و دامه‌زراوه‌ ته‌ندرووستییه‌كان ده‌خاته‌ به‌رچاو، بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌.

شایه‌نی ئاماژه‌یه‌، پڕۆفیسۆر سه‌جادی له‌ رووی شیكاری داتاكان و ئه‌نجامگیری و پێداچوونه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌، به‌شدارییه‌كی كارای هه‌بووه‌.

پێویسته‌ بگوترێ كه‌ گۆڤاری (Nature Medicine)  یه‌كێك له‌ باوه‌ڕپێكراوترین و به‌ پرستیژترین گۆڤاره‌ زانستییه‌كانی دنیایه‌، كه‌ ئیمپاكت فاكته‌ری (٣٠) یه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ گۆڤاره‌كانی ده‌زگای Nature Publishing Group.  pdf icon30X30