دیداری ساڵانه‌ی زانكۆی سۆران به‌ تیشك خستنه‌سه‌ر كاریگه‌رییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ به‌ڕێوه‌چوو

Sli

 

له‌ رۆژانی سێشه‌ممه‌ تا پێنجشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٢ تا ١٤ی ٥ی ٢٠٢٠، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و چه‌ندین كه‌سایه‌تی سیاسی، ئه‌كادیمی و پسپۆڕی بواری ته‌ندرووستی، دیداری ساڵانه‌ی زانكۆی سۆران به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین به‌ڕێوه‌چوو.

دیداره‌كه‌ كه‌ به‌ ناونیشانی (كوردستان دوای كۆڤید 19: كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی) به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تا به‌ وتاری به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆی سۆران ده‌ستیپێكرد. به‌ڕێزیان له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یاندا، وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان، گوتی " خۆشحاڵین كه ئەم دیدارە لە کاتێک ئەنجام دەدەین، کە کوردستان بە یەکدەستی حکومەت و خەڵکەکەی، توانیویەتی لە تەوژمی یەکەمی ڤایرۆسەکە کەمترین زیانی گیانی لەسەر ئاستی دونیا هەبێت. بەڕێوەچوونی دیدارەکە بە ئۆنلاین هێمای ئەوەیە کە رەنگە تا ماوەیەکی درێژ، وەکو ئەوەی ڕاپۆرتە جیهانییەکانی بواری تەندرووستی باسی دەکەن، پێویستیمان بەوە هەبێ ئەو مۆدێلە نوێیانەی خۆپارێزی، لە دوورکەوتنەوە لە گردبوونەوەی زۆر و باشتر ڕاگرتنی پاکوخاوێنی، بەردەوامی پێبدەین."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یاندا، به‌ڕێزیان گوتی " ئەزموونی کوردستان لە نێو کۆڤید ١٩ زۆر وانەی پێگوتین. ئەو ئەزموونە زیاتر ڕوونیکردەوە، کە پێکەوەکارکردنی حکومەت و خەڵک گرنگە بۆ تێپەڕاندنی هەموو قەیران و کێشەیەک، جا ئاست و قەبارەی کێشەکە هەرچەند بێت. لەسەر ئاستی دونیاش، ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ بیری خستینەوە کە بایەخدانی زیاتر بە توێژینەوە و زانست و زانکۆ و زاناکان و تەرخانکردنی بودجەی زۆر بۆ بواری توێژینەوە و داهێنان، پێویستن."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یاندا، تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی كه‌ له‌ بواری ته‌ندروستی و ئابوورییه‌وه‌، ئه‌م په‌تایه‌ له‌سه‌ر جیهان دایناوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌دا، به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ گوتی " ئه‌زموونی كۆڤید نۆزده‌، جگە لە ترس و مۆتەکە، له‌ هه‌ناوی خۆشیدا هه‌ڵگری په‌یامێكی گرنگ بوو. په‌یامێك، كه‌ پێویسته‌ مرۆڤ سه‌رله‌نوێ، له‌ هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانه‌وه، به‌ كۆی سیسته‌می فكری و کرداری خۆیدا بچێته‌وه‌. هه‌ر له‌ ته‌ندرووستییه‌وه‌ بگره‌ تا ئابووری و خواناسی و سیاسه‌ت و..هتد. هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ وای كردووه‌ كه‌ زۆرێك له‌ خاوه‌ن رایان باس له‌ جیهانی پێش و پاش كۆرۆنا بكه‌ن. كۆڤید 19 پێی نیشانداین پێشكه‌وتنه‌ پزیشكییه‌كان چه‌نده‌ سه‌رسوڕهێنه‌ر بن، ئابووری چه‌نده‌ گه‌شاوه‌ و به‌هێز بێ، سیاسه‌ت چه‌نده‌ سه‌قامگیر بێ و ده‌روونه‌كان چه‌نده‌ جێگیر بن، هێشتا مه‌ترسییه‌كان به‌ ئاستێكی زۆر به‌رز له‌ بۆسه‌دان بۆیان."

له‌ دوا بڕگه‌ی وتاره‌كه‌شدا، به‌ڕێزیان باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بووه‌، زانكۆی سۆران به‌ پێویستی زانیوه‌، ئه‌مساڵ دیداری ساڵانه‌ی خۆی ته‌رخان بكات بۆ شڕۆڤه‌كردنی سێ لایه‌نی دیاریكراوی سیاسی و ئابووری و ته‌ندرووستی، كه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌یان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان هه‌ستپێده‌كرێ. له‌مباره‌وه‌ گوتی " به‌مشێوه‌یه‌ ئێمه‌ ته‌نیا بیر له‌ خۆگونجاندن ناكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ناوی كۆرۆنا و له‌ نزیكترین مه‌وداكانیدا كه‌ هێشتا گه‌رمی مه‌ترسییه‌كه‌ی ماوه‌، هزری داهێنه‌رانه‌ ده‌خه‌ینه‌ كار، تا به‌ لێكدانه‌وه‌ی ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی، ئاسۆیه‌كی روون بخوڵقێنین و، بناغه‌ی ژیانێكی سه‌قامگیرتر و كه‌م گرێ تر له‌ رووی سیاسی، ئابووری، ته‌ندرووستی، ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیی، دابمه‌زرێنین. "

دوای وته‌كه‌ی به‌ڕێزیان پانێلی رۆژی یه‌كه‌م ده‌ستیپێكرد، كه‌ تایبه‌ت كرابوو به‌ كاریگه‌رییه‌ سیاسییه‌كان و، ئه‌م به‌ڕێزانه‌ به‌شداربوون:

١ــ د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، دۆخی ئێستا و دوای كۆرۆنا، چاره‌سه‌ر و ڤاكسین.

٢ــ د. عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ، هه‌ولێر و به‌غدا، ئاسۆی نوێ و كۆمه‌ڵێك ئاڵنگاری نوێ.

٣ــ د. نه‌هرۆ زاگرۆس، جیهانی دوای كۆڤید 19: ئابووری هه‌رێمی كوردستان له‌نێو نه‌خشه‌ ئابووری و رامیارییه‌كاندا.

٤ــ د. زوبێر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د، ئاڵنگارییه‌ نێوخۆییه‌كانی پڕۆسه‌ی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

به‌ڕێوه‌به‌ری پانێل: د. سۆران به‌رزنجی

رۆژی دووه‌می دیداره‌كه‌ش كه‌ ته‌رخانكرابوو بۆ لایه‌نی ئابووری، ئه‌م به‌ڕێزانه‌ تێیدا به‌شداربوون:

١ــ د. محه‌ممه‌د شوكری، پلانی وه‌به‌رهێنان بۆ دۆخی دوای كۆرۆنا.

٢ــ پ.د. هاوڕێ مه‌نسور به‌گ، سیناریۆكانی وای داڕمانی مێژوویی نرۆخی نه‌وت وچاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستان.

٣ــ د. یوسف به‌رزنجی، چۆن كشتوكاڵ سازی بكه‌ین له‌ كوردستان.

٤ــ د. موسا به‌رزنجی، سیستمی ئابووری كوردستان دوای كۆرۆنا.

به‌ڕێوه‌به‌ری پانێل: د. هێمن میرانی

دوایین رۆژی دیداره‌كه‌ش ته‌رخانكرابوو بۆ لایه‌نی ته‌ندرووستی، كه‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ تێیدا به‌شدار بون:

١ــ د. كه‌مال یوسف كۆلۆ، شیكاری داتای بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆڤید 19: دیدگای ناوخۆیی و جیهانی.

٢ــ د. رێبین مه‌حموود زیخانی، ئاماده‌كاری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شه‌پۆلی تری كۆرۆنا.

٣ــ د. عه‌بدولفه‌تاح حه‌مه‌ڕه‌حیم هه‌ورامی: سیسته‌می ته‌ندرووستی به‌ره‌و كوێ دوای كۆرۆنا.

به‌ڕێوه‌به‌ری پانێل: د. هێمن میرانی

پانێله‌كان كاتژمێر ٤:٠٠ی ئێواره‌ به‌ كاتی كوردستان ده‌ستیانپێده‌كرد و ٦:٠٠ی ئێواره‌ كۆتاییان پێده‌هات.

پێویسته‌ بگوترێ كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و ئاره‌زوومه‌ندانی بواره‌ جیاوازه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ دیداره‌كه‌، ئاماده‌ی دیداره‌كه‌ بوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی زانكۆ و هه‌روه‌ها به‌ سپۆنسه‌ری میدیایی كه‌ناڵی رووداو راسته‌وخۆ بڵاوده‌كرایه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی شیاوی ئاماژه‌پێدانه‌ له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ وا بڕیاره‌ كۆمه‌ڵێك راسپاده‌ی هه‌لێنجراو له‌ دیداره‌كه‌ ئاماده‌بكرێن و، به‌ زووترین كات بدرێنه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ رێگه‌ی ئه‌م لینكانه‌ی خواره‌وه‌، ده‌توانن پانێله‌كانی هه‌رسێ رۆژی دیداره‌كه‌ ببینن:

رۆژی یه‌كه‌م:

https://www.youtube.com/watch?v=QZD5gTzunLs&fbclid=IwAR0GCT4mYTaXvFXdHF33CIXmIBXcXiyNbPagpM29yHDM-MIPH3UOyicx4cg

رۆژی دووه‌م:

https://www.youtube.com/watch?v=4Je7BsHQk4k&fbclid=IwAR2a67P3FCMRebwdbkl7WRPO4AapKx6GYqw8c34vrh9W30ZrESRif1W1evI

رۆژی سێیه‌م:

https://www.facebook.com/SoranUniversity/videos/923050824800328/